Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

October 30, 2009

مانگی ئوکتوبر تەواو بوو، دۆینێ شەوێ گاڵای ساڵانە بەڕێوە چوو و نیزیک پەنجا میلیۆن کرۆن پارە کۆکراوە که‌ ته‌رخان ده‌کرێ بۆ لێ کۆڵینەوە لە سەر سەرەتانی مەمک، هۆیەکانی پێکهاتنی و شێوەی پێش لێ گرتن و دەرمان کردنی. بە پێی ئامار، ساڵانە هەزار وپێنسەد ژن لە سۆئێد به‌ هۆی سەرەتانی مەمک دەمرن، ئەوە یانی ڕۆژانە چوار ژن. بیر بکەوە لە وڵاتەکانی تر کە هەڵومەرجی ژیانی ژنان زۆر زۆر خراپترە دەبێ ئاماری مەرگ و میری ژنان بە هۆی سەرەتانی مەمک زیاتر بێ.

وەک ژن دەزانم تەنانەت بیرکردنەوە لەوەی کە تووشی سەرەتانی مەمک بی ترسێکی زۆر سەیر و قوڵ دەخاتە دڵەوە، ئەوەش دەزانم هەر ئەو ترسە وا دەکات خۆمانی بە تەواوی لێ ‌گێل بکەین. بریا خۆ گێل کردن بە مانای تووش نەبوون بایە، خۆزگە هەر بیر لێ‌ نەکردنەوە دەیپارێستین، بەڵام بەداخەوە وا نییە. کەم نین ئەو ژنانەی لە تەمەنی بیست و چەند ساڵی تووش بوون، ئەوە یانی سەرەتانی مەمک دەتوانێ بەرۆکی هەر کام لە ئێمە بگرێ، گەنج بین یا بە تەمەن، ساخ بین یا نەخۆش، کەسی تر لە خزم و کەسمان تووش بووبێ یا نا، گرنگ نییە، دەتوانێ‌ ڕوو بدات. با خۆمانی زۆر لێ گێل نەکەین. کەمترین کارێک کە لە دەستمان دێ ئەوەیە لەشی خۆمان بناسین.

ئەو فیلمە بە زمانێکی ئاسان باس دەکات چی بکەین.














بۆ په‌ری، به‌ یادی نیوه‌شه‌وی شێعری دووکه‌سیمان





October 28, 2009

خانم خاس،

نامەکەت دەخوێنمەوە و دەکەومەوە بیری پاش نیوەڕۆیەکی گەرم لە یونان کە لە ژێر سێبەری فێنکی دارلیمۆیەکی چڕوپڕ دا دانیشتبووم و چاوم لە سەر یەک دانابوو و هەموو گیانم پڕببوو لە بۆنی لیمۆی تازە، کە ڕۆیشتم چەند دانە گەڵای سەوزی وردم لێ کردەوە و خستمە ناو لەپی دەستم و ئارام ئارام لە شەقامەکانی شاردا خوولامەوە، شەوەکەی لە سەر باڵکۆنی ژوورەکەم ڕوو لە دەریا دانیشتبووم، کتێبی "جان شیفتە"م بۆ جاری نازانم چەندم دەخوێندەوە و سەرپەنجەکانم بۆنی لیمۆی تازەیان لێ دەهات ...

گوڵم، نامەکەت دەخوێنمەوە و بزەیەکی کاڵ دەخوشێتە گۆشەی لێوم و هەستێکی خۆش لە ناو دڵما دەگەڕێ، بریا دەمتوانی گەرم لە باوەشت بگرم و پیرۆزبایی گەڕانی گڕی ژیانی دەروونت لێ‌ بکەم. دوورین بەڵام و لێرەوە تەنیا وشەم هەیە بۆ قسەکردن و خواکان دەزانن ئەو وشە کەم و کاڵانە قەت ناتوانن بۆت بگێرنەوە چەندە خۆشحاڵم بۆت. دوایی هەر هەوڵ دەدەم تۆ بێنمە بەر چاو و هەر لیمۆیەکی بچووک دەبینم و دیسان بزەم دێتە سەر لێو و بیر دەکەمەوە ئەو هەستەی لە خوێندنەوەی نامەکەت لە دڵما سەری هەڵدا بە شێوەیەکی سەیر گرێ درایە ئەو هەستەی سێبەری پڕ لە ڕەنگ و بۆنی دارلیمۆیەک لە پاش نیوەرۆیەکی گەرم نوقمی خۆیی کردبووم...

باوەڕدەکەم نە گووارە کە لەمەودوا لیمۆ تۆم دەخاتەوە بیر و وا دەکات بیرت بکەم... زۆرترت بیر بکەم!

لە بیرتدا هەم!






October 27, 2009

هەر کراسێک، بلوزێکم پێ نیشان دەدات ئیراد لە ڕەنگەکەی دەگرم و هەردووکمان دەزانین ئیرادەکە لە ڕەنگەکان نییە کە ئەوە شتێکە ڕیشەی داکووتاوە لە ناخی مندا کە چۆن پانزدە بیست ساڵی یەکەمی ژیانم لە قۆنداغێکی ڕەشدا پێچرابوومەوە و تەنانەت ڕووحیشم لە هەر چی تین و تیشک و گەرما و گڕ بوو بێ‌بەش بوو ... ڕەنگە دزراوەکان، ڕۆژە بێ ڕەنگەکان ...

درەنگ یا زوو دەبێ دەگەڵ ڕەنگەکان ئاشت ببمەوە!






ژنایەتی نیوەچڵ ....





October 26, 2009

ڕەنگە ئەگە من، من نەبام دەمتوانی ئێستا پیاڵەی شەرابم لە پێش بایە و بە حوکمی تامی تاڵی، تۆزی ئەو دڵتەنگییەم سڕیباوە. ڕەنگە ئەگە من، من نەبام دەمتوانی ئێستا لێ بگەرێم مەستی هۆشی لە سەر ڕفاندبام و من کەمێک بەرزتر لە هەورەکان ڕوانیبامە دونیای سەیر و سەمەری مرۆڤەکان و قاقا بە ڕیشی مرۆڤ و خواکان و شەیتان پێکەنیبام. ڕەنگە ئەگە من، من نەبام دەمتوانی ئێستا دەگەڵ پارچە مۆسیقایەکی جلفی کوچەبازاری، بە شێتانە ترین سەمای شەوی مەستیم، هێزم لە لەش و گیاندا بڕیبا. ڕەنگە ئەگە من، من نەبام دەمتوانی ئێستا مەست مەست، لە سەر پشت ڕاکشابام، دەستم خستبایە ژێر سەرم و سەیری ئەو ئاسمانە ڕووت و قووتەم کردبا و هەزار هەزار ئەستێرەم دیبا!

...

من بەڵام منم و شەراب و مەستی و مۆسیقای جلفی کوچەبازاری ڕێک ئەوشۆ هیچیان لە دەست نایە. بۆ دڵێکی وەک دڵی من کە ئەوشۆ پڕه لە هەستێکی دڵتەنگی غەریب یان هەستێکی غەریبی دڵتەنگ ڕێک ئەمشەو بێدەنگی حوکمی شەراب و مەستی و سەمای شێتانەی هەیە. بێدەنگییەک کە پڕە لە جوابەجەنگی دەگەل هەزار دەنگی ناو سەرم یا دمە خێچکە کردن دەگەڵ ‌ژنەکانی دەروونم کە ڕێک ئەوشۆ هەموویان لە ڕووم هەستاونەتەوە و منیش، لاسار لاسار، بە خۆم دەڵێـم بێدەنگی جوانترین ڕووداوی ژیانە، بیر دەکەمەوە دڵتەنگی ناخۆشترین ڕوودای ژیانە .... بیر دەکەمەوە ئەو بێدەنگییە دڵتەنگە، ئەو دڵتەنگییە پڕ لە بێدەنگییەی ئەوشۆ جوانترین ڕوودای ناخۆشی ژیانە!!!






October 22, 2009

بیردەکەمەوە شار ئەو کات دەتوانێ شاری تۆ بێ کە بتوانی شەقامەکانی گەز کەی و کەلێن و قوژبنەکانی بیرەوەرییەکت وەبیر بهێننەوە. بیر دەکەمەوە شار ئەو کات دەتوانێ‌ شاری تۆ بێ کەسێکی لێ بێ‌ تۆ بتوانی قۆڵ لە قۆڵ، شان بە شانی، شەقامەکانی دەگەڵ‌ گەز کەی و جێ پێی بیرەوەرییەک لە خۆتان بە جێ بهێڵن. بیر دەکەمەوە شار ئەو کات دەتوانێ شاری تۆ بێ کە تۆ ئێوارەیەکی تەر وەک ئەمڕۆ بە شەقامێکی چۆلدا تێپەڕ بی و خشە خشی گەڵاکانی ژێر پێت و بۆنی پایز و نەرمە بارانەکەی، بیرێکی کۆنی لەبیر کراوت بۆ زیندوو کاتەوە و بزەت بخاتە سەر لێو!

بە خۆم دەڵێم لەیـــلا ئەو شارە بۆت بە شاری تۆ و بزەم دێتە سەر لێو!





October 21, 2009

ناسینی ئەو کەسانەی خۆشمان دەوێن یانی تێگەیشتن لە تەنیاییەکانیان!





October 19, 2009


برسد به‌ دست گیرنده‌


گەیشتوومەتەوە ماڵێ، سەرمایەکی سەیر تەواوی گیانمی داگیر کردووە. لە گۆشەی ڕاستی سۆفاکەم دانیشتووم، مۆمەکانم داگیرساندووە، دەنگی تی‌ڤی وەک زۆربەی کات گیراوەتەوە، ژوورەکەم بێدەنگە و سەرم پڕە لە هەزار دەنگ. فرمێسکەکانی ئەمڕۆی تۆم دێتەوە بەر چاو. هەر لە خۆم دەپرسم دەبایە چیم کردبا؟ چیم لە دەست دەهات؟‌ سەرت ئەگە لە سەر سنگی بێ‌قەراری من دابنێی ‌قەرار دەگری؟ ئارام دەبییەوە؟ نابییەوە، دەزانم. ئامێزی ئەو ڕۆژانەی من جێی حەسانەوە نییە. دەزانی، سەیر ئەوە بوو فرمێسکەکانتم دەناسییەوە، سەیره، نا؟‌ ئەوەی ئەمڕۆ ژانی خستبوو ناختەوە هەمان برینە کۆنەکەی ڕوحی منە. باسی مەوداکان دەکەم، کە چۆن و کەی مرۆڤەکان لە یەک دوور دەبنەوە، تێدەگەی؟‌ هاوڕێم لە من دەپرسی دووری، دوور بوون بە شار و وڵات نییە، دووری بە هەزار هەزار فەرسەخ ڕێگەی ‌نێوانمان نییە. مەوداکان لە یەکەم بێدەنگی نێوانی دوو کەس سەر هەڵدەدەن، مەوداکان لە یەکەم شاردنەوە و حەشاردان دا گەورە دەبن و گیان دەگرن. لە من دەپرسی نامۆیی ئاوا لە دایک دەبێ، ئاوا کە شتەکان، ڕاستی ڕووداوەکان حەشار دەدرێن، یان بە درۆی بچووک بچووک و ڕەنگاوڕەنگ دەڕازێندرێنەوە، ئاوا کە بەشی تۆ لە وان لە بیر دەچێتەوە ... دوایی گومان و دوودڵی دێ ... لە من دەپرسی نامۆیی ئاوا لە دایک دەبێ!

گوڵم، بریا توانیبام شتێک بڵێم ئارامت کاتەوە، ناتوانم و لەو هەموو نەتوانینەی خۆم شەرمەزارم. دەتوانم بەڵام وەبیرت بێنمەوە دەبێ بەرگە بگری! دەبێ خۆت لە نێوان فرمێسکەکانی ئەمڕۆ و پێکەنینەکانی کەمێک دواتر دا دابەش بکەی. دەبێ ڕۆژێ‌ هەزار جار وەبیر خۆت بێنیەوە "ئەوە کۆتایی نییە! ژیان بەردەوامە!"‌ دەبێ لە بیرت بێ‌ ئەو شتانەت قەت لە بیر نەچێ!

ڕەنگە ئەوە باشترین ڕێگە نەبێ، ئێستا بەڵام تەنیا ڕێگەیە: نامۆییەکە لە دایک بووه دەبێ بیکەین بە بەشێک لە ژیانی خۆمان! ژانەکەی کەمتر نابێتەوە بەڵام لانی کەم دەزانی ئەو ئێشەی تاڵ تاڵ‌ داگیرت دەکات لە کوێرا هاتووە!

من لێرەم، هەر کات ویستت!






October 17, 2009

دڵەکووتە هەیە، سڕبوون هەیە، بێدەنگی هەیە، دڵتەنگی هەیە، فرمێسک هەیە، پێکەنین هەیە. چاو کە لێ دەکەی وەک بڵێی هەموو شت لە سەر شۆێنی خۆی بێ وایە کەچی قسەیەک نەماوە بۆ گوتن. قەت بیرت لێ ‌کردۆتەوە، ماوەیەک هەین، دەژین، عاشق دەبین، تەنیایی دەچێژین، هیوا و بێ هیوایی تەجرەبە دەکەین، پڕ دەبین لە شادی، بێزار دەبین ... کە چی وەک بڵێی هەموو ڕێگەکان وەک یەک کۆتاییان پێ دێ و قسەیەک نامێنێ بۆ گوتن! هیچ شتێک ئیتر تامێکی تایبەت بە خۆی نییە، هیچ شتێک مانایەکی تایبەت بە خۆی نییە، شتەکان لە یەکدا دووپات دەبنەوە، هەر شتەی شتێکی ترت وەبیر دەخاتەوە. هەر کەس دێتە سەر ڕێت یەکی ترت دەخاتەوە بیر و پڕت دەکات لە خۆزگەی بوونی کەسێکی تر!

دڵ خوو بە بێ قەراڕییەکانی خۆی دەکات و لە بێ قەرارییەکانیدا ئارام دەبێتەوە و قەرار و بێ قەراری وەک یەک بێ‌مانا دەبنەوە!

‌کەسەکان و شتەکان دەبن، بوون بە ئاوێنەی کەسەکان و شتەکانی تر. وەک بڵێێ هیچ شتێک قەت لە کیس ناچێ، هیچ شتێک قەت وەچنگ نایە. شتەکان هەن و بوونیان لە کەسەکان و ڕوانینەکان و ڕووداوەکاندا دووپات و چەند پات دەبنەوە و تۆ دڵتەنگیان نابی. تۆ دڵتەنگ نابی و بیر دەکەیەوە "دەبێتەوە!"‌

بیر دەکەمەوە چ لە خۆڕا ژیانم سەخت گرتبوو!





October 11, 2009

زنان آذرمهر به یاری "اتحادیه خانواده فعالین دربند کرد" و "سازمان ضد ژینوساید کرد چاک" و ...... به منظور ارج نهادن به مادران و زنان زندانیان , کمپینی را جهت دفاع از فعالین سیاسی محکوم به اعدام راه اندازی می کند.

ریشه کن کردن حکم اعدام و آزادی فعالین سیاسی , یکی از اصلی ترین اهداف کمپین است و تا رسیدن به این اهداف , کمپین به فعالیت خود ادامه خواهد داد.


اسامی فعالین کرد محکوم به اعدام به شرح زیر است:

1.زینب جلالیان
2.احسان فتاحیان
3.حبیب لطیفی
4.شیرکو معارفی
5.رمضان احمد
6.فرهاد چالش
7.رستم ارکیا
8.فصیح یاسمنی
9.رشید آخ کندی
10.علی حیدریان
11.فرهاد وکیلی
12.حسین خزری
13.فرزاد کمانگر











منداڵ ‌بوون لێرە و منداڵ ‌بوون لەوێ ...

بەیانی ڕۆژی یەکشەممەیە. لیوانێک چایی و دوو بابۆڵە نان و پەنیر لە سەر مێزەکەیە، گوێم بۆ هەواڵەکانی کاناڵی چوار ڕاگرتووە و لاپ تاپەکەم لە سەر ڕانمە و لینک و هەواڵە‌کانی سەر فێس بووک و وبلاگەکان و بی‌بی‌سی و ... دەخوێنمەوە. کاناڵی چوار باسی کتێبێکی تازە دەکات بۆ میرمنداڵان و گەنجەکان، باسی "ئێتیکێت"، لە بەر چاوڕاگرتنی داب و ڕێسای نانخواردن لە ماڵ ‌و میوانییە گەورەکان، چۆن جوولانەوە دەگەڵ هاوڕێ و مامۆستاکان لە مەدرەسە و ... کتێبێک کە ژنێک لە تەمەنی دایەگەورەیەکی نە زۆر پیر نووسیوێتی و کچ و کوڕێکی دە دوازدە ساڵەش وەک میوانی بەرنامە دەگەڵ ‌نووسەری کتێبەکە دانیشتوون و بۆچوونی خۆیان لە سەر کتێبەکە باس دەکەن...

هاوکات هەواڵی لە داردرانی بهنود دەخوێنمەوە. میرمنداڵێک کە لە تەمەنی پانزدە ساڵی دەگەڵ چەند منداڵی دی تووشی شەڕ دەبێ‌ و منداڵێكی تر بە ناوی احسان بریندار دەکات کە دواتر دەمرێت. بهنود لە تەمەنی پانزدە سالییەوە لە زندان دایە و ئەمڕۆ بەیانی لە تەمەنی نۆزدە ساڵی لە دار درا.... حوکمەکە بە پێی یاسای " قەساس" درابوو. لێ‌خۆشبوونی دایکوباوکی ئەو منداڵەی کوژراوە دەیتوانی حوکمەکە بگۆڕێ... دایکی احسان بەڵام لە بهنود خۆش نابێ. دایکی احسان خۆی چوارپایەکەی ژێر پێی بهنود لادەدا و کۆتایی بە ژیانی بهنود دەدات! .... چ یاسایەکی بۆگەنیو! یاسایەک کە مرۆڤ فێری دڵرەقی دەکات، مرۆڤ فێری ڕق دەکات، کە لە تاکەکەسەکانی، تەنانەت لە دایکێکی جەرگ سووتاو مرۆڤکوژ ساز دەکات. چ یاسایەکی بۆگەنیو!

ئەوانەی ڕۆژێ هەزار جار دەمرن:

1

2

3

بی‌بی‌سی





October 8, 2009



October 4, 2009







بی‌حرمتی به ساحت خوبان قشنگ نیست
باور کنید پاسخ آیینه سنگ نیست
سوگند می‌خورم به مرام پرندگان
در عرف ما سزای پریدن تفنگ نیست
در کارگاه رنگرزان دیار ما
رنگی برای پوشش آثار ننگ نیست
از بردگی مقام بلالی گرفته‌اند
در مکتبی که عزت انسان به رنگ نیست
دارد بهار می‌گذرد با شتاب عمر
فکری کنید که فرصت پلکی درنگ نیست
وقتی که عاشقانه بنوشی پیاله را
فرقی میان طعم شراب و شرنگ نیست
تنها یکی به قله‌ی تاریخ می‌رسد
هر مرد پاشکسته که تیمور لنگ نیست

شعر از محمد سلمانی








شێتخانه‌ 3:







October 2, 2009



شێتخانه‌ 2:

حۆرییەکە هاوار دەکات خودا بتگرێ لۆ ئەو مێردەی من ئاوا لێ دەکەی!!!







شێتخانه‌ 1:

مەلا عەلی دەڵێ دەرمانی هەموو دەردێک هەنگوین و ڕشکە و هەشت ساعەت گوێ لە قورئان ڕاگرتنە ...



:))




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------