July 9, 2003
هه‌رچی ده‌بینم و هه‌رچی ده‌بیستمه‌وه كه ژن چۆنن و چی‌یان به سه‌ر دێنن یان به سه‌ر خۆیان دێنن ، بیرك له مێشكما سه‌ر هه‌ڵده‌دات. له كوێرا ده‌ستی پێكرد؟ چۆن شته‌كان ئاوایان لێهات؟ ... ده‌گه‌رێمه‌وه بۆ سه‌ره‌تای سه‌ره‌تا ... كه منداڵ بووین و شه‌ڕه گه‌ره‌کمان ده‌كرد،كچكهكان ده‌سته‌یه‌ك بوون و كوڕه‌كان ده‌سته‌یه‌ك... غارغارێنمان ده‌كرد و به گۆڕانی، به ده‌نگی به‌رز دهگوتراو ده‌بیسترا : دخترها موشن ... مثل خرگوشن بیرمان له ماناكه‌ی نه‌ده‌كرده‌وه، ئاوا فێر ببووین و هیچ گه‌وره‌یه‌ك، گهورهترێك گوێی نه‌گرتین بیكێشێت و بڵێت : وا مه‌ڵێن. كه‌س بیری له‌مه نه‌ده‌كرده‌وه هه‌ر ئه‌و شته به ڕواڵه‌ت ساكاره چ شوێنێك له سه‌ر كه‌سایه‌تی و باوه‌ڕ به خۆیی ئێمه‌ی منداڵ داده‌نێت!!! كه‌ی و بۆ ئێمه‌یان له‌یه‌ك جیا كرده‌وه؟ ئێمه‌ی منداڵ، ئێمه‌ی دڵپاك ... ئه‌و ڕۆژانه‌ی كوڕه‌كان هێشتا بۆیان هه‌بوو هه‌ڵات هه‌ڵات بكه‌ن و هاوار و هه‌را هه‌رایان ده‌بیسترا، كایه و گه‌مه‌ی خۆشیان ده‌كرد ، ئێمه فێری مانای وشه‌ی شه‌رم و حه‌یا ده‌بووین و له گۆشه‌ی ژووره تاریكه‌كان هه‌وڵمان ده‌دا به ده‌سته بچووكه‌كانمان فێری میل گرتن و لفكه چنین بین. ئه‌و ده‌مه‌ی به قرچه قرچی گه‌رمای هاوین كوڕه‌كان، هاوته‌مه‌نه‌كانی ئێمه ده‌چوونه چوومی ناوشارو ، كراسه‌كانیان داده‌كه‌ند و خۆیان به ئاو ده‌ده‌دا و مه‌له‌یان ده‌كرد ئێمه فێر ده‌بووین چۆن"جوان" دانیشین با قاچ و قلمان وه‌ده‌ر نه‌كه‌وێت و "ئابروویان" نه‌چێت.له بیرمه من هه‌ر له داخ ئه‌م "جوان دانیشه" ته‌ركی دامن له به‌ر كردنم كرد و بووم به "كوری ماڵێ". گه‌وره‌تر كه بووین، له ده‌ورانی گیمناسیوم بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌وره‌ی "ته‌رحی كاد" به‌شی ئێمه "ماڵداری و منداڵداری"، گوڵ‌چنین و فه‌ڕش چنین بوو . من كه داوام كرد كه (car repair shop, garage) كار بكه‌م، دوای ئه‌وه‌ی " ئیرشادی ئه‌خلاقییان" كردم، 5 نمره‌یان لێ كه‌م كردمه‌وه با "ببم به بهشر" و ئیتر داوای ئاوا نه‌كه‌م. ئیتر هه‌ر 14-13 ساڵمان بوو ده‌گه‌ل كوڕه‌كانی گه‌ره‌ك بووین به بێگانه. هه‌ر ئه‌و كوڕانه‌ی پێشتر پێكه‌وه تۆپێن و چاوشاركه و حهوتبهردهمان ده‌كرد، ئێستا ده‌با خۆمان لێ پاراستبان. به قسه‌مان كردبان و لێیان ترسا باین. له ناو كوڕه‌كان یه‌كیان بوو ناوی كامه‌ران بوو. ترسه‌نۆكی وه‌ك خۆی نه‌بوو. شه‌وانه نه‌یده‌وێرا به تاریكی بچێته ده‌ر، خوشكه‌كه‌یی شادی، ده‌گه‌ڵی ده‌چوو. ئێستا هه‌ر ئه‌و ترسه‌نۆكه ده‌سه‌ڵاتی به سه‌ر شادی دا هه‌بوو و زۆر جاران لێیده‌دا. نه‌ده‌با پێمان سه‌یر بێت ... هه‌ر له مندالییه‌وه ڕاهاتبووین : پسرها شیرن ... مثل شمشیرن !!! من و شادی كه‌متر یه‌كمان ده‌دیت. زۆر كه‌م. نه‌یانهێشت درێژه به دره‌س بدات. سووسه‌ن و كه‌ژاڵ و گه‌لاوێژ ورده ورده ببوون به "خانمێكی" ته‌واو. ته‌نیا باسی كوڕ و مێرد و جیاز و ... ده‌كرد. پرشه‌نگ ڕای كرد. قه‌ت نه‌مزانی چی به سه‌رهات. "مه‌نیجه" كه له گوند را ناردبوویان له شار ده‌رس بخوێنێت، دوو جار هه‌وڵیدا خۆی بكووژێت و دوایش ناردیانه‌وه بۆ گوند. له‌وێرا ده‌ستی پێ نه‌كرد؟ هه‌ر ئه‌و كات نه‌بوو باوه‌رمان كرد ئێمه كه‌مترین؟ هه‌ر ئه‌و كات نه‌بوو باوه‌ریان كرد له ئێمه سه‌رترن؟ هه‌ر ئه‌و كات نه‌بوو دونیایی ئێمه‌یان بچووك كرده‌وه ؟ هه‌ر ئه‌و كات نه‌بوو له دونیایه‌كی ته‌نگ و ته‌سكدا یه‌خسیر كراین؟ دهكـــــــــرا پێشی پێ بگیرێت؟ دهكـــــرێ گۆرانییه‌كانی منداڵه‌كانمان بگۆڕین؟ |