February 27, 2003
شته‌كان هه‌موو تازه‌ن . ڕه‌نگه‌كان نه له ئێستا ده‌چن نه له ڕابردوو !! هه‌سته‌كان، له دایك بوونه و هه‌ست پێ كردنه‌كان دوو پات بوونه‌وه‌ی ویستی حه‌شار دراوی دڵێكی ساوان !! ده‌نگه‌كان هه‌مووی گۆرانی دیتنه‌وه‌ن !! لێره‌م، ڕاكشاوم ، ده‌تبینم، ده‌تبیسم ... یا نا... حه‌ز ده‌كه‌م بتبینم، حه‌ز ده‌كه‌م بتبیسم .... پڕم له ویستن ... تۆش ئارام دێیت و ده‌چیت ! دڵنیا ده‌نوێنیت . ده‌ڵێی ده‌زانیت له كوێی ، ده‌ڵێی ده‌زانیت چیت ده‌وێت . ده‌ڵێی تۆیت گۆرانییه‌كان ده‌ڵێیته‌وه .... گه‌رمای ده‌ستت له سه‌ر شانم و سرته‌ی "خۆشم ئه‌وێیت" له گوێما . باوه‌ڕه‌كان زیندوو ده‌بنه‌وه ، یان حه‌ز ده‌كه‌م زیندوو ببنه‌وه ... ویسته‌كان هاوار ده‌كه‌ن، یان من حه‌ز ده‌كه‌م هاوار بكه‌ن .... "خۆشم ئه‌وێیت! " ئه‌وه زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی تۆیه یان هاواری دڵی من؟ ئه‌وه تۆی له ئاوێنه‌ی ده‌نگی منا خۆ ده‌نوێنی یان شه‌پۆله‌كانی ده‌ریای ده‌رونمه ملوانكه‌ی شینی خۆشه‌ویستیمی به دیاری بۆ تۆ هێناوه ؟ تۆ به مێهره‌بانییه‌وه به سه‌ری په‌نجه‌ت ، قژی شێواوم شانه ده‌كه‌ی ، باسی به‌یانی ده‌كه‌ی و من نازانم چۆنت پێ بڵێم له‌مڕۆدا ونم ... له ئێستای بوونی تۆ دا !! ................. شته‌كان نه له ئێستا ده‌چن نه له ڕابردوو . |