August 29, 2002
به‌رێز كۆڵكه زێرینه : هه‌ر ئینسانێك به پێی تێگه‌یشتن و پێگه‌یشتنی خۆی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی هه‌یه بۆ ژیان. ڕوانگه‌كانی و ههڵسهنگاندهكانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر وه‌ی كه شته‌كان چۆن ده‌بینێت و چۆنی بۆ خۆی لێكده‌داته‌وه . من خۆم وه‌ك تاكه كه‌س باوه‌رم وایه هه‌ر جۆره ئاڵ و گۆڕێك له هه‌ر بوارێكی ژیاندا، دهستپێكردهكهی ده‌بێ خودی ئینسان بێت . تا مرۆڤ خۆی ئاڵ و گۆری به سه‌ر دانه‌یه‌ت، ناشتوانێ شوێن له سه‌ر كۆمه‌ڵگاكه‌ی دا‌نێت. باسی" قانوونی كردنی له‌ش فرۆشی" ، له لایان هه‌ندێك جه‌ماوه‌ر، باسی گوناح بار بوونی ژن خۆی، له چۆنیایه‌تی ژیانیدا، نه‌بوو و نییه. ڕاسته، ژن خۆی زۆری كه‌متر خه‌می كردووه و ده‌یكات. ژن هێشتاش دیلی كۆت و زنجیری ئه‌و داب و نه‌ریتانه‌یه خۆی په‌سه‌ندی نه‌كردووه . ژن هێشتاش به پێی یاسا و ڕێسایه‌ك ده‌ژیت كه خۆی قه‌بووڵی نییه و به دژ مافه ڕه‌واكانی خۆی ده‌زانێت. هێشتاش ژن هه‌ن كه ئه‌و هه‌موو زه‌خت و زۆرییه‌ی به دژ ژنان هه‌یه ، به بێ ده‌نگی لێی ده‌گوزه‌رێن و به شتێكی ئاسایی ده‌زان و له ژێر ناوی " چاره نووس" و " قسمه‌ت و نه‌سیب" سه‌ری بۆ داده‌خه‌ن... ئه‌وانه هه‌مووی ڕاسته و ده‌بێ قسه‌ی له سه‌ر بكردرێت و شی بكردرێته‌وه . به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه له ژێر ناوی "پێشكه‌وتوو خواز" بوون و "شۆرشگێری" خه‌باتی ژنان هه‌وڵ بدرێت بێ لێكۆڵینه‌وه له گرفتێك ، چاره‌ی بۆ بدۆزنه‌وه ، چاو نووقاندن له ڕاستییه‌كان و خۆ فریو دانه! ئه‌گه رۆژێ باس له سه‌ر كه‌متر خه‌می خودی ژنان بۆ ڕزگار بوونیان كرا، ده‌توانین به وردی قسه‌ی له سه‌ر بكه‌ین ! |