March 1, 2003
له سووچی ژووری نیوه تاریك، لێره كه بستێك ئاسمان و داوێنی تریفه‌ی مانگه شه‌وم لێ دیاره داده‌نیشم. ژووره‌كه‌م تژی بێ ده‌نگییه. هات و چووی خه‌یاڵی تۆ و ترپه‌ی پێی باران چ ده‌ریای ئارامی بیرم ناشێوێنێ! سات نا ده‌فڕم به سه‌ر ئاسمانی شاره دووره‌كه‌م و سات نا، له ئامێزی دایكما خه‌و ده‌مباته‌وه ! لێوانی چایه‌كه‌م له پێش ده‌ما سارد بۆته‌وه، كتێبێكی نیوه خوێندراوه له سه‌ر مێز ، چاوی بڕیوه‌ته ده‌ستم . تا پێش په‌نجه‌ره‌ی ڕه‌ش ده‌چم! تۆ دیار نیت، منیش! چاو له ئاوێنه‌ی شه‌و ده‌كه‌م، سێبه‌رێك دێته پێش چاوم. بووه تا ئێستا بڕوانی ئاوێنه و خۆت نه‌بینی؟ لێی ورد ده‌بمه‌وه، سێبه‌ری من نییه....! كوا هه‌ناسه‌یه‌كی گه‌رم تا قژی ته‌زیوی داره‌كان خاو كاته‌وه؟ كوا ده‌ستێك، تا داوێنی ته‌ڕی تریفه‌ی مانگه شه‌و كۆ كاته‌وه؟ كوا دڵێك تا له ژێر باران، تژی تاسه‌ی ئامێزێ بێته‌وه.... باران ده‌بارێ ... ملوانكه‌ی شینی خه‌یاڵم پچكراوه. سه‌ر په‌نجه ته‌ڕه‌كانم قژی سه‌وزی بیرت شانه ده‌كات . چاو له سه‌ر یه‌ك داده‌نێم. خۆم ده‌سپێرمه لاواندنه‌وه‌یی ئێستا، ئێستا وا پڕه له ئارامی، له حه‌سانه‌وه! ڕاست ئه‌م ساته وا گرژی ناوچاوانیی ڕووداواكان له تاریكیی خۆ‌یا حه‌شار ده‌دات و من ده‌بات تا كۆتاییه‌كان ... تا هه‌ست پێ كردن! هه‌ست به بوون ده‌كه‌م ... هه‌ست به ئارامی ... |