October 14, 2002
شه‌و بوو! شه‌وه ! له ناو پێخه‌فێكی سارد ، ده‌سته‌مالانی بێ خه‌ویم ! باوه‌شم پڕی خه‌یاڵێكی وه‌نه‌وشه‌ییه و بێده‌نگیم پڕی تاسه‌ی ئاوازێكی ئاشنا ... نه باران ده‌بارێت ، نه ده‌نگی پێی ڕێبواره مه‌سته‌كان شووشه‌ی شه‌و ده‌چڕژێنێت . نه سه‌مای خه‌ماوی گه‌ڵا زه‌رد و سووره‌كان له داوێنی داره ڕووته‌ڵه‌كانی پێش په‌نجه‌ره‌كه‌م له ته‌نیاییم كه‌م ده‌كاته‌وه! چاوه‌ڕێم و چاوه‌رێ نیم . چاوه‌ڕێی هاتنێكی دووباره‌تم و ده‌شزانم سێبه‌رت نه‌بێت ، تازه خۆت قه‌ت پێ نانێیته ماڵی چۆڵم . چاوه‌ڕێ نیم بێیت و بمێنییه‌وه ، به‌ڵام نازانم بۆ ، دڵنیام دێیت و چیرۆكێكی تازه‌م بۆ ده‌گێریته‌وه ... ته‌نیا چیرۆكێكی تازه. شه‌و بوو ! شه‌وه! دیسان هێندێ یادی كۆن و تۆزاوی كۆڵانی زه‌ینمیان كردۆت به گۆره‌پانێك بۆ شه‌ری خۆیان. شه‌و بوو ! شه‌وه ! ده‌نگی پێ دێت! هه‌ڵده‌ستیم، تا پێش په‌نجه‌ره‌ی ڕه‌ش ده‌چم! تۆ دیار نیت، منیش! چاو له ئاوێنه‌ی شه‌و ده‌كه‌م، سێبه‌رێكی نامۆ دێته پێش چاوم. بووه تا ئێستا بڕوانی ئاوێنه و خۆت نه‌بینی ؟؟ لێی ورد ده‌بمه‌وه، سێبه‌ری من نییه.... هین تۆش ! كوا هه‌ناسه‌یه‌كی گه‌رم تا قژی ته‌زیوی داره‌كان خاو كاته‌وه، كوا ده‌ستێك، تا داوێنی ته‌ڕی تریفه‌ی مانگه شه‌و كۆ كاته‌وه، كوا دڵێك تا له ژێر باران، تژی تاسه‌ی ئامێزێ بێته‌وه ؟؟ .... باران ده‌بارێ . ملوانكه‌ی شینی خه‌یاڵم پچكراوه. سه‌ر په‌نجه ته‌ڕه‌كانم قژی سه‌وزی بیرت شانه ده‌كه‌ن . قژت پڕه له بۆنی باران. مه‌ستم ؟؟ ئه‌ی بۆ شته‌كان له بیر ناكه‌م؟ ئه‌ی بۆ كۆتری خه‌یاڵ له شه‌قه‌ی باڵی نادات؟ بۆ من هه‌ر وه‌ك خۆمم؟ شه‌و بوو ! شه‌وه ! من سه‌ر ده‌كه‌مه سه‌ر باسی بێ خه‌وی و خه‌یاڵی تۆ لێوی وشكم ماچ ده‌كات ! ده‌ست ده‌كه‌م به ژماردنی ئه‌ستێره‌كانی ئاسمانی ده‌وه شار، كه له شه‌وه‌وێكی هاوین له ژیانێكی پێشوو دا، ده‌بێت بۆیان چووبمه ژوان! شه‌و بوو ! شه‌وه ! من مه‌ستی خه‌وم و خه‌و له چاوی من زیز! نه یادی ئه‌ستێره‌كان ، نه ماچی تۆ، نه بێ ده‌نگی شه‌و ، نه سه‌مای گه‌ڵاكان ، نه ون بوونی خۆم له ئاوێنه دا هیچ له تاسه‌ی دڵم كه‌م ناكاته‌وه ! |