Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

November 6, 2006



نزیک یه‌ک ملیۆن دانیشتووی هه‌یه‌. زانکۆیه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه‌. نازانم چه‌ند هه‌زار خوێندکاری هه‌یه‌. شار که‌متر بێده‌نگه. شه‌قامه‌کانی زۆربه‌ی کات قه‌ره‌باڵغن‌. بازاری زێرنگه‌ری و کۆنه فرۆشه‌کانی هه‌میشه ئاوه‌دانه. سه‌رای هه‌یه. ده‌وری مه‌یدانه‌که‌ی پڕه له کتێب و ئه‌گه‌ ژن نه‌بی ده‌توانی له په‌نایان چۆک دابده‌ی و کتێبه‌کان دانه دانه چاو لێ بکه‌ی. تاکسی و مینی‌بووسی زۆری هه‌یه‌. تاکسییه‌کانی گران و مینی‌بووسه‌کانی هه‌رزان. یه‌ک ڕێگه و هه‌مان ڕێگه‌ش ئه‌گه‌ بڕۆیی قه‌ت به یه‌ک قه‌یمه‌ت ناتبه‌ن. هه‌ر تاکسییه‌ک و نرخێکت پێ ده‌ڵێت. ئاگات له خۆت نه‌بێ قۆڵت بڕاوه. شۆفیر تاکسییه‌ک گووتی " سه‌یر نییه داده، ئێره وڵاتی قه‌زا و قه‌ده‌ره‌". له ناو مینی‌بووسه‌کان ئه‌وانی له پشت پشته‌وه دانیشتوون پاره‌که ده‌ده‌ن به که‌سی پێشه‌وه و ئه‌وانیش به وانی پێشه‌وه‌تر و بگره تا ده‌گاته‌ ده‌ستی کاکی شۆفیر. هه‌ر که‌س گه‌یشتێ ده‌ڵێ " دابه‌زین هه‌یه!" شه‌قامه‌ی پیسی هه‌یه‌ و هه‌ر شه‌قامه‌ی چه‌ندانه که‌بابخانه‌ی هه‌یه‌. خواردن شله و برنجی هه‌یه‌ و ته‌پسی هه‌یه‌ که من نازانم بۆ هه‌ر پێم ده‌گوت تیپسی، فاسۆلیا و قه‌یسی و بامیه‌شی هه‌یه‌. قۆزی هه‌یه‌، قۆزی پێتان وا نه‌بێت له وشه‌ی "قۆز" ڕا هاتووه و یان پێتان وا نه‌بێ شتێکه له ترشی ده‌که‌ن. قۆزی برنجه و گۆشتی حه‌یوانی له‌ دسه‌ر داندراوه. من هه‌ر نه‌مخوارد و نازانم چ تامه. بازاره‌که‌ی پڕه له شتی ئێرانی. نان و په‌نیر و ماستی ئێرانی هه‌یه، ده‌فته‌ر و که‌شه‌فی ئێرانی هه‌یه‌ و مۆعین و هایده‌شی هه‌یه‌. کوڕیان هه‌یه‌ ده‌ست له قۆڵ یان ناوقه‌دی یه‌کتر ده‌که‌ن و ده‌ڕۆن، کوڕیان هه‌یه‌ په‌نجه له ناو په‌نجه‌ی یه‌کتر ده‌نێن. دوو کوڕم دی دانیشتبوون. یه‌کیان شان وپیلی ئه‌وه‌ی تری ده‌شێلا و ئه‌میان خۆی به قوربانی ده‌ست و په‌نجه‌ی ئه‌ویان ده‌کرد. قژیان هه‌نده‌ی ژێل پێوه‌یه به حه‌وت ته‌نکه ئاو نه‌رم نابێته‌وه. کچیان هه‌یه‌ زۆر به مۆڕه چاوت لێ ده‌که‌ن. من هێشتا نازانم ئه‌وه‌ یان ڕقیان له منه یان ئه‌وه‌ که مۆن بوون بۆ کچ یانی به حه‌یا و شه‌رم بوون. که‌متر کچ ده‌بنی ڕه‌نگ نه‌کرابێت. جا یان قژی یان ڕووخساری. جله‌کان هه‌مووی له یه‌ک ده‌چن. نادی هه‌یه. نادی یانی شوێنی خواردنه‌وه‌. دووکانی بچووک بچووک له ناو بازار هه‌یه "شه‌ربه‌تی حه‌رام" ده‌فرۆشن. ژن نه‌بی، پانزده‌ شانزده‌ سالیشت بێ ده‌توانی لێیان بکڕی.

کتێبخانه‌ی گشتی هه‌یه. خۆیان پێی ده‌ڵین "مه‌کته‌به‌ی عام"، گه‌وره‌یه‌، زۆر نا به‌ڵام. پێش ده‌رگاکه‌ی "حه‌ره‌سی"‌ هه‌یه‌ چه‌ک به‌ ده‌ست چاو له "جانتاکان" ده‌کات. هه‌ر که‌ چوویه ژوور، دوو مێزیان داناوه، لێت ده‌پرسن بۆ کوێ ده‌چی و ده‌بێ موبیله‌که‌ت بکوژێنییه‌وه و له لایان به جێ بهێڵی. لێره هێشتا به ده‌ست ئیش ده‌که‌ن. لیستی کتێبه‌کان به ده‌ست، به خه‌تێکی ناخۆش، له ناو ده‌فته‌رێکی گه‌وره‌دا نووسراوه، پرسیاری بوون و نه‌بوونی هه‌ر کتێبێک بکه‌ی ئه‌و ده‌فته‌ره‌ت له‌ پێش داده‌نێن. له به‌شی کوردی و ئینگلیسییه‌کان هه‌ر بۆت نییه خۆت ده‌ست له کتێبه‌کان بده‌ی. کتێبی باشیان هه‌یه‌. زۆرکتێبی له سه‌ر مێژووی کوردستان، به فارسی لێیه، زۆریان سانسووری حکومه‌تی ئێرانیان پێوه دیاره. ژووری ئنتێرنێت هه‌یه. ژوورێکی زۆر گه‌وره و ڕووناک. کۆمپیوتێری زۆر لێیه. له چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوو هه‌ر جار که من چووم یان خه‌ت نه‌بوو یان کاره‌با. کارمه‌نده‌کانی به‌شی کتێبه فارسییه‌کان تا بڵێی باش و مێهره‌بانن. یان هه‌ر ده‌گه‌ل من وان، نازانم! ئه‌و ڕۆژه دوو ساعه‌ت له لای قه‌فه‌سه‌ی کتێبه‌کان دانیشتم. هه‌ر چی ویستم هێنامه خوار، چاوم لێ کرد و دامناوه. له‌وه‌تی ده‌ستم بۆ نووسینی ڕاپۆرته‌که‌م ناچێت، ڕۆژێ کتێبێک ده‌خوێنمه‌وه. زۆربه‌ی ئه‌و کتێبانه‌ی ناوم بیستبوون و کتێبفرۆشی هه‌رزان به گران ده‌یفرۆشت و من بۆم نه‌ده‌کردرا، لێره هه‌ن و من هه‌ندێکیانم خوێندنه‌وه‌. ئاخرکتێبم "خداحافظ گاری کوپر" بوو. خۆشمویست، زۆر!

پارکی ئازادی، ئه‌زمه‌ر، گۆیژه و سه‌رچناری هه‌یه‌. ئه‌وانه شوێنی سه‌یرانن. پارکی ئازادی گه‌وره‌یه. من سێ جار تێیدا ون بووم. ئه‌زمه‌رم ئێواره دره‌نگانێک که بارانێکی نه‌رم ده‌باری دی، چۆڵ بوو. گوتی کچ و کوڕ بۆ دڵداری ده‌هاتنه ئێره. ئاسایش ده‌یگرتن و دایکوباوکه‌کانی ئاگادار ده‌کرده‌وه. سه‌یر که‌وتبوومه بیری گه‌شتی "ثارالله" و ماره‌کردنی کچ و کوڕان له یه‌کتر. پارکێکی تریش هه‌یه. باخی ناوشاره پێموایه ناوی. په‌یکه‌ری هونه‌رمه‌ند و شاعیره‌کانی ڵێیه. ئه‌گه‌ ژن نه‌بی ده‌توانی له‌ سه‌ر چیمه‌نه‌کانی دانیشی، ده‌رس بخوێنی یان کتێبیک بخوێنییه‌وه یان له سه‌ر پشت ڕاکشێی و سه‌یری هه‌‌وره‌کان بکه‌ی. پالاسی هه‌یه. سوپر مارکێتی مێهراکۆ و زاگرۆسی هه‌یه. "سه‌هۆڵه‌که"ش هه‌یه، با وه‌ک جارانیش نه‌مابێت. بازاری ئورزی و ده‌بۆکێی هه‌یه‌. بازاری ئاڵتونی هه‌یه که هه‌موو شتێکی تێدا په‌یدا ده‌بێ ئالتون نه‌بێ.

ئیتر زۆر شتی تریشی هه‌یه‌. نانی کوردی خڕ و چه‌ند جۆره سه‌مۆنی هه‌یه. که‌وه‌ر و ترۆزی هه‌یه. شوتی سوور و شیرینی هه‌یه. "پاقلاوه‌" و کوبه و شه‌ربه‌تی هه‌ناری هه‌یه‌. پێشمه‌رگه و ئاڵای کوردستانیشی هه‌یه... کوبی نییه. سانای نییه، په‌ری نییه. ڕۆنیای نییه، ئارامی نییه و ... ئاها تا بڵێێ ته‌نیایی بۆ دڵی من هه‌یه!






www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------