November 18, 2002
له‌خۆمدا به تۆ گه‌یشتم، ده‌ترسم له گه‌ڕانه‌وه‌دا ونت كه‌م .......... له ڕێیه‌كی دووره‌وه هاتووم. له ونبوون گه‌ڕاومه‌ته‌وه. باوه‌شێك ده‌نگم پێیه! له ڕێیه‌كی دووره‌وه هاتوومه‌ته‌وه . له سیله‌ی چاوه‌كانته‌وه بڕوانه، ده‌مناسێوه ! ماوه‌یه‌ك میوانی خه‌ونه‌كانت بووم. ماوه‌یه‌ك ده‌نگه‌كانمان به‌ش كردبوو . ماوه‌یه‌ك ڕێژنه‌ی بارانی هه‌ستمان ته‌ڕی ده‌كردین ... ماوه‌یه‌ك قه‌ڵای بێ ده‌نگیمان به لاوك و چیرۆك ده‌ڕووخاند... بڕوانه، ده‌مناسێوه ! له بیرته، وه‌ك پشكۆی به‌ر باران بووین ئه‌و شه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆیشتین و دواین.... هه‌ر دواین و ڕۆیشتین. ئه‌و شه‌وه‌ی تۆ له باوه‌ش منا دابووی و شه‌و له ناو خۆ‌یا هێلانه‌ی بۆ چێ كردبووین ؟ ... بڕوانه، ده‌مناسێوه .... ئه‌وه ئێستاش باران ده‌بارێ، ئه‌وه ئێستاش گوێم بۆ لایه لایه‌ی باران شل كردووه . ئه‌وه ئێستاش جارنا، بروسكه‌یه‌ك ڕه‌شایی شه‌و ده‌شڵه‌ژێنێت ...! باران، ئه‌و هاوڕازه‌ی هه‌موو جارێ تۆزی گومانی ده‌شۆرده‌وه ... هه‌موو جارێ جێ پێی ترسی له خۆ‌یا ون ده‌كرد و هه‌موو به‌یانییان شه‌ونه‌می ئاواته شینه‌كانی له سه‌ر گوڵپه‌ڕی گوڵی ئه‌وینمان به دیاری بۆ داده‌ناین! له بیرته ...؟ ... باران ....... بۆیه باران یانی من ... یانی تۆ ... یانی گه‌رمای په‌نجه‌كانت كه ده‌سته سڕه‌كانمی له ناو خۆ‌یا حه‌شار دابوو . باران یانی پێكه‌وه بوون ، گه‌ڕانه‌وه . یانی گه‌رم بوونه‌وه له باوه‌شدا، ته‌ڕ بوون به ماچ ! باران، یانی پێكگه‌یشتنه‌وه ! تێكه‌ڵ بوونی بۆنی باران ده‌گه‌ڵ هه‌ناسه‌ی تۆ، تێكه‌ڵ بوونی ده‌نگی تۆ ده‌گه‌ڵ ڕه‌نگی شه‌و... له خۆمدا به تۆ گه‌یشتم ، ده‌ترسم له گه‌ڕانه‌وه‌دا ونت كه‌م . ده‌ترسم تامانی نامۆیی و گومان بێته سنووری نێوانمان! ده‌ترسم باران چی تر تۆ ته‌ڕ نه‌كات .... یان ... ورده‌و ، تۆ ده‌توانی تۆزی گومان به شه‌ونه‌می ماچی سه‌ر لێوی من بشۆیته‌وه !!! |