Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

April 24, 2009

ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار بیرم کردەوە بۆ مردنی تۆ کەس هیچ پرسەیەکی دانەنا. بیرم لەوە دەکردەوە کە چۆن بووی بە وێنەیەکی بێ ڕۆحی سەر دیواری ژوورێکی چۆڵ. بووی بە ناوێک جارنا سوێندیان پێ دەخواردی. دایکت تا ئەو ڕۆژەی ما بە هیوای گەرانەوەت بوو. قەت نەمزانی هەستی کردبوو نەماوی و بێدەنگ تواوە و بەو خەمەوە سەری ناوە یا چی دی بەرگەی چاوەڕێ مانەوەتی نەگرت. تا ئەو مابوو کەس تۆ و مردنی لە یەک گرێ نەدا. ئەویش کە ڕۆیی من ئیتر گەورە ببووم، بیرەوەرییەکانم لە تۆ کاڵ ‌ببوونەوە. من گەورە بووم و تۆ هەر چاردە ساڵ مایەوە. شەڕ تەواو بوو، ساڵەکانی دوای شەر تاڵن. وەک بڵێی تازە وێران بوونی شارەکەت دەبینی، وەک بڵێی تازە هەست بە ژانی برینەکانی ڕۆح و زەینت دەکەی، وەک ئەوەیە خەونێکی تاڵی ترسناکت دەم بە دەم وەبیر بێتەوە. شەڕ تەواو ببوو، تۆ نەمابووی و هەموو کەس تامەزرۆی ژیان بوو. کەس باسی مردنی نەدەکرد. پەلەمان بوو بۆ ژیان. بۆ هەست بە بوون کردن کە نەمانکرد، نەیانهێشت. من گەورە بووم. بیروەرییەکانی سەردەمی منداڵیم کاڵ و کاڵتر دەبوونەوە. ئەو بیرەوەرییانەی پڕ بوون لە بۆنی باڕووت و گرمەی خۆمپارە و ڕەنگی ڕەش و ... پەلەم بوو ئەو شتانە لەبیر خۆم بەرمەوە، لە کۆڵ ‌خۆمیان کەمەوە. تۆ بەڵام هەر چاردە ساڵانه‌ مایەوە. تێکەڵی بیرەوەرییەکانی ئە سەردەمەم نوقم بووی، ون بووی. کەچی ئەمڕۆ دوای ئەو هەموو ساڵە کە ناوم هێنای دامە پڕمەی گریان، وەک بڵێی هەر ئەو کات بوو هەواڵی مردنتم بیستبێت، وەک بڵێی ئەوفرمێسکانەی هەموو ئەو ساڵانە نەڕژابوون، نەمهێشتبوو بڕژێن ڕژانە سەر گۆنام. بیرم دەکردەوە خەمی مردنت چ لاسارە، سەری بۆ حاشام دانەخستووه، دەستی لە کۆڵ‌ نەکردوومەوە، خۆیم وەبیردەخاتەوە. حەقی خۆتە نا، دەبا لە گۆشەیەکی کەس پەنەزانی دڵیشم بایە پرسەیەکی یەک کەسیم بۆ دانابای. نەدەبا هەموو ئەو ساڵانە خۆمم لێ گێژکردبای. دەبا جۆرێک دەگەڵ مردنت ئاشتت ببامەوە! دەبا جۆرێک فێر ببام ئەوەندە لێت توڕە نەبام. هەر خۆم و خوداکان دەزانین چەندەت لێ توڕەم. ‌توڕە لە وەی بە ڕۆیشتنت هەموو شتێکت تێکدا. هەر جارەی دەنگی گریانی دایکت دەهات، هەر جارەی پارانەوەکانی بەری بەیانی خەوی لە چاوم دەزڕاند ئاخ ئەودەمانە چەندە حەزم دەکرد بتبینمەوە و بە قەت هەموو توڕەییەکانم بە سەردا بقیژێنم. نازانم، دڵتەنگی و تاسە و توڕەیی تێکەڵ ‌بوون. لەوانەیە! ئاخر لە منداڵێک که‌ هه‌ر له‌ هه‌شت نۆ دە ساڵییه‌وه‌ بیری باوەشی دایکی دەکات و دایکی شین بۆ کوڕە بێ سەر و شوێنەکەی دەگێرێت و هۆشی ئەوی نییە چ چاوەڕوانییەکت دەتوانێ هەبێت؟

جوانە مەرگ بووی کەماڵ، جوانە مەرگ! چاردە ساڵ کەم بوو بۆ ژیان!‌ چاردە ساڵ بەشی چی دەکات ئاخر؟ ‌بەشی زۆری ئەو تەمەنە کەمە ڵە شەڕ و هەڵا و تاڵان و کوشت و بڕدا چوو. کوا دەرفەت بۆ ژیان؟ دەڵێن خاک فەرامۆشی دێنێت و قەت نەمزانی لە کام بستە خاکدا ناشتراوی، زانیبام دەهاتم تەم و تاسەی قووت دراوی هەموو ئەو ساڵانەم لە گۆشەیەک لە پەنات چاڵ دەکرد و لە کۆڵ خۆمم دەکردەوە.

دەزانی نامەوێ چی دی حاشا لە مردنت بکەم نامەوێ ئیتر هیچ لە بیر خۆم بەرمەوە. دەمەوێ یادی کەماڵی چاردە ساڵە توند توند لە باوەش بگرم تێر تێر بۆی بگریم. با ئەوە پرسەی تۆ بێت دەمەوێ هەموو بیروەرییەکانی سەردەمی منداڵیم کە بۆنی تۆیان لێدێت وەبیر خۆم بێنمەوە و دەمەوەێ پڕ بە دەم ناوت بێنم، دەمەوێ لە بیرەوەرییەکانمدا زیندووت کەمەوە، شەوانی وەسەت وەسەتێن و حەوت بەردە، ئەو شەوانی بەرق نەبوو و ئاژیری سوور زوو زوو لێ دەدرا و تۆ دەترسای بۆ میزکردن بچی دەرێ و من دەگەڵت دەهاتم، شەڕەکانمان، مێشێن و پێنج بەردەی شەوانی بۆمباران، حەزەکەت کە ناوی لەیلا بوو، نەقاشییەکانت کە من دەمکێشانەوە، سەربان چوونەکانمان، تۆ دەگەڵ ‌بوو کە پشیلەکەی ئامین خانمان لە داو خست تۆڵەی ئەوەی جووجکەکانمانی خواردبوو لێ بکەینەوە؟ ئەو جارەی لە سەردەشت هاتبوویەوە گوێزی سەوزت دەگەڵ خۆت هێنابوو، وێنەکەی دەفتەرچەی بیمەکەی خۆتت لە بیرە؟ قژیان سەقەت کردبووی، لار بوو؟‌ ئەگە بزانی چەندە من ئەو وێنەیەتم خۆش دەوێت.

با ئەوە پرسەی تۆ بێت، هەر ئەو شەو. هەر ئەو شەو تۆ تابەیانی لە مندا بژی، من لە تۆدا دەمرم. بەڵام پێت دەڵێم، دوایی خۆمم دەوێتەوە. نامەوێ بتوێمەوە. دەمەوێ دوای ئەمشەو دەگەڵ ‌مردنت ئاشت ببمەوە. دەمەوێ یادی کەماڵی چاردە ساڵە لە گۆشەیەکی دڵ و زه‌ینمدا ڕاگرم. دەمەوێ تۆم وەک کوڕیکی چاردە ساڵەی ڕەش ئەسمەری خوێن شیرینی ترسەنۆکی قسە خۆشی سەر شێتی منداڵیم وەبیر بێتەوە. دەمەوێ بە قەت هەموو دڵتەنگییەکانم، توڕەییەکانم، تاسەکانم، تەنیاییەکانم لە باوەشت بگرم و شینی نەمانت بگێرم و دەمەوەێ هەر جارەی بیرت لێدەکەمەوە بزەیەک بە یادی ئەو بیرەوەرییە کەمانەی پێکەوە هەمانە بێتە سەر لێوم.





April 18, 2009


Keep Dreaming, It Makes The World a Better Place






April 17, 2009

دڵتەنگترین ئێوارەی هەینییە. لە سووچی سۆفاکەم خۆم گرمۆڵە کردووە و چاو لە فیلمێکی کۆن دەکەم و بیردەکەمەوە خۆزگە ژنە جوانەکەی چیرۆکی ئەم فیلمە هەمان ژنە جوانە لەشفرۆشە یاغییە سەرکەشە تەنیاکە بمێنێتەوە بە جێی ئەوەی مێرد بە قارەمانی پیاوی چیرۆکەکە بکات و ببێتە ژنێکی " نەجیبی بێ ئاواتی دەستەمۆی ژیکەڵانەی بەختەوەر"...






April 14, 2009



هەر تێپەر نابن تا ببن بە ڕابردووم ...





April 13, 2009



! The Crazy World of Religion
+
+


Religion is bullshit
+






April 11, 2009



نازانم ئەو هەستەی چرکە چرکەی ئەو ڕۆژانەی منی داگیرکردووه هەستی سەرشێتانەی سەربەخۆییە یا تەنیایی؟‌





April 8, 2009

کاک ناسری سینا دەگەڵ کەژال ئیسماعیل وتوێژ دەکات. کاک ناسر داوا لە کەژال خان دەکات خۆی بناسێنێت. ئەویش بێ‌گومان دەڵێ ناوی چییه و لە کوێ لە دایک بووه و چی لە کوێ‌خوێندووه و لە کەیەوە نووسینی دەست پێ‌کردووە. کاک ناسر زۆر لە سەرە خۆ دەڵێ: "دیارە لە خانمەکانیش نابێ بپرسین تەمەنیان چەندە، وایە؟!" کەژاڵ خان دەست دەکات بە پێکەنین، قوڵ و بە دڵ! فارس گوتەنی نخودی! دوایش لە سەرەخۆ و بە دڵنیاییەوە دەڵێ "‌بەڵێ وایە!" ...

باشە کاک ناسر بۆ وا "کلیشەیی" دەجووڵێیەوە. چی دەبێ‌ ژن بە "کۆڕ و کۆمەڵ" چاو لێ نەکەیی و لە چوارخانەی "مەڕوماڵات" بینهێنییە دەر. چی دەبێ ‌ئەگە لە کەژاڵ ‌خان بپرسی "کەژاڵ خانم دەتوانم "لە تۆ" بپرسم تەمەنت چەندە؟" بێ‌ئەوەی هەموو خانم و خاتوونەکان بخەیە ڕیزێک و یەک ڕەنگیان بە سەردا بپڕژێنی. چی دەبێ ژن وەک تاک چاو لێ بکەیی و وەک تاک وتووێژیان دەگەڵ ‌بکەیی! چی دەبێ کەژاڵ خان تەنیا نوێنەری خۆی بێت و بەس. حەزی کرد با بڵێت تەمەنی چەندە حەزی نەکرد با باسی نەکات. کاک ناسر هیچکام لەم پیاوانەی تۆ دەیانناسی گرفتیان دەگەڵ تەمەنیان نییە؟ بەڕاست؟



کاک ناسر!!!






April 5, 2009



دڵی پڕە. دەنگی پڕە لە گریان. خۆ من چاوەکانی نابینم بەڵام دڵنیام فرمێسکەکانی گۆنای تەڕکردوون. دەڵێ "ژنی لای ئێمە هەموومان نەخۆشین. عەقڵمان نەخۆشە. نە هیچ لە خۆمان دەزانین و لە هیچ لە ساڵانی ژیانمان فێردەبین"، دەڵێ "عەقڵمان، هەستمان و تێگەیشتنمان عەیبدارە. سەقەتە..." دەڵێ ساڵی یەکەمی ژیانیش، دوای یەکەم منداڵیش دەمزانی ئەو ژیانە ژیانێکی نەخۆشە. دەڵێ منداڵی دووهەم و سێهەمم بۆچی بوو؟ باسی هاوڕێکان و خزم و کەسەکانی خۆی دەکات. هەموو چارەنووسێکی هاوبەشیان هەیە. باسی ژنێکی گەنج دەکات حەوت ساڵ هەرچێ دەکرا کردی تا منداڵی بێت و ئێستاش مێردەکەی نە تەڵاقی دەدات نە بابه بۆ منداڵەکەیان و نە ئەوەندە پیاوە پیاوەتی بکات نەهێڵێ ئەم کچە منداڵه برسایەتی بکێشێ‌. دەڵێ ئەوه چیرۆکی ژیانی هەموومانه... دەڵێ " ئەقڵمان نەخۆشە ... " دەڵێ "بەخێر برا بوو، دوای سێ چوار ساڵ هات بۆ سەردانم، هەموو چیرۆکی ژیانمی دەزانی، لە دوورەوە هەڵا و گوڕە گوڕی دانابووە کە دێم "ئاگر لەم باوەحیزه بەر ئەدەم" کەچی هەر شەوی یەکەم بە دوو شیشە ئارەق خاو بووە و هەموو هەرشە وگوڕەشەکانی لە بیر کرد. گوتی گەراوە گوتی " تۆ ژنێکی زماندرێژی. پیاو خوادی سەر ئەرزە و ژن نابێ قسە لە سەر قسەی پیاو بکاتەوە!"

بیردەکەمەوە لە ناو مێشکی زۆربەی هەرە زۆری پیاوەکان "تاڵەبانێک" دەژی. لە ناو ناخی زۆربەی هەرە زۆری پیاوەکان تاڵەبانێکی بچووک دەسەڵاتی بە دەستەوەیە و پچە و ڕووبەند بە سەر هەست و مەیلی مرۆڤانەی ژن دا دەکێشێت. من دەترسم! من لە بوونی ئەو هەموو تاڵەبانە نادیارانەی دەسەڵاتیان بە دەستەوە دەترسم. حکومەت، یاسا و داب و نەریت و هەلسووکەوتی باوی ناو کۆمەڵگە هەموو ئاوێنەی باوەڕ و بۆچوونی زۆرینەی خەڵکن. من لەم باوەڕە بۆگەنیوەی ڕیشەی لە ناخی ژن وپیاوی ئێمەدا داکووتاوە دەترسم. باوەڕێکی بۆگەنیو کە تەنانەت سنوورەکانیش دادەبەزێنێت و وڵاتە و وڵات دەگەڵیان دێت، هەر ئەو باوەڕە بۆگەنیوەی فادیمە و پێڵا و هێشوو و سارا و ... جوانەمەرگ دەکات!

قسەکانی لە گوێما دەزینگێتەوە. دڵم دەتەزێ! بیردەکەمەوە بۆ ئەو تاڵەبانە بچووکانە پێیانوایە "سەلاح ‌و چاکەی ژن" باشتر دەزانن؟ بیردەکەمەوە بۆ هەموو تاڵەبانە بچووکە دەمارگرژە نەزانانە پێیانوایە دەتوانن دەنگی ژن ببڕنەوە؟ ژن بێدەنگ بکەن؟ من لە بیرکردنەوە لەو ژنانەی لە تەنیاییەکانی خۆیاندا بێدەنگ کراون و زیندوو زیندوو دەتوێنەوە دەترسم. بۆ ئەو ژنانەی هەموو ڕۆژێ کەمێک دەمرن، کەمێک دەکوژرێن، هەموو ڕۆژێ کەرامەتی ئینسانییان دەخرێتە ژێر پێ دەترسم.

دەنگی پڕە لە گریان. دڵنیام گۆنای تەڕە. دەڵێ‌ خۆ هیچم نەدەویست، هیچم ناوێت یەک تۆز ئارامی نەبێت. دەڵێ‌ یەک تۆز حەسانەوە، نەترسان، نەشکانەوە، سووکاتەی پێ‌نەکڕان و ڕێز ... داواکارییەکی زۆرە؟

نازانم چی پێ‌بڵێم. نازانم هانی بدەم شەڕ بکات یا تەنیا گوێ ‌بۆ چیرۆکی برینە چڵککراوەکانی ڕاگرم. نازانم بڵێـم بڕۆ یا بمێنەوە. دەزانم دەمەوێ لەوێ ‌بم و لە باوەشی بگرم، دەمەوێ‌ لەوێ ‌بم و سەری بخەمە سەر سنگم و لێی بگەرێم بە قەد هەموو خەمەکانی، هەموو تەنیاییەکانی بگری، دەمەوێ لەوێ بم و هەموو ژانەکانی لێ بدزم. لەوێ ‌نیم، نازانم دەبێ ‌چی پێ ‌بڵێم، دەترسم! لە تاڵەبانەکانی شارەکەی دەترسم. لە پیاوە ناحاڵییەکانی شارەکەی دەترسم. دەترسم بۆ تەنیاییەکانی ژنانی ئەو شارەی هیچی بۆ ڕۆڵەکانی پێ‌نییە. ئەو شارەی ژنەکانی هەژارن، بریندارن، تەنیان، ئەو شارەی ژن بوون ‌تێیدا عەیبە، بڤەیە.

من شەڕم ناوێ. من شەڕخواز نیم. بەڵام ئەگە شەڕم پێ‌بفرۆشن دەبێ‌چی بکەم؟

من کەسم بۆ ناگۆڕدرێت. خۆم دەگۆڕم. خۆم دەگۆڕدڕیم و لە پڕ لە بەر چاویان دەبم بە ژنێکی "ڕووداماڵدڕاوی زماندرێژی بێ‌حەیای بێ‌ شەرمی خۆ لێ‌گۆڕدراو!!"‌ من کەسم بۆ ناگۆڕدرێت ڕاستە، ئەوەش دەزانم کە یاسا و عەقلییەتە کە دەبێ ‌بگۆڕدرێ، بیردەکەمەوە بەڵام تا ئەو کات چەند ژنی دی زیندوو زیندوو ئاگر لە خۆیان بەردەدەن؟ تا ئەو کات چەن مرۆڤی دی هەموو ڕوژێ‌ مردن تەجرەبە دەکەن؟ تا ئەو کات چەن ئەقلی نەخۆشی تر سەر هەڵدەدات و جێ خۆش دەکات و "دەست دەوەشێنێت"؟‌ تا ئەو کات چەند تاڵەبانی دی لە ناخەکاندا بە پلەی خودایەتی دەگەن و کوشتن و سەربڕێن و سەقەت کردن و بەستنەوەی ژنەکان دەکەن بە یاسا؟

نا، من شەڕم ناوێ. من شەڕم ناوێ. من قەت شەڕخواز نەبووم. بەڵام ...






April 3, 2009



ئەوەندە لە مێژبوو ڕۆژەکان سارد و تاریک و خۆڵەمێشی بوون لە بیرم کردبوو داوێنی ئەو بستە ئاسمانەی لێم دیارە دەتوانێ ئەو هەموو جوان بێ‌. شێتی دەمەو ئێوارانی ئەو ڕۆژانەم کە داوێنی ئاسمان دەم بە دەم ڕەنگ دەگۆڕێ، باران دڵۆپ دڵۆپ بە شووشەی پەنجەرەی ژوورەکەمدا شوڕدەبێتەوە و تەپ و تۆزی خۆڵەمێشی ڕۆژە سارد و تاریکەکانم لە بیردەباتەوە!








www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------