July 4, 2003
سیاسه‌تی ژنانه : زۆرم پێخۆش ده‌بوو به‌نده خوایه‌ك یه‌كجار بۆ هه‌میشه منی ڕوون كردباوه ئه‌و "سیاسه‌تی ژنانه" كه باسی ده‌كه‌ن چییه و بۆ چی چاكه؟ دیاره له چه‌ند كه‌سی لێزان و لێنه‌زانم پرسی، به‌ڵام وڵامه‌کان بوونه‌ته هۆی سه‌رسووڕمانم تا ئێستا. یه‌كیان ده‌ڵێ ئه‌وه هه‌مان مه‌كری ژنانه. ده‌بێ بزانی له كوێ و چۆن مه‌كر بكه‌ی و ده‌بێ وشیاربی مه‌که‌ر بۆ كێ ده‌كه‌ی!!!!! ده‌ڵێم ئه‌و مه‌كره چییه و چۆنی فێر ده‌بن؟ ده‌ڵێ هه‌ندێ خواپێداون و مه‌كرزان و هه‌ندێ به خۆماندوو كردن و هه‌وڵدان فێری ده‌بن و هه‌ندێ وه‌ك تۆ به‌دبه‌ختن و قه‌ت فێری نابن. ده‌ڵێ ژنێكی نه‌توانێ هه‌ستی خۆی داشارێت، ناتوانێ مه‌کر فێر بێت. ده‌ڵێ ژن نابێ داوا بكات و ده‌بێ چاوه‌روان بێت پیاو خۆی هه‌نگاوی بۆ لا هه‌ڵگرێت و ده‌ستپێكه‌ر بێت. (لێره‌دا من وه‌بیر نوكته‌یه‌ك كه‌وتمه‌وه : له ژنێك ده‌پرسن ڕاسته مێرده‌كه‌ت ئه‌و شه‌وانه‌ی ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵت بێت، فیكه‌یه‌ك ده‌کێشێت و تۆ ده‌چی بۆ ژووره‌كه‌ی؟ ده‌ڵێ : ڕاسته. لێی ده‌پرسن ده‌ی ئه‌گه‌ر خۆت حه‌ز بكه‌ی ده‌گه‌ڵی بیت چی ده‌که‌ی؟ ده‌ڵێ :ده‌چمه پشت ده‌رگا و ده‌ڵێم :پیاوه‌كه ئه‌وه تۆ بووی فیكه‌ت كێشا!!! ) ده‌ڵێم خۆ هه‌موو كه‌س عیلمی غه‌یبی نییه بتوانێ بیری كه‌سی تر بخوێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم چ هه‌ستێكم هه‌یه، ئه‌گه‌ر نیشان نه‌ده‌م شادم تا مات، خۆشمده‌وێت یا نا ... له‌وانه‌یه خۆی قه‌ت پێنه‌زانێت!!! ده‌لێ بۆیه ده‌ڵێم به‌دبه‌ختی وه‌ك تۆ فێری ئه‌و سیاسه‌ته نابن. باشتره خۆت ماندوو نه‌كه‌ی !!! ده‌ڵێ هه‌ر هه‌نگاوێك كه بۆ لات هات ده‌بێ دوو هه‌نگاو لێی دوور بییه و خۆت بێ مه‌ێل نیشان بده‌ی، ده‌نا قه‌درت نازانێت. نه‌دیوه هه‌ر به كوڕێك ده‌لێی خۆشمده‌وێی ، چۆن خۆت له سه‌ر ده‌گرێت! (همممم بۆیه .... ) تا ده‌یان جار نه‌لێت خۆشم ده‌وێی نابێ تۆ هه‌ستی خۆت ئاشكرا كه‌ی.( ئاها ... ) له ژیانی هاوبه‌شدا نابێ بڵێی چه‌نده‌ت پاره هه‌یه و چه‌نده‌ت زێر و زیوه‌ر هه‌یه. تا ده‌توانی زوو به زوو دایك و خوشك و خزم و كه‌سی خۆت بانگ كه و میواندارییه‌كی شایانه‌یان لێبكه و كه خزم و كه‌سی ئه‌ویش هاتن تا ده‌توانی خۆت ماندوو مه‌که با خۆی هه‌ستێ قۆڵ هه‌ڵماڵێت. خۆ تۆ نۆكه‌ری بابی نیی !!! ئه‌وه‌ی تر ده‌ڵێ : ڕاسته. ئه‌گه‌ر ڕۆژێك میوانت هات و چێشتت لێ خراپ بوو، به ڕووی خۆت مه‌هێنه و بڵێ له لای ئێمه وای ساز ده‌كه‌ن. ده‌ڵێم ده‌ی ئه‌گه‌ر میوانه‌كه‌م له لای خۆمان ڕاهاتبێت چی؟ ده‌لێ :گێژه هه‌ر ماڵه‌ی كلتوری ساز كردنی چێشتی جیاوازی هه‌یه ... بڵێ له ماڵی ئێمه وای ساز ده‌كه‌ن !!! نا ... پێموانییه تازه به سه‌ری پیری فێری ئه‌و مه‌كرانه بم، به‌ڵام قسه‌ی خۆمان بێت، له ناو ئه‌و به‌یت و باوانه‌دا زۆر پیاوم ناسییه‌وه... واته ده‌توانێ هاوكات ناویی، مه‌كری پیاوان یان "سیاسه‌تی پیاوانه" بێت ... * پیاوه پیره چاوحیزه‌كان : له بیرمه له ناوڕاستی شار، له پێش دیواری بێهداری كابرایه‌ك دانیشتبوو و هاواری ده‌كرد : "عه‌تری گوڵی ... زۆر له به‌ر دڵی " یان جار نا، ئاوازه‌كه‌ی ده‌گۆڕی : عه‌تری وه‌نه‌وشه .... ئای ...بۆنت زۆر خۆشه " . ئه‌و كابرایه عاده‌تێكی خراپی هه‌بوو. نه‌تده‌وێرا به په‌نایدا تێپه‌ری به ده‌رزی كه‌مێكی عه‌تری گوڵی پێداده‌كردی. ئه‌ویش به‌راستی بۆنی ناخۆش بوو. ناخۆش ... ناخۆشترین بۆنی دونیا! به په‌نا هه‌ر پیاوێكی پیر، جا دوكاندار با یان ڕێبوار یان ده‌ستفرۆش یان كۆڵبه‌ر یان ... تێپه‌ر ببای، بۆنی عه‌تری گوڵی لێده‌هات. بۆیه ناومان نابوو عه‌تری پیاوی پیر. ته‌واوی ئه‌و پیاوه پیرانه‌ش زۆر له سه‌ر "زه‌وق" بوون هه‌میشه. هه‌ر كیژۆله‌یه‌ک، ژنێك ڕێی له‌مبه‌رانه كه‌وتبا ئه‌وانه یان چاویان داده‌گرت و یان به به‌ژن و بالایان دا هه‌ڵده‌گوت. "مه‌چك خر، لێو قه‌یتان، چاو مانگا ، مه‌مك فینجان، ده‌مووچاو وه‌ك كه‌شه‌ف ، ده‌ڵێ چرای دایسێی ، وه‌ی كه خڕ‌و خۆڵی ... " هه‌ر بۆیه ناوی عه‌تره گوڕدرا به عه‌تری پیاوی پیری چاوحیز. ئاها ... هه‌ر ده‌مویست ئه‌وه‌ی بڵێم كه پیاوه پیره چاوحیزه‌كان له هه‌ر وڵاتێك بن كۆپی یه‌كن. باوه‌ر كه تا ئێستا له چه‌ند وڵاتان دیومن هه‌موویان هه‌مان بۆنیان لێدێت و هه‌مان شێوه چاو چاوێن ده‌كه‌ن و هه‌مان قسه ده‌ڵێنه‌وه ... بڵێی هه‌موو پیاوێك پیر بێت وای لێبێت؟ |