June 5, 2003
باران ده‌نكه ده‌نكه ده‌باری. كاتی وا من په‌نجه‌ره‌م ده‌كرده‌وه و گوێم بۆ ده‌نگی پێی باران له سه‌ر شووشه‌ی په‌نجه‌ره ڕاده‌گرت. ئه‌و شه‌وه به‌لام هه‌را و گرمه‌ی ده‌رێ بێده‌نگی شه‌وی ده‌شكاند و ده‌نگی بارانی له خۆ‌یا ون ده‌كرد. چاوێكم گێرا. دیم هاوسێكانیش هاتوونه ده‌ر بزانن چ باسه. یه‌كێك له هاوسێكان سه‌ر به‌رز ده‌كاته‌وه و من ده‌بینێ. به سه‌ر سلاو ده‌كات و منیش سه‌ر ده‌جوڵێنمه‌وه. خه‌ریكه شتێكم پێ ده‌لێت و منیش شان هه‌ڵداوێم یانی نازانم ده‌ڵێی چی. به ده‌ست ئاماژه ده‌كات وه‌ره خوارێ. ده‌ست هه‌ڵناگرێ ... له‌عنه‌تێك بۆ خۆم ده‌نێرم بۆ هاتمه به‌ر چاوان. ده‌چمێ خوارێ. دێته پێش و سڵاو و چاكی و چۆنی... ده‌زانم ده‌یه‌وێت بزانێ ئه‌و هه‌را هه‌رایه هین چییه ... باران توندی ده‌كات ... زۆر زوو ده‌خوسێم... هاوسێكه‌م هه‌ر قسه ده‌كات و من هۆشم هه‌ر له لای ماڵی هاوسێكه‌م و هه‌را هه‌راكه‌یه ... ها ... كه‌وابوو ئاخرێكه‌ی ڕازی بوو و "به‌ڵێی" گوت! ئه‌ی ئه‌و هه‌موو گریان و شیوه‌ن و زارییه چی بوو؟ ئه‌و هه‌موو فرمێسكه‌ی هه‌ڵیڕشت؟ هه‌موو به فیرۆ چوو! ... ده‌زانم پێش به‌ڵێ گوتنه‌كه‌ی هه‌موو ئاواتێكی له ژێر خۆڵه‌مێشی ئاره‌زوو سوتاوه‌كانی ناشتووه. و ده‌زانم ڕۆژێك دێت ئه‌م ئاره‌زوویه سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه و گیانێكی دێته‌وه به‌ر ...و ده‌زانم ڕۆژێك به نه‌رمه شنه‌یه‌ك ئاگری خۆشه‌ویستییه‌ك له ناو دڵی ئه‌م كچه داده‌گیرسێته‌وه ... " له‌و جێیه‌ی زه‌ماوه‌ندێكی بێ خۆشه‌ویستی ده‌گیرێت، خۆشه‌ویستییه‌كی بێ زه‌ماوه‌ند سه‌ر هه‌ڵده‌دات " |