August 5, 2003
گوڵـــــم؛ ده‌زانی، ئه‌گه‌ر هیچ ناڵێم، به‌و مانایه نییه كه له‌بیرم كردووی. تۆ بۆ من له‌وانه‌ی كه ته‌نانه‌ت نه‌دیتنیشت نابێته هۆی كاڵ بوونه‌وه‌ی بوونت له ژیانما! هه‌میشه هه‌یت، هه‌میشه ده‌بیت! جا چ دوو گه‌ره‌ك ئه‌وبه‌رتر، چ وڵاتێك دوورتر! هه‌موو ڕۆژێ ده‌گه‌ڵ خۆم ده‌ست پێده‌كرێیه‌وه ... بچمه هه‌ر جێیه‌كیش و هه‌ر كارێكیش بكه‌م ، تۆم له بیره! یانی دوو حاڵه‌تی هه‌یه، یان بیرت ده‌كه‌م و ده‌ڵێم بڕیا لێره بایی و یان بیرت ده‌كه‌م و ده‌ڵێم باش بوو لێره نه‌بوو، كه ئه‌وه‌ش هه‌ر یانی تۆم له بیره! چوار مانگ تێپه‌ری! چوار مانگی ناخۆش، چوار مانگی بێتام ناخۆش! هه‌ست ده‌كه‌م ئیتر ئێستا كاتی خۆیه‌تی ورده ورده عاده‌ت به نه‌بوونت بكه‌م! ده‌بینم هه‌ندێك "كه‌وانه"م كردۆته‌وه و هه‌روا به جێم هێشتووه! ده‌ڵێم ڕه‌نگه باشتر بێت ورده ورده "كه‌وانه‌كانی" ژیانم كه‌مێك كۆ كه‌مه‌وه و هه‌ندێكیان داخه‌م! وه‌ك... وه‌ك بریای دیتنی تۆ! بریای بوونی تۆ. ئه‌وه‌ش ڕاستیت ده‌وێ شتێك نه‌بوو كه من خۆم به بیرمدا هاتبێت، نا! به‌ڵام له بیرته ئه‌و ڕۆژه‌ی كه بۆ یه‌كه‌م جار وشه‌ی" قه‌ت"، ئه‌وها ئاسایی و به ئاسانی به سه‌ر زمانمانا هات، دڵم له‌رزیی ... زۆر ده‌مێك بوو ئاوا تاڵ نه‌گریا بووم. باوه‌ڕم به‌و كۆتاییه نه‌بوو! ... نازانم، ده‌توانم ناوی بنێمه كۆتایی ؟ گرفته‌كه ئه‌وه‌یه هه‌رچی بیر ده‌كه‌مه‌وه، نازانم "ئێمه" له كوێرا ده‌ستی پێكرد، ده‌زانی؟ ده‌ڵێی"ئێمه" هه‌ر بووه و ده‌ڵێی پێش"ئێمه" هیچ شتێك نه‌بووه، بۆیه من هیچم وه‌بیر نایه ... نازانم هه‌موو شتێك له كوێرا ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام ده‌زانم ئه‌و ڕۆژه، ئه‌م چركه‌یه، سه‌ره‌تای زۆر شت بووه بۆ من، له مندا. جا ئێستا سه‌یره، شتێك كه سه‌ره‌تایه‌كی نه‌بوو بێت چۆن كۆتایی پێدێت ؟ ... بۆشاییه‌كانی دنیای ده‌روونم ئێستا زۆر گه‌وره بوون، ئه‌وه‌ش، ده‌زانی، هێز بۆ مرۆڤ ناهێڵێت! ماندووی ده‌کات! سه‌رده‌مێك بوو له چنگ تاڵی و تارماییه‌كان و ته‌م و مژی ده‌ره‌وه هانام برده ده‌روونی خۆم و ده‌رگام له سه‌ر خۆم گاڵه دا، ئه‌وه‌ش به شێوه‌ی خۆی یارمه‌تی دام ڕێگه‌ی گه‌رانه‌وه بدۆزمه‌وه! به‌ڵام ئیتر، ئێستا ... بۆشایی ... چوار مانگ تێپه‌ری! چوار مانگی ناخۆش! ئه‌مڕۆ حه‌زم ده‌كرد هه‌روا بڕۆم و بڕۆم و بڕۆم ... له هه‌رچی ڕێگه‌ی ئاشنا بوو خۆم ده‌پاراست، ویستم له هه‌رچی تۆم وه‌بیرده‌خاته‌وه، خۆم حه‌شارده‌م، كه‌چی زۆر به لاساری ده‌گه‌ڵما هاتی، ده‌گه‌ڵما بووی و ته‌نانه‌ت یه‌ك چركه‌ش دواێنی بیرت به‌رنه‌دام . چوارمانگ تێپه‌ری و من هێشتا عاده‌تم به نه‌بوونی تۆ نه‌گرتووه، هێشتا بێ خه‌به‌ریت تاڵترین ئازاره و هێشتا هه‌ر چركه‌یه‌ك به هیوای بیستنی تۆم ... سێبه‌ری تۆ به سه‌ڕ ڕۆژ و شه‌وه‌کانمدا شۆر بۆته‌وه ... نامه‌وێ بڕۆم، باوه‌ركه! نامه‌وێ هیچ شتێك له بیر بكه‌م، به‌ڵام دره‌نگ یا زوو ده‌بێ له جێیه‌كڕا ده‌ست پێبكه‌م! ده‌بێ فێربم ده‌گه‌ڵ نه‌بوونتدا بژیم. ده‌بێ فێربم چیتر چاوه‌ڕوانت نه‌بم. ده‌بێ باوه‌ر بكه‌م ناگه‌رێیته‌وه! ( ناگه‌رێیته‌وه، نا؟... نا، خۆت وتت!) ده‌بێ فێر بم ده‌گه‌ڵ كه‌سی تر بتبینم یان بتبیسم! خۆ ده‌زانم ڕۆیشتن له باری خۆشه‌ویستیم كه‌م ناكاته‌وه ... به‌ڵام جۆرێك هیوادارم ئه‌م گریانه قورگم به‌ردا ...... چوار مانگ تێپه‌ڕی! ڕاستیت ده‌وێت هێشتا نازانم ژانی ئازاری دووریت زۆرتره یان خه‌می نامۆیی نێوانمان !؟ بمبووره ئه‌گه‌ر هێشتا خۆشمده‌وێی .... |