January 7, 2003
له وڵامی نامه‌ی به‌ڕێز هاوژین كه ده‌ڵێ : " ژنان ئه‌مڕۆ زیاتر له‌و شته‌ی پێویستیانه هه‌یانه .... " من بۆ جوڵانه‌وه جۆر به جۆره‌كانی ژنان بۆ وه‌ده‌ست هێنانی مافی خۆیان و گه‌یشتن به ویست و داواكانیان ، ڕێزم هه‌یه. زۆریش. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خۆشم ده‌گه‌ڵ هیچ تاقم و ده‌سته‌یه‌ك نه‌بم و هیچ " ئیسم ـ ێكم " وه‌ك ڕێباز هه‌ڵنه‌بژاردبێت. گرفتی گروپێك مرۆڤ به ناوی "جنسی دووهه‌م" نه‌ك وه‌ك مه‌ڕام و باوه‌ڕێكی سیاسی به‌ڵكوو وه‌ك به‌شێكی ئاسایی له ژیان به درێژایی ته‌مه‌نم ده‌گه‌ڵما بۆت و ده‌بێت . باوه‌ر ده‌كه‌م " ژن" بوون خۆی هه‌ستێكی تایبه‌ت ده‌خوڵقێنێ بۆ ده‌رك و لێ‌حاڵی بوونی"جنسی دووهه‌م" بوون، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌مترین زوڵمیشت لێچوو بێت، دیسان وه‌ك ژن زۆرتر و ئاسانتر هه‌ست به ناله‌بار بوونی یاسا كۆمه‌لایه‌تی و ئاینییه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ی. خۆ من لێره مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه هه‌ست و ده‌ركی پیاوه‌كان به‌رمه ژێر پرسیار. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاواری ژنێك به دژ پێ شل بوونی مافه ڕه‌واكانی و به جنسی دووهه‌م دانانی ( به نیوه ئینسانێك حیساب بوونی) ببیسم، منیش وه‌ك ژن ، له هه‌ر جێیه‌كی دونیا كه بژیم، مافی خۆم پێ شل كرا‌و ده‌بینم و ده‌نگم ده‌ردێت. ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ی بڵێم كه ئه‌وه بۆ پیاواكان به جۆره‌یه‌كی تره. پیاو به دیتنی ئه‌و زوڵم و زۆرییه‌ی كه له ژن ده‌كرێت تا سه‌ر حه‌دی" حاڵی بوون" ده‌گات ، به‌ڵام ده‌رك و هه‌ست پێكردنی گرفته‌كه بۆی زۆر ئاسایی نییه و مافی خۆی پێ شل كرا‌و نابینێ. یانی هه‌مان ده‌سته كردنی مرۆڤه‌كان به پیاو و ژن. نه‌ك پێ شل بوونی مافی مرۆڤ!! هه‌ندێك ده‌ڵێن تا گرفتی " گه‌وره‌تر" هه‌یه، تا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نه‌بێ و تا ده‌و‌ڵه‌تێكی سه‌ربه خۆی كورد ساز نه‌بێت، ژنان ده‌بێ به‌و شته‌ی ئێستا هه‌یانه ڕازی بن و ده‌نگیان نه‌یه‌ت و هه‌وڵ بده‌ن بایه‌خێكی زۆرتر به گرفته گرینگه‌كان بده‌ن.( كه به من وایه ده‌بێته هه‌مان چاوه‌ڕوانیی هه‌میشه كه ژن ده‌بێ له خۆ بوردویه‌كی زۆرتری هه‌بێ وزۆرتر له خۆ مایه دا‌نێت. نموونه: دایك ) پرسیاری من ئه‌وه‌یه : بۆ ؟؟؟ به‌ڕاست بۆ ده‌بێ ئه‌و چاوه‌روانییه هه‌بێت ؟ بێگومان مه‌به‌ست ئه‌وه نییه كه ئه‌گه‌ر ئینسانێكیان له پێش چاوی من كووشت من ڕاوه‌ستم بیر له‌وه بكه‌مه‌وه كه بۆ من وه‌ك ژن پاره‌ی مانگانه‌م له پیاو كه‌متره؟ به‌ڵام كه‌مێك ئینساف ... ساڵانی زوو كه ژن وه‌ك ئه‌مڕۆ وه‌ده‌نگ نه‌هاتبوون، و داوای مافه‌كانی خۆیان نه‌ده‌كرد، ئه‌و " گرفته گه‌ورانه" خۆ هه‌ر هه‌بوون و هێشتاش هه‌ر چاره سه‌ر نه‌كراون ... به چاو پێداخشاندنێكی خێرا و سه‌رسه‌ریش بۆمان ده‌ر ده‌كه‌وێ كه ئه‌و گرفته گه‌وره و ئه‌ساسییانه‌ی كه ئه‌مڕۆ باسی ده‌كه‌ن ، زۆر له مێژساڵه هه‌یه و ده‌بێ و بێ ئینسافی و خۆ گێل كردنه ئه‌گه بڵێین با ئه‌مانه چاره سه‌ر بن دوای بۆ له‌به‌ر چاو گرتنی مافی ژنانیش ڕێگه‌یه‌ك ده‌دۆزرێته‌وه . بێگومان له‌خۆ بوردوی و فیداكاری نیشانه‌یه‌كی جوانی ئینسانییه و هیوادارم هه‌میشه بمێنێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه به لامه‌وه سه‌یره ئه‌وه‌یه بۆ ده‌بێ هه‌ر ژن بێ كه له‌خۆبوردوی ده‌كات یان ده‌بێ بیكات ... بۆ ژن له مافی ئه‌مرۆی چاو پۆشی بكات تا گرفته‌كانی تر به گشتی حه‌ڵ بن. (كه مێژوو نیشانی داوه وا زوو حه‌ڵ نابن ) ... سه‌رده‌مه‌كه گۆڕدرواه .ڕاده‌ی ژنانی خوێنده‌وار و پله‌ی زانیاری ژنان به گشتی ئه‌مڕۆ له سه‌رتره. چاوه‌ڕوانی ئه‌و ژنانه‌ش ئه‌وه‌یه به‌شداری بازاری كار و به‌شه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمه‌ڵگا بكه‌ن . بێده‌نگ كردنیان ئه‌مجاره زۆر ئاسان نابێت و پێموانییه وڵامده‌ری ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ش بن كه تا وه‌ده‌ست هێنانی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی ددان به جه‌رگیانه‌وه داگرن. هه‌ر بۆیه‌ش ڕووبه‌روو بوون ده‌گه‌ڵ گرفتی پێ شل كردنی مافی ژن له كۆمه‌ڵگادا ده‌بێ له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه دیاریكراوه‌کانی حیزبایه‌تی و ئایدیالۆژییه‌وه ، هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵگیرێت و هه‌وڵه‌كان له خزمه‌ت مڕۆڤ دابن نه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئامانجێكی حیزبی. تا ژنان باسی خه‌بات بۆ وه‌ده‌ست هێنانی مافی به‌رابه‌ر ده‌كه‌ن، به ده‌یان و سه‌دان شێوه‌ی جیاواز و سه‌یر ، به سه‌دان لێكدانه‌وه و ده‌لیل و هۆ هێنانه‌وه و له هه‌ندێ جێ ته‌نانه‌ت به ده‌مارگرژی و تاڵ كردنی بیری " فێمینیست" ده‌یانه‌وێ پێیان بسه‌لمێنن كه ئه‌و جۆره جولانه‌وه و خه‌بات كردنه هه‌ڵه‌یه و جیا كردنه‌وه‌ی پیاو و ژنه و ده‌مارگرژی ژنانه‌یه...!!! نامه‌وێ و ناتوانم بڵێم هه‌موو كه‌س وایه، به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌و پیاوانه‌ی به چاوێكی به‌رابه‌ر چاو له هاورێ و هاوسه‌ری ژیانیان ده‌كه‌ن ئه‌وه‌نده كه‌مه كه ترسێنه‌ره!!! له به‌ر چاو گرتنی مافی مرۆڤێكی‌تر كه به هه‌ڵكه‌وت ژنه ، بۆ زۆر پیاوان بۆت به پرێستیژ و پۆزی پێ لێده‌ده‌ن و منه‌تێكی چاكیش له سه‌ر نه‌ك هه‌ر هاوسه‌ری خۆیان كه ته‌واوی ژنان داده‌نێن ، وه‌ك بڵێی شاكارێكیان كردووه ... له ڕاستیدا ئه‌و پیاوه‌ی كه ده‌توانێ له ژێر ناوی ڕووناكبیری ، پێشكه‌وتوو ، چه‌پ یان هه‌ر شتێكی تر خۆی و ژن له یه‌ك ئاستدا ببینێت، ئه‌وه تازه سه‌ره‌تای ڕێگه‌یه‌كی دوور و دڕێژه بۆ ساز كردنه‌وه و خوڵقاندنی مێژوویه‌كی ڕوونتر ... به شتێكی ئاسایی زانینی له به‌ر چاو گرتنی مافی ژن سه‌ره‌تایه‌كه بۆ پێگه‌یشتن به‌و ڕاستییه كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی یاسای دژ به مرۆڤ و ئایین و داب و نه‌ریتی كۆن و بۆگه‌ن داوێتی به پیاو ده‌بێ بخرێته ژێر پرسیار و ئه‌وه‌ش هه‌وڵێكه پیاویش ده‌بێ به‌شداری بێت خۆی ئه‌و بازنه ته‌نگه بشكێنێت .... هیوادارم من له هه‌ڵه دابم. به‌ڵام ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی ئه‌و پیاوه به ناو ڕووناكبیرانه‌ی من دیومه یان بیستوومن ، دره‌نگ یان زوو له جێیه‌ك كه‌م دێنن و دیسان ده‌كه‌ونه‌وه ناو ڕۆڵی " زه‌عیفه" و " پیاویان پیاو گوتووه و ژنیان ژن " !!! یان به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، خوی باب و باپیرانیان ڕه‌چاو ده‌كه‌ن و ژن به مڵكی خۆ ده‌زانن و زۆر به ئاسانی بریاربۆ ژیانی ده‌ده‌ن ...!! حه‌ز ناكه‌م له سه‌ر دڵم بێته گرێ، بۆیه ئه‌وه‌ش ده‌ڵێم كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی كه ساپۆرتی ئه‌و جۆره پیاوانه ده‌كه‌ن و هه‌موو شتێكیان به ناوی "چاره‌نووس" قه‌بووڵ كردووه . باوه‌ر ده‌كه‌م كه‌ڵكی درووست و به جێ وه‌رگرتن له ده‌سه‌ڵات، ئه‌ویش ئه‌و ده‌سه‌ڵاته كه مفت و مه‌رحه‌با كه‌وتۆته ده‌ستی پیاوان، كاری هه‌موو كه‌س نییه، به‌ڵام دڵته‌زێنترین شت ئه‌وه‌یه كه پیاوان و ژنانی "ڕووناكبیر" و "خوێنده‌وار" و "پێشكه‌وتووخواز" دێن داده‌نیشن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن " هۆی مه‌نتقی" بۆ ئاشكراترین فۆڕمی زوڵم لێ‌كردن ببیننه‌وه!!! |