Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

July 16, 2003

حوكمه‌که ده‌مێكه دراوه! ده‌بێت برۆیت! ته‌‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به نابه‌دڵی، ئه‌گه‌ر به زۆری! ده‌بێت برۆیت! هه‌ندێ جار ڕه‌نگه چاره‌یه‌كی تر نه‌بێت! ئه‌وه‌ی تاڵه، ئه‌وه‌ی بریندارت ده‌كات ڕووخاندنی پرده‌كانی پشت سه‌رته! ده‌زانی، پرد هه‌میشه یانی هیوا! هیوای گه‌رانه‌وه، هیوای به یه‌ك گه‌یشتنه‌وه! هیوا به كوێره ڕووناكییه‌ك له كۆتایی داڵانێكی ته‌نگ و تاریك ... پرد هه‌میشه یانی هیوا. هیوا به بوونی ڕێگه‌یه‌ك !
به‌ڵام جار نا، ناچاری پرده‌كان برووخێنیت تا بتوانیت درێژه به ڕۆیشتن بده‌یت! ڕێگه‌كانی گه‌رانه‌وه، یه‌كه به یه‌که د‌ه‌ڕووخێنیت تا ئه‌وه‌یی پێش به ڕۆیشتنت ده‌گرێت، نه‌‌‌‌ێڵیت! تا ئه‌‌وه‌یی ڕایگرتووی له دنیایه‌ك كه ته‌نیا زاده‌ی خه‌یاڵته، لاده‌ییت. تا هه‌ڵقه‌ندرێیت! تا بۆ ماوه‌یه‌ك (كورت یان درێژ، نازانم) له ناو ته‌م و مژی نه‌زانین و نه‌دیتنه‌وه‌دا ون بیت... ته‌م و مژێك كه ڕه‌نگه هه‌ندێ ناوی بنێن "چاڕه‌نووس" .

هه‌ر ئه‌وه‌یه‌! هه‌موو چیرۆكێك كۆتاییه‌كی هه‌یه! هه‌موو چیرۆكێك ده‌نووسرێت تا له جێیه‌ك ته‌واو بێت! كه گه‌یشتییه كۆتایی چیرۆكێك، ڕه‌نگه باشتربێت وه‌ڵاینێی! ده‌كرێت، دواتر لاپه‌ره‌كانی چیرۆكه كۆنه‌كان هه‌ڵده‌یه‌ و له وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی هه‌ندێ شت، هه‌ست به خۆشی بكه‌ی. به‌ڵام باوه‌ر ناكه‌م له ‌مه زیاتر بتوانی هیچ بكه‌ی! ناكرێت به زۆری چیرۆكێك كه كۆتایی پێهاتووه، درێژه پێبده‌ی! بێ سووده! ... هه‌ر چیرۆكێك ڕۆژێك كۆتایی دێت ...

ده‌بێ بڕۆیت! چی ده‌بێت و چۆن ده‌چێته پێش، نازانیت! گه‌رانه‌وه‌یه‌ك هه‌یه؟ به‌رگه‌ی هه‌موو كه‌وتن و هه‌ستانه‌وه‌كان ده‌گریت؟ به‌رگه‌ی هه‌موو هه‌وراز ونشیوه‌كان؟ ده‌رۆیت تا بگه‌رێیته‌وه؟ ... ده‌گه‌رێیته‌وه؟ نــــــــازانی ... ته‌م و مژ ...

نوقمی له چاوه‌روانییه‌ك كه چاوه‌روانیت نه‌ده‌كرد ئاوا دوور ودرێژ ببێته‌وه. چاوه‌روانییه‌ك كه ورده ورده، چاوه‌ڕوانییه‌كانت ده‌باته ژێر پرسیار! چاوه‌روانیی، له پشت په‌نجه‌ره داخراوه‌كان، له پشت ده‌رگا نیوه كراوه‌كان. نوقمی له خه‌می وێرانه‌كانی پشت سه‌رت. ئه‌و وێرانه‌ی ناوێریت به جێی بێڵیت و ناتوانیت سازی كه‌یته‌وه! ئه‌وانیی خۆت ڕووخاندنت، ئه‌وانی به ده‌ستی گومان ڕووخان. و دیسان ته‌م و مژی به‌رامبه‌رت ...

پێش به هه‌ندێ له ڕووداوه‌كانی ژیان، ناتوانیت بگریت! سه‌یره، به‌ڵام ناخۆشترین ڕووداوه‌كان به‌رهه‌می كه‌متر خه‌میی و لێنه‌زانینی خۆمانن! له بیرمه جاران چه‌نده قسه‌ی زل زلم ده‌كرد و ئێستا ده‌بینم چه‌نده له قسه‌كانی خۆم، به كرده‌وه دوورم. ده‌بینم، كه مرۆڤ كه‌وته نا گه‌رده لوولی ڕووداوه‌كان، ئیتر به پێی قسه زله‌كانی خۆی بریار نادات و ناژیت! زۆر جار هه‌ست ده‌كه‌م جێی دڵم له ناو سنگما چۆڵه! زۆر جار هه‌ست ده‌كه‌م چیتر به‌رگه ناگرم، كه‌چی ڕۆژه‌كان هاتوون وچوون و من ده‌گه‌ڵیان تێپه‌ریووم! نازانم ناوی بنێم چی؟ سه‌رداخستن بۆ چاره‌نووس؟ "چاره‌نووسێك" كه ده‌توانم له چنگی ڕزگار بم، به‌‌ڵام ده‌بێت به‌هایه‌كی قورسی بۆ بده‌م؟ مامله كردن؟ ترسه‌نۆك بوون؟ ماندوو بوون؟

نازانم .. ئه‌وه‌ی ئێستا لێی دڵنیام ئه‌وه‌یه : هه‌موو چیرۆكێك ڕۆژێك، له شوێنێك كۆتایی پێ دێت! ناتوانی درێژه به چیرۆكێك بده‌یت كه كۆتایی پێهاتووه. سوودی نییه!




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------