Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

June 30, 2003

پیاوێك خه‌ریكه پێش ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی ئاوپڕژێن ده‌كات. بۆنی گڵ بۆ چركه‌یه‌ك ده‌مباته‌وه كۆڵانی منداڵیم و ئێواره‌كانی. چاو له كۆڵانه‌كه ده‌كه‌م. ته‌سكه. عه‌رزه‌كه‌ی به‌رداوی و دیواره‌كانی ئه‌مبه‌ر ئه‌وبه‌ری گڵن و جێ به جێ، به گوڵه لاولاو و یاس و كه‌مێك ئه‌ولاتر گه‌ڵا مێو ڕازاونه‌ته‌وه. ملی رێگه ده‌گرم و به كۆڵانه‌كه‌دا هه‌ڵده‌كشێم....

له سه‌ر تاقه پلیكانی ماڵێك كه ده‌رگا وپه‌نجه‌ره‌ی ته‌خته‌ی هه‌یه، داده‌نیشم . لای ڕاستم تا نێو قه‌دی دیواره‌كه گوڵی یاس شۆڕ بۆته‌وه و دیواره‌كه‌ی به‌رامبه‌رم به گوڵی سپی و په‌مه‌یی و سوور داپۆشراوه. هه‌ر ڕێبوارێكی تێده‌په‌رێ ، hello یه‌كم لێده‌كات و هه‌ندێ جار ته‌نانه‌ت ڕێگه‌شم لێده‌پرسن :‌كۆتایی ئه‌م كۆلانه به كوێ ده‌گات ؟

ژن و پیاوێكی پیری ره‌زا شیرین كه نزیك ده‌بنه‌وه ده‌پرسن : بۆمان هه‌یه وێنه‌یه‌ك له خۆت و ماڵه‌كه‌ت بگرین؟
- ماڵه‌که‌م؟ به سه‌ێره چاویان لێده‌كه‌م !
- مه‌گه‌ر خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته نیت تۆ ؟ ئه‌مه ماڵی تۆ نییه؟
- نا، منیش میوانم. ئێره ماڵی من نییه ...
- ده‌زانی زۆر له خه‌لكی ئه‌م وڵاته ده‌كه‌ی!! له كام وڵات را هاتووی ؟ ..
- ......

ده‌ست كه درێژ بكه‌م ده‌توانم گوڵه یاسه‌كان به سه‌ر په‌‌نجه‌م هه‌ست پێبكه‌م. چاو له سه‌ریه‌ك كه دانێم هه‌موو شتێك ڕه‌نگ و بۆنی ئه‌و ده‌می هه‌یه: سه‌ربانی ماڵی حاجی عه‌لی، ڕاكشان له ژێر سێبه‌ری گۆڵه یاسه‌كانی به‌ره‌و ماڵی ئێمه شۆر ببوونه‌وه، گه‌رمای خۆری پاش نیمه‌رۆ و جار جاره ده‌نگی پێی چه‌ند ڕێبوارێ ...

پێنج ڕۆژ زیاتر نییه گه‌یشتوومه‌ته جێ و كه‌چی ئێستا شاره‌زاری هه‌موو شه‌قام و كۆڵانه‌كانی ئه‌و به‌شم. ده‌زانم بۆ لێكردنه‌وه‌ی گه‌ڵا مێو به‌ كام كۆڵاندا ئه‌گه‌ر هه‌ڵكشێم ده‌گه‌مه به‌ر كام ماڵ و كام دیوار . ده‌زانم گوڵه یاسه‌كانی كام گه‌ره‌ك نزمترن بۆ چنین و ده‌زانم له كوێ " قۆره‌"ی ده‌توانم لێبكه‌مه‌وه.

هه‌موو ئێواران ده‌گه‌ل ئاوا بوونی خۆر ده‌گه‌مه قه‌راغ ئاوه‌ پان و به‌رینه‌كه‌ی هه‌موو شه‌وێ ده‌نگی شه‌پۆله‌كانیی له خه‌وم ده‌كات. پێ په‌تی به سه‌ر لمه نه‌رم و ته‌ره‌كاندا هه‌نگاو ده‌نێم و لێده‌گه‌رێم پێله‌كان ته‌رم كه‌ن... خۆم نوقمی خه‌یاڵاتم و زۆر جار هاورێی خه‌یاڵی ئه‌م كاتانه‌م "سه‌ر زلێكه" .

***
ـ "یاشوو" (به سڵامه‌تی ، نۆش)
- چاو لێده‌كه‌م. ئه‌ویش وه‌ده‌زانێت من خه‌ڵكی وڵاتی ئه‌وانم. ئیستكانێك " ئۆزوو" هه‌ڵدێنێت و به سڵامه‌تی من ده‌یخواته‌وه. دیسان ده‌لێم نا ، من میوانم. تا ده‌بیستێ من كوردم به ڕێزه‌وه هه‌ڵده‌ستێت و ده‌ڵێ " كالۆسیرتێس" (به خێر بێی ). سوپاسی ده‌كه‌م و دوور ده‌بمه‌وه. كه‌مێك دوورتر سێ چوار ژن دانیشتوون و گه‌رمی قسانن. "كالیمێرا". به مێهره‌بانی وڵامم ده‌ده‌نه‌وه. كه‌مێك دوورتر له‌وان داده‌نیشم. یه‌کیان ده‌ڵێ :‌" كاچێ ئێزۆ ... كاچێ ئێزۆ" ( لێره دانیشه) و ئاماژه به جێیه‌كی به‌تاڵی لای خۆی ده‌كات. ده‌چمه لایان داده‌نیشم. هه‌ر چواریان خه‌لكی ئه‌م شاره‌ن و یه‌کیان ده‌ڵێ بچمه هه‌ر جێیه‌كی ئه‌و دونیایه دڵم هه‌ر لێره‌یه، بۆیه ڕۆیشتن فایده‌ی نییه، قه‌ت نارۆم ....

شه‌و به باوێشكدان به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت و ئێمه‌ش! یه‌كیان باوه‌شێكم گوڵ ده‌داتێ :‌" سێ سێنا ..." ( بۆ تۆ) ... دڵم داده‌كه‌وێت. باوه‌شێكم گوڵی یاس بۆ هاتووه.

چه‌ند رۆژ ، ژووره‌كه‌م پڕ بوو له بۆنی یاس و یادێكی شیرین ...




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------