November 11, 2002
ڕه‌نگه ئه‌مه دوا ژوان بوو! شه‌و ، شه‌كه‌ت و ماندوو به‌ره‌و كازێوه ده‌چوو. ئـــــێمه به‌ڵام، هێشتا له گه‌رمه‌ی ئاخاوتندا بووین . ده‌گه‌راینه‌وه بۆ سه‌ره‌تاكان .... خه‌ونه‌كانمان بۆ یه‌ك ده‌گێراوه، له گه‌رمای ئاگری ئاخاوتندا خۆمان و سه‌رمای زستانمان له بیر ده‌كرد ... شــــــــــــه‌و تێده‌په‌ری و ئێمه‌ش له مه‌وداكاندا ده‌گه‌راین، ملوانكه‌ی شینی یاده‌كانمان ده‌هۆنده‌وه ، قـــــــــژی سه‌وزی خه‌ونه شێواوه‌كانمان شانه ده‌كرد ، فڕینمان وه‌بیر یه‌كترین ده‌هێناوه ! بێده‌نگی ده‌ورووبه‌رمان به زرینگه‌ی پێكه‌نین ده‌شــــــــــــكاند . له تاریكی شه‌قامه چۆڵه‌كاندا ون ده‌بووین . ڕه‌نگه ئه‌مه دوا ژوان بوو! شار له خه‌و دابوو، به‌فر ده‌باری ... مـــــــــن و تـــــۆ به دڵی تاریكی‌دا ڕۆ ده‌چووین . به‌ده‌م په‌یڤینه‌وه شه‌ومان شه‌ق ده‌كرد. تا ئه‌و شه‌وه هه‌ر تۆ بووی منت ده‌برده‌وه بۆ سه‌ره‌تاكان ، بۆ ساته تێپه‌ر بووه‌كان ، منیش له تاسه‌ی داهاتوودا باڵم ده‌گرت و تۆم ده‌كرد به میوانی خه‌یاڵی دواڕۆژم .... كه‌چێ ئه‌و شه‌وه شتێك جیاواز بوو .... من بۆ یه‌كه‌م جار چیرۆكێكی كۆنم وه‌بیر هێنایه‌وه ، تۆ ڕووت له من دزییه‌و و هێشتت كولله‌ی به‌فری سپی به گه‌رمای ئه‌سرینت بتوێته‌وه .... ئه‌و شه‌و تۆ بۆ یه‌كه‌م جار له داهاتوو ده‌دوایی. له دوور بوونه‌وه، له له‌یه‌کدابرین ، له سه‌ره‌تایه‌كی تازه وا چاوه‌رێ منی ده‌كرد ... ئه‌و شه‌وه شتێك گۆڕدرا! تۆ ، تۆ نه‌بوویت ، منیش !! ترسێكی نامۆ پڕی كرد بووم، نازانم له ڕوانینی تۆ ده‌ترسام یان له‌و ده‌سته نه‌ناسراوانه‌ی خۆم ده‌په‌نادا ده‌شارده‌وه .... نازانم له دابرین بوو ده‌ترسام یان له فڕین له ئاسمانێك، چی له ئاسمانی شاری ئاواتی من نه‌ده‌چوو !! نازانم له گه‌یشتن به سه‌ره‌تایه‌كی تازه ده‌ترسام یان له خه‌می خه‌ونه‌كانمان كه ورده ورده ڕه‌نگیان ده‌گۆری .... هه‌ر چی بوو ئه‌و شه‌وه من له‌گه‌ڵ تارمایی ترسێكی ته‌نك ئاشنا بووم ..... ڕه‌نگه ئه‌مه دوا ژوان بوو !! ئه‌و شه‌وه ئێمه ده‌دواین، ده‌دواین، ده‌دواین ... له‌یه‌ك نامۆ و به یه‌ك ئاشنا ، له‌یه‌ك دوور ، به‌یه‌ك نزیك . ده‌دواین، ده‌دواین، جۆرێك كه ده‌تووت په‌له‌مانه بۆ ده‌ركاندنی نه‌هێنییه‌كان، بۆ یه‌ك ناسین ، بۆ ئاشنا بوون ... به‌فر ده‌باری، شار له خه‌و دابوو ، ئێمه به دڵی تاریكی‌دا ڕۆ ده‌چووین و له‌به‌ر ڕووناكی ئاگری ئاخاوتندا له نه‌هێنیه‌كانی ڕۆحی یه‌كترین ده‌گه‌ڕاین .... ئه‌وه دوا ژوانی ئێمه بوو ! |