Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

October 31, 2008




یەکێتی ژنان ئا یا نا؟!

*******

ئایا بەڕاستی پرسیار ئەوەیە؟ دەبێ ‌مەبەست لە دانانی یەکێتی ژنان چی بێت؟ بڵێی بناغەی یەکێتییەکی ئاوا لە سەر چی ساغ بێتەوە؟ بڵێی یەکێتی ژنان وڵامدەرەوەی کام پێویستییەکانی ژنان بێت؟‌ ئەرێ ئەی چۆنە قەت بیر لە دانانی یەکێتی پیاوان ناکەینەوە؟ یانی پیاوان بەڕاستی پێیانوایە "هەموو شتێکیان تەواوە"؟ یانی قەت بە بیریاندا نایەت سەرچاوەی بەشێک لەو "نەگبەتییانەی داوێنی ژن دەگرێتەوە" پیاوانن؟ چۆنە سەرەڕای ئەوەش ژنه دەبێ‌ یەکێتی خۆی هەبێت؟ یانی پیاوەکان پێویستیان بە گۆڕانکاری و بەخۆداچوونەوە و زۆرتر زانین و "ئاگاداربوونەوە" نییه؟

*****

وەرن بیر بکەینەوە هەندێ دابی دونیا گۆڕدراوە وهەندێ شت لە سەر "جێی خۆیان" نەماون. ئاوا کە هەر چی مۆری "ژنانەی" لێدراوه پیاو دەیکەن و بە پێچەوانە! وەرن بیربکەینەوە پەمەیی ڕەنگێکی پیاوانەیە و شین تا خوا حەز دەکات ژنانەیە! وەرن بیر بکەینەوە پیاوان، هەر بە عەقلییەتی ئەمڕۆیان، دوو و سێ سێ و چوارچوار دەچنە ناو دوکانی زێرفرۆشی یان بە ئیشتا باسی ئاخر مودەی جل و بەرگ دەکەن و هەروا کە نینۆکیان سوور دەکەن غەیبەتی پیاوە هاوسێکەیان دەکەن. لەولاشەوە ژنان، دیارە ئەوانیش بە عەقلییەتی ئەمڕۆیان، لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە و باسی سیاسەت و فەلسەفە و شەڕ و حیزب و حکومەتەکانی دونیا دەکەن. پێتان وایە چی ڕوودەدات؟ لە ناکاو دەبینین زێر وئاڵتون و جل وبەرگ و ڕەنگی نینۆک هەمووی باسی گرنگن و باسی سیاسەت و فەلسەفە و شەڕ و حیزب و حکومەت هیچ ماناییەکی نییه و "ئیشی ژنانەیه" و بێ‌گومان چونکە پەمەیی ڕەنگی پیاوانە، ژن بۆ سەلماندنی بەهێزبوونی خۆی ڕەنگی پەمەیی لە بەر دەکات!

ڕاستی ئەوەیە گرنگ قەت ناوەڕۆکی باسەکان نەبووه. گرنگ هەمیشە ئەوەیە "کێ" باسەکە بەڕێوە دەبات. قسە هەمیشە لە سەر ئەوە بووە کە پێوانەکان پیاوان دایانڕشتووه و ئەوەی ئەوان بیکەن گرنگه و ئەوەی ژن بیکات "ژنانەیە". گرنگ ئەوەیە پیاوان دەزانن چۆن "شتەکان" گرنگ نیشان بدەن. دەڵێی نا گوێ بۆ پیاوێک ڕابگره کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پڵاوێکی جوانی سازکردووە، یان جارێکی گۆشتێکی خۆشی برژاندووە یان پاش نیمەڕۆیەک ئاگای لە منداڵەکەی خۆی بووە، هەر خۆی نا کە ژنەکەشی وای باس دەکات وەک بڵێی تەیارەی سازکردبێت. کەچی کە ژنێک لە هەمان یەک پاش نیمەڕۆدا خۆشترین پڵاوی دونیا سازبکات و جوانترین گۆشتیش ببرژێنێت و حەوت منداڵیش ڕابگرێت نە ژنەکە خۆی و نە پیاوەکە کەس بە شاخ و باڵیدا هەڵناڵێت.

قەت لە خۆمان پرسیوە بۆ دەبێ باسی شەڕ و سیاسەت گرنگتر بێ لە باسی جل و بەرگ و شێعر و مۆسیقا؟ قەت لە خۆمان پرسیوە کێ ئەو بڕیارەی داوه؟ ‌ ئێمەی ژن خۆمان باوەڕمان کردووە باسی شەڕ و سیاسەت و حیزبایەتی گرنگتره لە باسی خۆشەویستی و جوانی و سروشت و مۆسیقا یان هەر باسێکی تر کە مۆری ژنانە بوونی لێدراوه. ئێمە خۆمان باوەڕمان کردووە پیاوێک منداڵداری بکات "نموونەیە". ئێمەی ژن تەنانەت ڕوانگەیەکی "پیاوانە"مان لە سەر خۆمان هەیە. پێوانەی "باشی و خراپی" ژن لە لایان ژنانیش‌ تەنانەت هەمان پێوانەیە کە پیاو لە سەر ژنی هەیە.

مەبەست؟

هەزار لێژنە و یەکێتی ژنانیش هەبێت ئەگە عەقلییەتەکە هەمان بێت کە هەیە چی بە چی دەکەین؟ هەزار لێژنە و یەکێتی ژنانیش هەبێت کە ڕوانگەکە لە سەر ژن و ژنایەتی و ژنانە بوونی شتەکان نەگۆڕدرێت، بە کوێ دەگەین؟ کە ڕوانگەی ژن لە سەر خۆی نەگۆڕدرێت کە تێڕوانینی پیاو لە سەر ژن و ژن لە سەر ژن نەگۆڕدرێت، لێژنە یا یەکێتی ژنان، چ تاجێکمان لە سەر دەدات؟ هەزار یەکێتی ژنانیش هەبێت کە ئەندامەکانی هەمان عەقلییەتی "پیاوسالاریان" هەبێت ئایا هیچ شتێک دەگۆڕرێت؟

***

بۆ منی ژن پرسیار قەت بوون یا نەبوونی یەکێتی ژنان نەبووه و نییه. بۆشاییەکە بۆ من قەت بە بوونی لێژنه یا یەکێتی ژنان پڕنابێتەوە کاتێ دەزانم و دەزانین بیرەکانمان بریندارن.

بریندار؟ ببوورن، مەبەستم نەخۆش بوو!






October 25, 2008



پاش نیمەڕۆی ڕۆژێکی جوانی پاییزی. لیوانیک چایی تازەدەم لە دەست، هەوایەکی کەمێک ساردی پڕ لە زەرد و نارەنجی هەڵدەمژم و دەگەڵ تەنیاییەکانی ئەوڕۆژانەم خۆشەویستی دەکەم. سەرم پڕە دەنگ و ‌بێدەنگییەکی سەیر بەرۆکی گرتووم. بیردەکەمەوە ئەو ڕۆژانەش تێدەپەڕن و ڕێک ‌تێپەڕبوونی ڕۆژەکان پڕم دەکات لە تاسە. بیردەکەمەوە دوایی پانزدە ساڵ هەر خووم بە دوورییەکان نەگرت و پێنج هەفتە بەس بوو ئاوێتەی بوونی ببمەوە. بیردەکەمەوە هەموو ئەو ڕۆژانەی دێن و تێدەپەڕن نەبوونەکان لە خۆیاندا دووپات دەکەنەوە. دیسان! جارنا بیر لە سەبوورییەکانی ڕوحم دەکەمەوە و بیردەکەمەوە بەرگەی چەند ساڵی دی نەبوون و نەگەیشتن و نەدیتن دەگرێت؟

ئیشتیای هەنار دەکەم و هەزار بیری یاقوتی یەکجێ سەر هەڵدەدەن. هەنار یانی شەوی یەڵدا لە ماڵەکەی حاجی عەلیدا. هەنار یانی کاسەیەکی گەورەی ڕەش پڕ لە هەناری دانکراو و پریشکی سووری سەر سەروسینگی من و پەخشان و قاقای پێکەنینمان. هەنار یانی کۆڕی یەک کەسەی شەوی لە دایکبوونی من. هەنار یانی شێتایەتی کوڕیک من لە ژێر باران ماچم کرد. کوڕە شێتەکە، ده‌زانی، هەر ئێستا بە بیرمدا هات کە ئیتر هه‌زار هه‌زار هه‌ناریش مه‌ودای نێوان من و تۆ پڕ ناکەنەوە. چ دووری! بیرده‌كه‌مه‌وه مه‌ودای من و تۆ چه‌ند دڵه و بیر له دڵته‌‌نگییه‌كانی دوای تۆ ده‌كه‌مه‌وه كه له هه‌زار هه‌زار دڵیشدا هه‌ر جێگه‌یان نەدەبووە. گەورە بووم؟

پاش نیمەڕۆی ڕۆژێکی جوانی پاییزی. فەلسەفە، کوردایەتی، بوون یان نەبوون، پرسیارە قورسەکان، هەموو بۆ دوایی. دوایی کە چاوبکەمەوە، چیرۆکی نەبوون، نەهاتن و نەدیتن دەگەڵ ‌چرکەکان دووپات دەبنەوە. دوایی کە چاوبکەمەوە تۆ هەروا دووری و دەنگەکان لە بێدەنگییەکی خۆڵەمێشیدا هەر نوقم دەبن. پرسیارەکانیش لەسەر جێی خۆیانن. دڵتەنگییەکانیش! ئێستا بەڵام دڵم کەمێک ژیانی دەوێت. ئێستا و لێرە! کەمێک ڕەنگ. خشەی گەڵاوەریوەکان. بایەکی کەمێک سارد. لیوانێک چایی تازەدەم. دەنگی جوان حاجو.

ئێستا ئەوەم بەسە.






October 5, 2008

پەیوەندی ژن و مێردایەتی پەیوەندێکی پیرۆزه ... همممم، که‌شک!

ئێوارە بوو، پێکەوە شان بە شان دەرۆیشتین. دەستی گرتم و توند توند لە ئامێزی دا گوشیمی! بە پێکەنینەوە گوتی "وا مەبە، ژن دەبێ ‌زەریف بێت!" "ژن دەبێ زەریف بێ" بوو بە کوتک و لە سەرم درا. چرکەیەک بەس بوو وێنەی ڕۆخسارە ڕەش و شین هه‌ڵگەراوەکان و دەم و ددانە خوێناوییەکانم بێتەوە بیر و تەزی ئێشێک هه‌نگاوم پێ‌شل کات. پرسیم "فەلسەفەی ئەوەی ژن دەبێ‌زەریف بێت، چییه؟ لە کوێرا هاتووه، کێ دیاری کردووه؟ "بە پێکەنینەوە گوتی "ژنیان ژن گوتووه و پیاویش پیاوە ئیتر. سروشتی ژن ناسکه!" پرسیم "کێ قەدری ناسک و زەریف بوونی ژن دەزانێ جا؟"، بە سەیرەوە چاوی لێکردم. دەڵێم هەر ئەو ژنه زەریفانه نین لێیان دەدرێت و شل وکوت دەکرێن؟ هەر ئەو ژنە زەریفانه نین شەپ شەپێنیان پێ دەکردرێت؟ هەر ئەو ژنە زەریفانه نین لوت و گوێ و سەریان دەبردرێت؟ بەردی بێتۆن بە سەریان دادەن؟ هەر ئەو ژنه زەریفانه نین درۆیەک بە ناوی بەهەشتیان خستوونە بەر پێ و هیچ مافێکیان بە سەر منداڵەکانیانەوە نییه؟ هەر ئەو زەریفانە نین بە نیوه مرۆڤ حیسابن و چەپ و ڕاست تەڵاق دەدرێن و قەت مافی تەڵاقیان نییه؟‌ هەر ئەو ژنە زەریفانە نین ژنیان بە سەر دێت؟ ...

ئەمڕۆ دیسان قسەم دەگەڵ کرد. ئەو ژنە زەریفە گرێی گریان لە قورگدا گوتی دوو شەوە لێدان و کوتانە لە ماڵمان. گوتی دەم و ددانی کچەکەمی پڕکردووە لە خوێن. گوتی بە نیوە شەو حوکمی کردووە خۆم و منداڵەکان لە ماڵ دەرکەوین. گوتی دەگەڵ چوار وەکیل قسەم کردووە، داوای یارمەتیم کردووە، گوتوویانه "خانم منداڵی بێ باب ژیانی وێرانه. تەحەموول بکە، دانیشه!" گوتی ئەگە هیچ ڕێگەیەکم بۆ نەمێنێ یا ئه‌و ده‌کوژم یان خۆم ...



ئەوە پەیوەندی ژن ومێردایەتییه کە گۆیا پەیوەندێکی پیرۆزه!






www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------