July 1, 2002
له بیرمه زه‌مانی خۆی! ده‌فته‌رێكم هه‌بوو به خه‌تێكی مناڵانه له سه‌ریا نووسیبووم" بیره‌وه‌رییه‌كانم"، ئه‌م ده‌فته‌ره‌م ئاگاداری هه‌موو نه‌هێنییه‌كانی ژیانم بوو... هه‌رچی له دڵما بایا، شاباڵی كۆتری هه‌ر خه‌یاڵێ سێبه‌ری خستبایه كۆڵانی زه‌ینم ، په‌نجه‌ی هه‌ستێ ئه‌گه به‌ندی دڵمی لهراندبایه، هه‌مووم ده‌كردن به وشه و لاپه‌ره‌كانی ئه‌م ده‌فته‌ره‌م پێ ده‌ڕازاندنه‌وه... زۆری پێ نه‌چوو زانیم دبێ ئه‌م ده‌فته‌ره‌م له حه‌وت كونان دا بشارمه‌وه... ده‌بێ هه‌ر جۆرێكی بێت پێش به ئاشكرا بوونی بیر و هه‌ست و خه‌یاڵم بگرم... ده‌بێ سه‌ری خه‌ونه‌كانم ببرم و سێداره‌یه‌ك بۆ ویستهكانم دامه‌زرێنم... سه‌یر نه‌بوو، كچ بووم و كچیش بۆی نییه له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ ده‌سته ملان بێت و خه‌ونی دڵداری ببینێت و هه‌ستی ببزوێ ... بێت و له‌م دیارده‌یه لاده‌ی نه‌ك هه‌ر ده‌ر و جیران و به‌قاڵ و به‌زازی گه‌ره‌ك، كه دار و دیواری شار لێت وه‌زمان دێن و قسه‌ت پێ ده‌ڵێن... خۆ گرینگ نییه، چی له كوێ، چۆن و كێی ڕووی داوه... تاوانبار هه‌میشه هه‌ر كچ بۆت ... ئه‌وه‌ش كه به تاوان حیسابه، هیچ نه‌بووه و نییه غه‌یری هه‌ست و ویستی ئاسایی هه‌ر مرۆڤێك... واته، ویستن، هه‌ست پێ كردن، خاوه‌ن خه‌ون و خه‌یاڵ بوون، خۆشویستن !!! هه‌میشه هه‌ر ترساوین... ترساندوویانین. له‌گه‌ڵ ئه‌م ترسه ڕاهاتووین... سێبه‌ری خۆشمان لێمان به‌ڵایه... له هه‌ست و بیر و خه‌یاڵی خۆمان شه‌رمه‌زارین... كه‌چی خهتایهكمان نه‌كردووه كه شه‌رمه‌زار بین.... ئێستاش ، من، لێره دانیشتووم و باسی هه‌ستی خۆمتان بۆ ده‌نووسم... نه شه‌رمه‌زارم، نهدهترسم... جا نازانم ئه‌و نهترسانهم هین ئازایه‌تی خۆمه یان ئه‌وه‌یه كه كه‌س نازانێ ئه‌وه منم كه ئه‌و شتانه ده‌نووسم، یان...؟ |