March 29, 2003
شتێك كه‌مه. جێیه‌ك له ناو ئه‌و هه‌موو "تێكیلا سانرایز" و مۆسیقای زیندووی جاز و هات و چۆی خه‌ڵكێكی كه‌مێك سه‌ر خۆش و كه‌مێك مه‌ست ، له گۆشه‌یه‌كی نیوه تاریكی كافه‌یه‌كی بچووك له شه‌قامێكی نیوه چۆڵی شاری ستۆكهڵم ... شتێك كه‌مه ... جێی خاڵی شتێك قورسایی خستۆته سه‌ر ساته‌كان ... ڕه‌نگه ئیراد له مۆسیقاكه بێت . ڕه‌نگه من له‌وه‌ی توڕه‌م كه بۆ مۆسیقایه‌كیان داناوه كه هیچ بیره‌وه‌رییه‌ك بۆ من زیندوو ناكاته‌وه. مۆسیقایه‌ك كه په‌لی هه‌ستم بگره و بیبات بۆ دونیای شیرینی خه‌یاڵ . ڕه‌نگه ئه‌مشه‌و به‌و حاڵه‌ی منه‌وه باشتر بوو گوێم له ده‌نگی سه‌نتور بێت و خۆم به ده‌نگی سۆزی سازه‌كه‌ی ڕاژێنم تا كه‌مێك ئه‌و ژانه كه‌له ڕه‌قه ئارام بێته‌وه .... ڕه‌نگه ئیراد له‌م خواردنه‌وه‌یه بێت. ڕه‌گه من چی تر نابێ "تێكیلا سانرایز" بخۆمه‌وه. یان له‌وانه‌یه باشتر بێت ئه‌گه‌ر ده، دوازده دانه له پشت سه‌ری یه‌ك ، پێداكهم و لێگه‌ڕێم تاڵیی تامیی ، ئه‌و تهمهیی دایگرتووم له بیر به‌رێته‌وه ... ڕه‌نگه ده‌بێ ئه‌وه‌نده بخۆمه‌وه تا بڕشێمه‌وه و ڕه‌شایی و ڕقی هه‌زار ساڵه‌ی ئه‌م خه‌مه‌م له دڵ بێته ده‌ر ... ڕه‌نگه ئیراد له جگه‌ره كێشانی ئه‌و دایك و كچه‌ی بێت له په‌نام دانیشتوون . خۆ خۆم ده‌زانم من چه‌نده به دوكه‌ڵی جه‌گه‌ره حه‌ساسم . ڕه‌نگه باشتر بێ هه‌ستم جگه‌ره‌كانیان له ده‌ست ده‌ر بێنم و له چاویان ڕاكه‌م با هه‌ر دوو كوێر بن ... به تایبه‌ت دایكه‌كه، چاوی ئه‌و كوڕه‌ی به‌رامبه‌ری كوێر كرد هینده چاوی تێبڕی .... ڕه‌نگه ئیراد له باران بێت . هه‌ر له منداڵییه‌وه كه به‌هار ده‌هات و بارانی پێ نه‌ده‌بوو، ده‌تگوت شتێكم لێ ون بووه. حه‌ز ده‌كه‌م باران ببارێ. حه‌ز ده‌كه‌م كاتێ باران ده‌بارێ برۆم پیاسه بكه‌م. حه‌ز ده‌كه‌م له ژێر باران ته‌ر بم . حه‌ز ده‌که‌م گوێ بگرمه ده‌نگی باران . حه‌ز ده‌كه‌م هه‌موو جێیه‌ک پڕبێت له بۆنی گڵ ... كه‌س نییه بڵێت ئاخر به‌هاری بێ باران به كاری چی دێت .... نا ... نا، پێم وایه ئیراد له جێیه‌كی تره‌وه . به هه‌ڵه نه‌چوو بێم ده‌بێ ئیراده‌كه له خۆم بێت. پێم وایه ئه‌و شته‌ی كه‌مه بۆ خۆمم . من جێم ئێره نییه. لێره دانیشتووم و لێره نیم ... بریا توانیبام هه‌ر لێره دانیشم و لێره‌ش بام. بریا مۆسیقای جازی ئه‌مشه‌و ببا به پردێك له نێوان من و ئه‌وان ... من و ئه‌وێ ...بریا هه‌ر لێره، له نێوان هه‌موو ئه‌و "تێكیلا سانرایز" و مۆسیقا و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی مه‌ست و سه‌رخۆشن ون بووبام ... بریا ئه‌م ژیانه منیشی له خۆیدا ون كردبا ... |