Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

April 24, 2008



ده‌ڵێ هێشتا له‌وێی، له‌و وڵاته سارد وسڕه‌ خوا پێ نه‌زانه؟ پێی دەڵێم ئەرێ. هه‌ر لێرەم. بیرده‌که‌مه‌وه ئه‌ی له کوێ بم ئەگە لێرە نەبم! بیردەکەمەوە مەگە چەند جار ده‌توانی داببڕی له‌وێ که پێی دەڵن "ماڵ". مەگە چەند جار دەتوانی هه‌ڵقه‌ندرێی و ڕی له ناو نامۆییه‌کاندا ون که‌ی و خۆت ببینییه‌وه، تازه ئه‌ویش ئەگە خۆت ببینییه‌وه. بیرم ده‌چێته‌وه لای یه‌که‌م ماڵم. ژوورێکی گه‌وره‌م بوو. ژوورێکی گەورەی ڕووت ڕووت. تاقه فه‌رشێکی ناسکی سوورم بوو. له‌بیرمه له سه‌ر پشت ڕاده‌كشام، دەستم دەخسته ژێرسەرم و چاوم لەسەر یەکدادەنا و هه‌وڵم دەدا "نەترسان" فێر بم. هه‌وڵمدەدا دڵه‌کوته‌ی ئەو ترسەی لە بیستنی دەنگی پێی سێبه‌رێک بەرۆکی دەگرتم، له بیرخۆم به‌رمه‌وه. بیردەکەمەوە هەر لەو وڵاتە سارد و سڕ و خوا پێ نەزانە بوو خۆمم ناسی. هەر لێرە بوو وێرام له ویسته‌‌کانم ورد ببمه‌وه. وێرام ئاواتەکانمم خۆشبوێت.

بیردەکەمەوە ئەی لە کوێ بم ئەگە لێرە نەبم! بیردەکەمەوە ئەو له‌تانه‌م که لێرە گەورە بوون، ئەوانه‌ی لێره وێرایان سەر هه‌ڵدەن، وێرام چیدی نه‌یانشارمه‌وه و وێرام حاشایان لێ نه‌که‌م، ئه‌وانن منیان لە سەر پێ ڕاگرتووه تازه بێ ئەوان ناتوانم خۆم بم. بیردەکەمەوە تازه نامەوە خۆم نه‌بم. بیردەکەمەوە هه‌موو شتێک به‌هایه‌کی هه‌یه. بیردەکەمەوە خۆبوون هه‌رزان وەچنگ نایه‌ت، بیردەکەمەوە گیرسانەوە لێره به‌هایه‌که من بۆ خۆبوون، بۆ نه‌ترسان دەیدەم و دڵته‌نگییه‌کانم وه‌ک بوغزێکی نه‌کراوه قووتدەدەمەوە.

ئەرێ هاوڕێم، هێشتا لێره‌م. لەو وڵاتە سارد و سڕه خوا پێ نەزانه‌ی دەگەڵ گەرما و جوانی ژیان ئاشتی کردمه‌وه.







April 21, 2008




A Thousand Splendid Suns
published in May of 2007
By Khaled Hosseini‌

ئاخر لاپه‌ڕه‌کانم که خوێندەوە هه‌ناسه‌م به زه‌حه‌مەت دەگەیشتە بەر. کتێبەکەم که داخست خستمە سەر سنگم و چاوه‌کانم لەسەر یەک دانا و هێشتم فرمێسکەکانم بڕژێنه خوار. .

جێ پەنجه‌ی هه‌موو ئه‌و به‌ڵایانه‌ی له ژێر ناوی دین، سیاسه‌ت، دێمۆکراسی و پێگه‌یشتن به سەرمان هاتووه، ئه‌و خوێنانه‌ی بۆ هیچ و به دەستی "خۆمانه‌ییه‌کان" ڕژاون، ئه‌و خاکه‌ی وێران کراوه‌ و هه‌را و هاواری ئاوەدانکردەوەی قەت به هیچکوێ ناگات، له‌م چیرۆکه‌دا خۆ ده‌نوێنن...

نووسەر بە تواناییه‌کی سەیرەوە دەگەڵ مێژووی سی ساڵه‌ی وڵاتەکەی خۆیت ئاشنا دەکات. به وردی ده‌تگه‌ڕێنێتەوە بۆ دواوه و مێژووی خۆیت له زمانی مرۆڤه ئاساییه‌کانی چیرۆکه‌ی بۆ دەگێڕیتەوە. مێژوویه‌ک که پڕە له وێرانی، له تاڵان، له کوشتن و بڕین. مێژوویه‌ک که ڕێک وەک مێژووی وڵاتی من پڕه له شەرمەزاری. شەرمەزاری له‌ ڕووی ژنان. ئەو ژنانه‌ی وەک منداڵه حەرامزادەکان مۆری له‌عه‌نت له ناوچاوانیان دراوه.

ئەم کتێبه چیرۆکی دونیایه‌کی بێ ڕەحمه.. چیرۆکی شه‌ڕێکی پیسه که په‌ڵه‌یه‌کی هاته هاته‌یه خستۆتە سەر ڕوحی مرۆڤ. ئەم چیرۆکه وه‌بیرت ده‌خاته‌وه فەرق ناکات کچە کوردێکی یه‌زیدی بیت یا ژنه ئه‌فغانێکی خه‌ڵکی هەرات، دۆعا یا بی مرێم، له‌یلا بی یا گیتی یا هەنیسه، له شوێنێک به شێوەیەک چاره‌نووسەکان ڕەنگی یەک ده‌گرنه‌وه. چ ئەو کاتەی ڕەشید چنگێک بەرد ده‌خاتە ناو دەمی مرێم یان ئە دەمەی به‌ردەکان له سەری دۆعا دەدرێن تۆ ژانه‌که ده‌ناسییه‌وه، دانه دانه‌ی ده‌ماره‌کانت پڕ ده‌بن لەو ترسەی سێبه‌ری خستۆته سەر چرکه‌‌کانی ژیانی مرێم.

کتێبه‌که چیرۆکی دۆستایه‌تی و خۆشه‌ویستی ژنانه‌یه. دۆستایه‌تی و خۆشەویستی دوو ژن که هی دوو نه‌سلی جیاوازن، له دوو چینی جیاوازی کۆمه‌ڵایه‌تی و به دوو دونیای فکری جیاوازەوە تووشیان به تووشی یەک دەبێ‌، دوو ژن که سەرەڕایی هه‌موو جیاوازییه‌کان یه‌ک چاره‌نووس و هه‌مان چاره‌نووسیان تووش دەبێت. دۆستایه‌تی و خۆشه‌ویستییه‌ک هێزی هه‌ستانه‌وه‌یان پێ ده‌به‌خشێت و هه‌ردوویان به ئاوات دەگەیێنێت. هه‌رکامیان به شێوەیەک.

****

ئه‌گه تەواوی ئەمساڵ قەرارە تاقە کتێبێک بخوێنییه‌وه، ئه‌م کتێبه له کیس خۆت مەدە!





April 6, 2008



... تا ....

کراس زه‌ردێ كراس زه‌ردێ كراس زه‌ردێم لێ هاڵاوه، ما می‌گیم شاه نمیخوایم نخست وزیرعوض میشه. له‌بیرته ئه‌و شه‌وه، یه‌که‌م شه‌و یه‌کمجار، باران ده‌باری. ئه‌رێ به‌ڕاست‌ ئه‌و ده‌رگایه بۆ نه‌ده‌کراوه. ما می‌گیم خر نمیخوایم پالون خر عوض میشه. ئه‌و قورئانه بتگرێ هێنات لێکت کرده‌وه. نه شاه میخوایم نه شاپور لعنت به هرچی مزدور. سێ جارت ده‌ست پێدادا بۆ مزگه‌وتت برده‌وه. بایه قۆشی پیر دێت و جارجارێک ده‌خوێنێ له سه‌ر کۆنه دیوارێک. ئێستا ئیتر له بیرم نایه له ڕوانینتدا خۆم دیته‌وه‌ دوایی له باوه‌شدا ون بووم یان که‌وتمه ناو باوه‌شت و ئه‌وسا خۆم دیته‌وه. بهاران خجسته باد. من بریا ت کریا. زیر بار ستم نمی‌کنم زندگی تا که بر هم زنم سلطنت پهلوی. پێنج به‌رده. خمینی بت شکن بت شده‌ای خود شکن. دایه. هوا دلپذیر شد گل از خاک بردمید. بیست و پێنج ساڵ زیندانی مام غه‌نی قاره‌مانی. به‌رزی به‌رزی به‌رزی شه‌مامه‌م سه‌ر له‌رزی. هر چی ما میریم بیشتر بیشتر من دوست دارم بیشتر بیشتر. حه‌مه‌. ماهی سیاه كوچولو. هه‌رچی بوو له تۆڕا ده‌ستی پێ‌ کرد. ساقیا واباده‌وه وا باده‌وه ڕوو له لای من که به جامی باده‌وه. بیرم كردووی. ماموستا وه‌کوو جاران ده‌ڵێ‌ به خوێنده‌واران دیسان ڕۆژی شه‌ممه‌یه. دووی ڕێبه‌ندان. شپیله. من ئه‌و قه‌رزه‌ت لێ هه‌ڵده‌گرمه‌وه. همه به جرم مستی. ئه‌و کۆترانه ده‌خوێنن؟‌ یه‌چقاڵ. خوایه وه‌ته‌ن ئاوا که‌ی چه‌ند دڵگیر و شیرینه. به كوردی خۆشه‌ویستی ناكرێت. گیان یانی چی. به ته‌قله دێمه خوارێ. له‌یله‌كه‌ی بێ مه‌یله‌كه‌م. كه‌ماڵ. چوارڕێی ئازادی. پرشه‌نگ. دۆڵی كه‌رۆشكه. خدایا عاشقان را غم مده شكرانه‌اش با من. ڕادیو كویت. نسرین. ترانه‌های درخواستی. ئه‌فسوون. مامۆستا. احساس سه‌‌رشۆڕی نكنید. سیاوه‌ش. سنه. ئه‌سرین. له‌یلۆم. قژ كاڵی لێو ئاڵ. كه‌ره‌مته‌ر. ته‌له‌ڤیزیونی موله‌وه‌ن. له گوڵه زه‌ردان وه‌سه‌ر كه‌وتم. بیرت ده‌كه‌م. لیلا گل گلخونه لیلا می میخونه عاشق مثه من داری لیلا چی رو کم داری. شاشا. فریشته. آبا. ته‌ورێز. به‌همه‌ن. مهرآ‌باد. خانم شما انگلیسی بلدید میشه لطفن بهش بگید به من به نوشابه بده. بفر. ماریوو. ئابسولووت ڤۆدکا چل ده‌رسه‌د. چه‌ند دڵۆپه‌ خوێن. دوو لاپه‌ره "به کودکی که هرگز زاده نشد". آقا حمید چرا شما کرم دارید ما نداریم. گیانه‌که‌م. بیره‌ی کارلس به‌ری. ده‌زانی ئه‌وه بوو به هه‌زار ساڵ نه‌مدیووی. سانڕایز. تاکۆس ...

نا ئه‌وانه هه‌مووی بۆ ئه‌وه‌یه تا له‌بیرم بچێته‌وه که هیچم له بیر نه‌چۆته‌وه. .

ژانه سه‌ر، تا ، بێ‌ خه‌وی ....






www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------