November 9, 2002
ئه‌مڕۆش له‌و ڕۆژانه‌یه!! ته‌نانه‌ت سێبه‌ره‌كانیش قوورسایی ده‌كه‌ن! ئاسمان ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوه و شار خۆڵه مێشییه! له‌و شاره سه‌رما بردوویه ساته‌كان ده‌لێی به‌ستوویانه ... كات وه‌ستاوه و زه‌مه‌ن پڕه له دووپاته بوونه‌وه !! بێده‌نگی وه‌ك منداڵێك سه‌ر كردۆته سه‌ر باسكم ، بیره‌كان له كۆتری ماندوو ده‌چن له سه‌ر لێوارێ هه‌ڵکوورماون ! ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر توانیبام بگه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌ره‌تا ، بۆ كاتی خوڵقاندنی مه‌وداكان ، مه‌ودای په‌یڤین و ڕوانین، مه‌ودای ناسین، به ناخی تاریكییه‌كاندا ڕۆ ده‌چووم ، تا تۆزێك ڕووناكی به دیاری بێنمه‌وه! ئه‌گه‌ر توانیبام بگه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌ره‌تا، بۆ كاتی خوڵقاندنی ده‌نگ، هه‌موو بێده‌نگییه‌كانم ده‌پشكنی تا ڕه‌ختێك هاوار به دیاری بێنمه‌وه ..... ئه‌گه‌ر توانیبام بگه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌ره‌تا، ڕۆحم فێری ڕامان ده‌کرد تا نهێنییه‌كانی دڵ مه‌ودای ده‌ركاندنیان هه‌بێ ... ئه‌گه‌ر توانیبام بگه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌ره‌تا، داڵانه تاریك و ته‌نگ و ته‌سكه‌كانی فه‌رامۆشیم ده‌رووخاند تا خه‌ونه‌كان چیتر ون نه‌بن.... ئه‌گه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك هه‌با .... ئێستا مه‌ودای نێوان من و سه‌ره‌تا، پڕه له ڕابردوو !! پڕه له دووری ده‌نگ و ده‌سته‌كان .... پڕه له خه‌ونی شێواو ... ده‌ڵێم ده‌كرێت ئه‌مڕۆ سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ خوڵقاندن ... بۆ دیتنه‌وه ، بۆ هێنانه‌وه .... ؟ ده‌ڵێم ئه‌مڕۆ ده‌توانێت ده‌رفه‌تێك بێت بۆ ڕووخاندنی داڵانه ته‌نگ و ته‌سكه‌كان، تا ئیتر چی دی ئاواته‌كان و خه‌ونه‌كان ون نه‌بن .....؟ بێده‌نگی وه‌ك منداڵێكی لاسار خۆی به داوێنی كات هه‌ڵواسیوه ... |