Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

December 18, 2002

دڵی تێقوپاو :

به‌یانی زوو بوو ، زۆر زوو. زۆریش سارد بوو . برایه‌كه‌م ده‌چوو بۆ سه‌ردانی پیرێژنێكی خێر نه‌دیو . منیش كه شێت و شه‌یدای پیرێژنانم به‌زمم گرت هه‌ر ده‌بێ بێم ... وه‌دووی كه‌وتم ، بۆ وه‌ی زۆرم بۆڵه بۆڵ ‌له سه‌ر نه‌كات جانتایه‌كه‌م بۆ هه‌ڵگرت ... نازانن چه‌ند خۆش بوو ، پێرێژنه‌كه له كۆڵم نه‌ده‌بووه هه‌ر ده‌یگوت : ئه‌و دوختوره قۆزه كێیه ... ئه‌گه ده‌مزانی دوختوری ئاوا قۆز هه‌یه زووتر نه‌خۆش ده‌كه‌وتم .... هه‌ر به كاكم گوت : كاكه ، توخوا .... زووكه سنگی بپشكنه ، تا من لێره‌م ... زووكه ، زووكه ....

كاكم گوتی : ئه‌گه ڕوحم به خۆت ناكه‌ی، ڕوحمێك به دڵی ناسكی ئه‌و پیرێژنه بكه .... هه‌ڵێ، بچوو ده‌رێ ، تا خۆی ڕووت ده‌كاته‌وه ، با هه‌ر من به ته‌نیا بیپشكنم !!!

منیش به ناوچاوان تاڵی له ژوور چوومه ده‌ر و له كوونێكرا چاوم لێده‌كردن .....

داشقه‌ی ته‌گه‌ر شكاو :

ئه‌مڕۆ به‌یانی پێش چوونم بۆ سه‌ر كار، له پێش ئاوێنه ڕاوه‌ستابووم سه‌یری سه‌ر و كاكۆڵی خۆم ده‌كرد و دیم .... خۆ كاكۆڵم هیچی نه‌ماوه، (كاكۆڵیش كاكۆڵی جاران ) .... زۆرم بیر لێكرده‌وه ، نه‌مزانی كه‌ی و چۆن تووكی سه‌رم وه‌ریوه و ئه‌وها ڕووتاوه‌ته‌وه . ده‌مگوت ماوه‌یه‌كه زیاتر له جاران هه‌ست به سه‌رمای زستان و بای به‌یانییان ده‌كه‌م ... مه‌ڵێ له به‌ر تاسی سه‌رم بووه ...

به خۆم گوت :‌ بریا زووتر ژنم هێنابا ، ئێستا ده‌متوانی وه‌رینی تووكی سه‌رم باوێمه سه‌ر شانی وی و خه‌تاباری كه‌م. ده‌متوانی بڵێم خۆشه‌ویستی تۆ كه‌چه‌ڵی كردم ... ئێستا خۆ نه ژنم هه‌یه و نه حه‌ز حه‌زێنێ ده‌که‌م ، هه‌موو ده‌زانن ده‌ردی ژنداری نییه ، پیرییه ... نووقمی خه‌یاڵان بووم ، ئه‌گه په‌نجه‌ره‌ی " ئه‌ده‌بخانه" ئاوه‌ڵا نه‌بایه و ئه‌و بایه سارده‌ی به‌ره به‌یانی ته‌پله سه‌رمی نه‌ته‌زاندبایه ، دڵنیام هه‌روا له چۆمی خه‌یاڵه‌كانمدا خه‌ریكی مه‌له‌وانی ده‌بووم و وه‌دره‌نگی ده‌كه‌وتم .......

گوڵه گه‌نم :

ئه‌مڕۆ وه‌ك ڕۆژانی پێش نه‌بوو. ئاخر خۆم به‌یانی كه له خه‌وی نازم هه‌ستام و نان و چایی به‌یانیم له ناو جێیه‌كه‌مدا خوارد، گوێی خۆم گرت و كێشام و به خۆم گوت : گوڵ گیان ئه‌مرۆ ئیتر حه‌قت نییه وه‌ك دۆینێ بی ، ده‌بێ خانمتر بی ، خۆ تۆ ئه‌وه‌نده گوڵی نه‌بێته‌وه ... هه‌سته ، جله جوانه‌كانت له به‌ر كه و بڕۆ به بازاری قه‌یسه‌ری ، ئه‌گه ونیش بی قه‌ی ناكا، ئه‌و گه‌ره‌كه ئه‌وه‌نده‌ی كورد لێیه ، هه‌ر بڵێی له‌ل ... ڕێت پێنیشان ده‌ده‌ن و له‌وانه‌یه به دابی كورده‌واری "ده‌ڵێن ژن ناموسی ئێمه‌یه ..." ده‌ستیشت بگرن تا به‌رده‌رگای ماڵێت بێننه‌وه با ته‌نیا له ده‌رێ نه‌بی ... به‌ڵام گوڵ ‌گیان نه‌كه‌ی كه‌وشه پانێ به‌رزه‌كانت له پێ كه‌ی ......

هه‌ر ده‌رۆیشتم بیرم ده‌كرده‌وه : هههمممم .... مانگرتنی نیوه چڵ ...! له بیرم بێ شه‌معدانێكه‌م ئاو بده‌م ... بریا تا ده‌چمه‌وه خواردنی شه‌ویان ساز كردبێت ....




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------