November 12, 2002
شه‌و وه‌ك منه، بێ‌دار. بێده‌نگی وه‌ك منه، پڕ ! ته‌نیایی وه‌ك منه، تینوو ...!! هه‌ناسه‌ی شه‌و په‌رده‌ی سپی ژووره‌كه‌م پڕ ده‌كات له خۆی و باوه‌شێك تریفه‌ی مانگه شه‌و ده‌ڕژێنێته ناوه‌وه. سه‌ر مێزه‌كه سێ مۆمی نیوه سووتاوی له سه‌ره، ده‌فته‌رێكی نیوه دڕا‌و و پێنووسێكی ڕه‌ش . نه ده‌ستم بۆ پێنووس ده‌چێت و نه هێزی داگیرساندنه‌وه‌ی مۆمهكانم هه‌یه. نامه‌كه‌ی تۆ له ناو په‌نجه‌كانما به‌ستوویه‌تی. هه‌موو شتێك زۆر دوور ده‌نوێنێت. هاتنه‌وه‌ی من، دیتنه‌وه‌ی تۆ، گه‌ڕانه‌وه‌ی "ڕۆژه‌كانمان" ، هه‌ست پێكردنی دووباره‌ی ئه‌و هه‌سته‌ی 10 ساڵه بۆت به پردی نێوان من و تۆ ، ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی مه‌ودای نێوانمانی پڕ كردۆته‌وه .... باوه‌ڕ به چی بكه‌م؟ كه ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ تێپه‌ر بوونی زه‌مه‌ن به ناخهكاندا ڕۆ چووین و نه من چیتر منم، نه تۆ تۆیت! كه ئێستا ئه‌و بیره‌وه‌رییانه شی بوونه‌ته‌وه و چیتر ئه‌و گه‌رمایه له دڵما زیندوو ناكه‌نه‌وه ؟ كه ناوێرم پێ بنێمه سه‌ر ئه‌و پرده‌ی چیتر من به تۆ ناگه‌یێنێت؟ چی بكه‌م ........ نامه‌كه‌ت له ناو پهنجهكانمایه. وشه‌كانت ئیتر باران نین ته‌رم ناكه‌ن. له ناو كۆڵان و شه‌قامی په‌یڤه‌كاندا ده‌گه‌ڕێم خۆم نابینمه‌وه . ئیتر بۆنی گڵم وه‌بیر ناهێنێته‌وه . تاسه و تینوویایهتیم ناپڕژێنێته سه‌ر كێڵگه‌ی له‌ش. چی بكه‌م ... نامه‌كه‌ت ده‌خوێنمه‌وه و باڵ ناگرم ، ته‌نیا ... ته‌نیا نیاز و نامۆییم بۆ زیندوو ده‌كاته‌وه .... شه‌ویش وه‌ك منه، بێ‌دار. بێده‌نگی وه‌ك منه، پڕ ! ته‌نیایی وه‌ك منه، تینوو ............. |