November 19, 2002
به‌فر ئه‌وه‌نده باریوه من بتوانم له‌پی ده‌ستمی لێ پڕ كه‌م . هێدی هێدی تامی كه‌م و توانه‌وه‌ی له سه‌ر زمانم هه‌ست پێ بكه‌م . به‌فر ده‌بارێ ! من په‌توویه‌كی شینم به سه‌ر شانم داداوه و چاوم بریوه‌ته ئه‌و شه‌وه سپییه! تازه لیوانێك سووپی گه‌رم و له‌تێك نانی ڕه‌قم خواردووه . كاناڵه‌كانی "teve" ی گه‌رام . له هه‌ر هه‌شتیان چم وه‌به‌ر چاو نه‌كه‌وت حه‌زم له بینینی بێت. سێ كاناڵ فیلمی هه‌یه، هه‌ر سێیانم چه‌ند جار دیوه . نازانم یان من زۆر فیلم ده‌بینم یان هه‌ر كاتی بڵاو بوونه‌وه‌ی فیلمه كۆنه‌كانه من ڕێم ده‌كه‌وێته پێش teve . چه‌ند ڕۆژێكه كارته پۆستاڵێكی سه‌وزم بۆ هاتووه، ئه‌ویشم وا داناوه تا دێمه پێش كۆمپیوتێرهكهم ، ده‌یبینم . له سه‌ر كارته پۆستالهكه به خه‌تێكی ئاشنا نووسراوه :" له‌وانه‌یه كاتێك ئه‌م پۆستكارده ده‌گات من خۆم له لات بم ......... ده‌زانم هه‌ر ڕۆژ ....... قسه ده‌كه‌ین، به‌ڵام نووسین تامێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. خۆشم ده‌وێی ئه‌گه‌ر ئێره و مانگیش ماوه‌ی نێوانمان بێت، هه‌ر ده‌م بیرم له لاته " ....... مه‌لی خه‌یاڵم باڵ ده‌گرێت، ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌ره‌تاكان، بۆ كاتی ده‌ست پێ كردنی ئه‌م گۆرانییه! ، ساتی له دایك بوونی ئه‌م چیرۆكه .... به‌ڵام .... ده‌ڵێی هه‌میشه هه‌ر بووه، ده‌ڵێی نه سه‌ره‌تایه‌كی هه‌یه و نه كۆتاییه‌كی ده‌بێت. ده‌لێی ده‌گه‌ڵ بوون ده‌ستی پێ كردووه و هه‌ر ده‌بێت . ده‌ڵێی به‌شێكی ونبووی من ده‌گه‌ڵ ئه‌م گۆرانییه گوترایه‌وه ! قه‌ت بووه بۆنی كۆنی بیره‌وه‌رییه‌كان لوتت ئازار بدات؟ قه‌ت بووه لاپه‌ڕه زه‌رد ههڵگهراوهكانی بیرت بدرێنی و بۆ نووسینه‌وه‌ی لاپه‌ره تازه‌كان ده‌گه‌ڵ نهگووتراوهكان و نهبیسراوهكانی ناخت تۆقه بكه‌ی ؟ ئه‌وه تۆقه‌ی هه‌سته سه‌ربراوه‌كه‌ی ناخ ده‌گه‌ڵ ده‌نگی حه‌پس كراوی دڵه وا ئه‌مڕۆ لاپه‌ره تازه‌كان پڕ ده‌كه‌نه‌وه! ئه‌م چیرۆكه نه سه‌ره‌تایه‌كی هه‌یه ، نه كۆتاییشی ده‌بێت. ئه‌م گۆرانییه ده‌گه‌ڵ بوون ، ده‌ستی پێكردۆت و هه‌ر ده‌بێت! به‌فر ده‌بارێت. چرای دارتێله‌كان كز ده‌سووتێن. من ده‌نگی teve - یه‌كه‌م به‌ستووه، خۆم له په‌توویه‌كی شین پێچاوه‌ته‌وه و لیوانێك چایی گه‌رم له پێشمه ... جار نا چاوم ده‌كه‌وێته ئه‌و كارته پۆستاڵه سه‌وزه‌ی چه‌ند ڕۆژه بۆم هاتووه و بیر له مه‌ودایه‌ك ده‌كه‌مه‌وه پڕ له خۆشه‌ویستی ....... |