June 6, 2003
ئه‌مشه‌و هاورێیه‌كم ئادرێسی لاپه‌ره‌یه‌كی بۆ ناردبووم كه له سه‌ر سرودی ئه‌ی ره‌قیب نووسراوه‌یه‌كی بلاو كردبووه. چووم و خوێندمه‌وه . ڕێك و پێك نووسرابوو. ده‌مارگرژیم تێدا به‌دی نه‌کرد ، به پێچه‌وانه زۆر به جوانی بۆچوونی خۆی باس كردبوو. سرودی ئه‌ی ڕه‌قیب بۆ من زۆرتر وه‌بیر هێنه‌ره‌وه‌ی سه‌رده‌مێكی تایبه‌تییه تا سرودی نه‌ته‌واته‌تی. هه‌میشه به بیستنی هه‌ستێكی تایبه‌تم تێدا زیندوو ده‌بێته‌وه. هه‌ر سه‌رده‌مێك سرودێكی هه‌بووه، هه‌ر رێكخراوه‌یه‌ك و هه‌ر خه‌باتێك به پێی قوناغێك كه تێدا بووه، سرودێكی خستۆته سه‌ر زاران. ئه‌و كاته‌ی من منداڵتر له‌وه‌ی بووم به‌شداری شۆرشی ئێران بم، سرودی "ده‌می ڕاپه‌رینه ده‌می ڕاپه‌رین" سرودێك بوو هه‌موو ده‌یانگووته‌وه. باش له بیرمه كچ و كوڕه گه‌نجه‌كانی گه‌ره‌ك مێشكی سه‌ری گه‌و‌ره‌كانیان به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م سروده بردبوو. كه‌مێك دواتر سرودی "ئه‌ی شه‌هیدان" كه‌وته سه‌ر زاران ... كه‌س نه‌بوو نه‌یزانێ. "تا شه‌هید خوێنی نه‌ڕێژێ تا گه‌لێك تاڵی نه‌كێشێ داری ئازادی شین نابێ باخچه‌ی ژینمان ڕه‌نگین نابێ" . ته‌نانه‌ت ئێمه‌ی منداڵیش له هه‌ڵات هه‌لاته‌كانمان ئه‌م سروده‌مان ده‌گوته‌وه. سه‌رده‌مێك هات سرودێكی تر باو بوو. "خوایه وه‌تن ئاوا كه‌ی" . ئه‌و كات من ساڵی دوو و سێی سه‌ره‌تاییم ده‌خوێند و له گروپی سرودی قوتابخانه‌دا بووم . ئه‌و سروده‌مان هه‌موو به‌یانیان ده‌خوێنده‌وه ... یان ئه‌و ساڵانه‌ی پێشمه‌رگه ده‌هاتنه‌وه ناو شار و دوو سێ ڕۆژ ده‌مانه‌وه، سرودی "ئه‌ی پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان" له هه‌موو لایه‌كی ده‌بیسترا. ئه‌و سرودانه هه‌ركامیان به‌شێك له هه‌ڵو مه‌رجی سه‌رده‌مێكی تایبه‌ت وه‌بیر ده‌خه‌نه‌وه . بۆ ئه‌وانی له ساڵانی شۆرشی 79 له ئێران ژیابن، زۆر سرود ئێستاش تایبه‌تین. ده‌زانی هه‌رچی بیر ده‌كه‌مه‌وه ده‌بینم ، بۆ سه‌رده‌می ئێستا ئێمه هیچ سرودێكمان نییه !!! منداله‌كان و میرمنداڵان و گه‌نجه‌كانی ئێمه بۆ ده‌ربرین و وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی ئه‌و ساڵانه و كێشه و هه‌راكانی چ سرودێكیان هه‌یه ؟ |