Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

December 13, 2002

میوانی وا كوا خۆشه، هێشتا نیو ساعه‌ت نییه دانیشتووی، هه‌ر چاوت له ساعه‌ته‌كه‌ته ، بزانی كه‌ی كاتی ڕۆیشتنه‌وه دێت !! میوانی وا هیچ‌خۆش نییه ، كه‌ خۆت مه‌جبوور كه‌ی گوێ بده‌ی به قسه‌كانی میواندار و جار ناجارێكیش به جۆرێكی نیشان بده‌ی هێشتا ده‌گه‌ڵی و گوێت لێیه چی ده‌ڵێت ...

ڕه‌نگه ئه‌وی ناخۆش بوو كه هه‌ر خۆی ده‌ێگووت و خۆشی پێده‌كه‌نی ... یان قاقاكانی بوو كه هه‌موو جارێ من بست و قۆلانجێك له جێی خۆم هه‌ڵده‌به‌زیمه‌وه ... یان هه‌ر قسه‌كان له خۆیاندا هیچ بۆ پێكه‌نین نه‌ده‌بوون ، ئه‌ویش نه‌یه‌ك جار، كه چوار ، پێنج جارت ئه‌گه بیستبێت ئیتر وه‌ك به كوتك له سه‌رت ده‌ن وایه ... جارێكیان هۆشم چوو بۆ لای دوو كه‌س له بالكۆنی ماڵی به‌رامبه‌ر جگه‌ره‌یان ده‌كێشا، بیرم له‌وه‌ی ده‌كرده‌وه بڵێی ئه‌و جگه‌ره كێشانه‌ چ خۆشییه‌كی هه‌بێت، یان چ تام بێت وا به‌و سه‌رما بێڕه‌حمه‌ش خه‌ڵك دێن و هه‌ڵده‌له‌رزێن و دووكه‌ڵ‌ده‌خۆن ... ئه‌مجاره‌شیان به ده‌نگی قاقایه‌كی میواندار ، له باڵكۆنی ماڵی هاوسێ گه‌رامه‌وه ..... ئه‌گه قه‌رار وا نه‌با نانی شه‌و پێكه‌وه بخۆین، ئه‌گه قه‌رار وا نه‌با من به‌شێكی ئه‌ركی خواردن ساز كردن وه‌ئه‌ستۆ بگرم ، هه‌ر زۆر زوو بێ ئه‌وه‌ی بیانوویه‌ك بێنمه‌وه یان درۆی پێبڵێم ، (هه‌ر گوتنی ئه‌وه‌ی بێتاقه‌ت بووم ، به‌س بوو)‌ هه‌ڵده‌ستام ده‌ڕۆیشتمه‌وه ، به‌ڵام تازه قه‌رارمان وا بوو ... پێم خۆش نه‌بوو له‌ویشی تێكده‌م ....

سه‌رخۆش بوون ، پێمو ایه ، مرۆڤ له‌و شته‌ی كه هه‌یه ، نزیكتر ده‌كاته‌وه ... ئه‌گه دڵته‌نگی، به سه‌رخۆشی له‌وانه‌یه دڵته‌نگییه‌كه زیاتر خۆ بنوێنێ ... ئه‌گه شادیی، له‌وانه‌یه شادتر بیت ... ئه‌و میوانداره‌ی من، وه‌كی دیش هه‌ر كه‌مێك زۆر قسه‌ ده‌كات، ئه‌مشه‌و به‌ڵام خۆی ڕێكۆردی خۆی شكاند ، به قسه كردن و به قاقا لێدان ... بۆیه لای ساعه‌ت ده‌ و نیو كه له ماڵه‌كه‌ی هاتمه‌ ده‌رێ ، هاژه‌ی ماشێنه‌كان به لامه‌وه خۆشترین مێلۆدی بوو ... باوه‌ر ناكه‌م هیچ شتێك له قاقایه‌ك كه وه‌ك كوتك ده‌تكووتێ ، ناخۆشتر بێت .... باوه‌ڕ‌ ناكه‌م !!

ئێستا به‌ڵام له ماڵی خۆمم !! ده‌ڕێ بێداد سارده! ساردێكی ناخۆش! دوای نیزیك سه‌عاتێك به‌ڕێوه بوون هه‌ر كه گه‌یشتمه‌وه ، چایه‌كی خۆشم ساز كرد، جووتێك گۆره‌وی گه‌رمم دیته‌وه و له پێم كرد، په‌توو شینه‌كه‌م به سه‌ر شانم دادا و كه‌مێك له بێده‌نگی ژووره‌كه‌مدا حه‌سامه‌وه ... گوێیه‌كانم حه‌سانه‌وه .... ئێستا كاسێتی بارانه‌ی كامكاره‌كانم داناوه و به‌ ده‌نگی سه‌نتوور ورده ورده ئارام ده‌بمه‌وه ....

ئه‌وه یه‌كه‌م جار نییه من به ده‌نگی قاقای ئاوا كه له سگه‌وه دێت نه له دڵه‌وه ، گوێ و سه‌رم دێنه ئێش ... هه‌ر چی له دڵه‌وه نه‌بێت ، خۆش نییه ....!!!




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------