Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

March 24, 2003

ساڵێكی تریش تێپه‌ڕێ . ساڵێك، كه بۆ من پڕ‌بوو له حاشا كردن له ئاواته‌كان و دوور بوونه‌وه له ئاره‌زووكان. ساڵێك كه ساڵی دابڕان و جودایی بوو. ساڵی كه‌وتن وكه‌وتن و كه‌وتن و هه‌ستانه‌وه بوو. مردن دوو جار خۆی وه‌بیر هێنامه‌وه. نیشانی دا كه بۆ شۆخی نابێ و به هه‌ناسه‌ی ڕه‌شی گوڵی ژیانی دوو خۆشه‌ویستمی هه‌ڵوه‌راند. ئه‌و ساڵه‌ی كه تێپه‌ڕی برینی زۆر تێدا بوو. برینی له ده‌ستدانی خۆشه‌ویستان ، برینی جودا بوونه‌وه و دوور كه‌وتنه‌وه له‌وه‌ی كردبووت به هاورێ و هاوبه‌شی خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانی داهاتووت ، برینی لێكدابڕان و برینی تاسه و ته‌می نه‌دیتنه‌وه‌ی ئه‌زیزان. ساڵێكی زۆر خۆش نه‌بوو ، به‌ڵام له جێیه‌ك له قوڵایی دڵمه‌وه هیوایه‌ك هه‌ر هه‌بوو . هیوایه‌ك بۆ دواڕۆژێكی خۆشتر و رووناكتر . هیوایه‌ک به به‌هارێكی سه‌وز و بێ‌ژان ... به خۆم ده‌گوت، ئه‌وه تا ئێستا هه‌موو به‌هارێك به هه‌ڵا هه‌ڵا و هێرشی خه‌مێك ده‌ستی پێكردووه ، به‌ڵام هێشتا دره‌نگ نییه ... به‌هارێك دێت كه جیاوازه، به‌هارێك دێت كه له هیچ به‌هارێكی تر ناچێت . به خۆم ده‌گوت به‌هارێك دێت كه نه‌رخی گوڵ و بالنده و ئینسان ئه‌وه‌نده كه‌م نابێ ....

زۆر به‌هار هاتن و تێپه‌ڕین. زۆر به‌هار هاتن و ڕه‌نگ و بۆنی خاك و خۆڵ و خوێنیان لێده‌هات. زۆر به‌هار هات و به جێی گه‌شت و سه‌یران ، ئاواره‌یی و هه‌ڵات هه‌ڵاتی بۆ هێناین ... زۆر به‌‌هار هات و ئاوا ڕۆیی ... هه‌ر به‌هارێك كه هات
به خۆم ده‌گوت ، ڕه‌نگه ئه‌وه ئیتر به‌هاری زۆر له مێژچاوه‌ڕوان كراو بێت... به خۆم ده‌گوت ڕه‌نگه كۆتایی ده‌نگه‌كان سرودی ئازادی بێت ... ڕه‌نگه كۆتایی ڕه‌‌نگه‌كان سه‌وزایی ده‌شت و چیا و شینایی ئاسمان بێت ...


هه‌ر هه‌وری ڕه‌ش و خۆڵاوی بوو هاتن و به‌ڕی ئاسمانیان به من گرت و هه‌ر من بووم ده‌مگوت: چ نییه ، شنه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌یه و هه‌وره‌كان ڕاده‌دات . ئه‌و هه‌وره ڕه‌ش و توڕانه‌ی هه‌ر ده‌گرمێنن و نابارێن ون ده‌بن و ئاسمان ناوچاوانی ده‌كرێته‌وه . هه‌ر من بووم ده‌مگوت :‌ باڵنده‌كان ده‌گه‌رێنه‌وه و ده‌نگی تۆپ و ته‌یاره و ته‌قینه‌وه‌مان له بیر ده‌به‌نه‌وه ... هه‌ر من بووم ده‌مگوت به‌هارێك دێت هیچ ‌باڵنده‌یه‌ك بۆ ته‌نیایی دڵی منداڵه‌كانی نیشتمانی من ناخوێنێ ... هه‌ر چریكه‌یه‌ك كه بێت گۆرانی خۆشه‌ویستی و ئه‌وینه ... هه‌ر من بووم ده‌مگوت ئه‌م به‌هاره كه بێت به باوه‌شێك گوڵی ڕه‌نگاوڕه‌نگ كه ناویان فێر ده‌بم ، سه‌ر به ماڵی هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆشمده‌وێن ده‌كه‌م و فێریان ده‌كه‌م چۆن گوڵه‌كانیان خۆش بوێت ... هه‌ر من بووم ده‌مگوت ....


ئێستا به‌ڵام ده‌لێی گه‌وره بووم . ئیمانم به هیچ نه‌ماوه . چاوه‌رێی هیچ به‌هارێك نیم كه تێیدا حاشا له ئاواته‌كانم نه‌كه‌م و سه‌ری ئاره‌زووكانم نه‌‌بڕم ... ئێستا ئیتر چاوه‌رێی هیچ به‌هارێك نیم تێیدا به ده‌شته‌كان دا بگه‌رێم و ناوی گوڵه‌كان به كوردی فێر بم . ده‌لێی گه‌وره بووم . ده‌لێی خه‌ونه‌كانم له خاك و خۆڵ و خوێنی به‌‌هاره‌كانی پێش بێ سه‌رو شوێن چووه . ده‌لێی به‌هار یانی شه‌ڕ ، شپرزه‌یی ، شڕی و شین و شیوه‌ن و شێواوی و شه‌هید بوون ... ده‌لێی كه‌سێك یان شتێك وه‌بیرمان دێنێته‌وه حه‌وت شینی سفره‌كانمان بگۆڕێن ... كه ده‌نگی باڵنده‌یه‌ك ده‌بیستم ده‌لێم چ ته‌نیایه، حه‌یف كه ئیتر قه‌ت ئاشق نابێ ...


******
ساڵێكی تریش تێپه‌ڕی . نازانم چۆن بوێرم هیوام به ساڵێكی خۆش و به‌هارێكی سه‌وز بێت. هیچ شتێك مزگێنی ئه‌وه‌م پێنادات ... ناوێرم له به‌ر هه‌رچی خودا و شه‌یتانه بپارێمه‌وه ئه‌و به‌هاره‌ش سه‌ر نه‌بڕن ... ناوێرم ئاره‌زوو بكه‌م برسیه‌تی و برین و ئاواره‌یی ببێت به خه‌ونێك كه قه‌ت پێی ناگاته كۆڵانی خه‌وه ساكار و شیرینه‌كانی منداڵانی نیشتمانم ... ناوێرم ساڵی تازه پیرۆزبایی له كه‌س بكه‌م، چونكه هیچ شتێك نوێ نه‌بۆته‌وه ...
ته‌نانه‌ت ده‌نگی ئه‌و باڵنده‌ی له سه‌ر لقی دارێكی بێ گه‌ڵای پێش ماڵی من ده‌خوێنێت ته‌می به‌هارێكی تێدا كه هێشتا پێی نه‌گه‌یشتۆته ئه‌م وڵاته‌ش ....






www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------