August 16, 2003
هێشتا هه‌ر هاوینه و باران دوو ڕۆژه نه‌وه‌ستاوه! دایكم ده‌یگووت : " باران ڕه‌حمه‌ته، با ببارێت" ! بایه‌کی توندی دێت و ده‌رگای ئاوه‌ڵای بالكۆن، پێكداده‌دات، ناخۆشه! هه‌ستێكی ڕه‌ش داگیرم ده‌كات، ده‌ترسم! دایكم ده‌یگووت : با ترسی بۆ چییه! ده‌نگی ده‌رگا دێت، ده‌نگی پێیه‌ك له پشت ده‌رگا دێت! داڵان تاریكه ومن هیچ نابینم! بۆ یه‌ک چركه هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌ژنۆم ده‌له‌رزێت! گوێم له ده‌نگی ترپه‌ی دڵی خۆم ده‌بێت! ده‌ترسم، له هه‌وره تریشقه‌كانی ئه‌مشه‌و، له‌و بایه تونده، له ده‌نگی پێی ناو داڵانی تاریك ... ده‌ترسم له‌و هه‌موو ترسه‌ی دایگیری كردووم! دایكم ده‌یگووت: "باران ڕه‌حمه‌ته با ببارێت" ... حه‌ز ده‌كه‌م چی تر نه‌ترسێم، حه‌ز ده‌كه‌م چراكانی ئه‌و داڵانه تاریكه داگیرسێنم ... حه‌ز ده‌كه‌م بچمه ژێر بارانی "ڕه‌حمه‌ت" تا به‌شكوو تۆزی ئه‌و هه‌موو ترسه‌م لێ بشۆردرێته‌وه ... تا به‌شكوو من چی تر نه‌ترسم له هه‌موو ترسه‌ی داگیریان كردووم! **** ده‌زانم خۆ قسه له سه‌ر بردنه‌وه و دۆڕاندن نییه! ده‌زانم زۆر گێژم ئه‌گه‌ر بڵێم من دۆڕاوم، ئه‌گه‌ر بڵێم من ئه‌و قوماره‌م دۆڕاندووه... به‌ڵام ئاخر ... من ، من و ئه‌و بێقه‌رارییه، من و ئه‌و دڵه كوتانه‌ی ئۆقره‌م لێ ده‌دزن! تۆ و ده‌سته‌كانت، تۆ و چیرۆكی هه‌ناسه‌كانت! من و تۆ و ئه‌و ویستنه كه وه‌ك ئاگر وایه ... پیاسه‌ی ئێواره‌ی پایز، ماچی ژێر باران، به‌ڵێنی چاوه‌کان .. ئێستاش ئێمه و مه‌وداكان، مه‌ودای نێوان ده‌ست و دڵمان ... بۆ ئێستا ؟ بۆ زووتر نا؟ یان دره‌نگتر؟ ... بۆ ڕاست ئێستا ؟ ئه‌و چیرۆكانه‌ش كۆتاییان نایه‌ت. چیرۆكی ئه‌گه‌ر و به‌ڵامه‌كان، خۆزگه وبریاكان ... چیرۆكی بۆ نا و بۆ ئاكان ... ڕه‌نگه ئه‌مشه‌و بگریم ... نازانم! ئه‌و بوغزه‌ی ڕێی به هه‌ناسه‌م گرتووه ڕه‌نگه ئه‌مشه‌و قورگم به‌ردات ... ئه‌مشه‌و یان به‌یانی ... یان قه‌ت !!! ***** دێمه سه‌ر لاپه‌ره‌ی نووسه‌ری كوردئای تی گرووپ! تامه‌زرۆی نووسینم! لاپه‌ره‌كه ده‌كرێته‌وه! له ده‌رێشڕا ده‌نگی باران ده‌ێت! بۆ یه‌ك چركه گومان ده‌كه‌م: چی بنووسم؟ گومان ده‌كه‌م ... ده‌فته‌ره شینه‌که‌ی وێنه‌ی" دیدلی" له سه‌ره ، هه‌ڵده‌گرم و ده‌یكه‌مه‌وه : " له ئێواره‌یه‌كی ... خۆشمویستی. ده‌ڵێی هه‌زار ساڵ‌بوو كه‌سم خۆشنه‌ویستبوو. له ئێواره‌یه‌كی ... خه‌ریكبوو جوانترین خه‌ونی ژیانم ونبكه‌م، خه‌ریكبوو هه‌موو چراكان بكوژێنه‌وه. ئێستا ... ئه‌مڕۆ ... به‌یانی ... خۆشمده‌وێی ..." دڵم ده‌گیرێت، ته‌مێك سێبه‌ر ده‌خاته سه‌ر سۆمایی چاوه‌كانم ... له خه‌می هه‌موو ئه‌و شێعره دڵدارییانه كه هێشتا كه‌س نه‌ینووسیوه... هێشتا كه‌س هه‌ستی پێنه‌كردووه! نا، له خه‌می هه‌ستی جوانی تۆ كه له دووشه‌مه‌یه‌كی خۆڵاوی دڵته‌نگ ون بوو ... ****** ساعه‌ت دوو و نیوی به‌یانییه! تۆش خه‌وتووی! منیش خه‌ریكم له ناو كتێبه‌كانی به‌رامبه‌رم له دوای وشه‌یه‌ك، ڕسته‌یه‌كی جوان ده‌گه‌رێم خۆمی تێدا ببینمه‌وه! خۆمی تێدا ون كه‌م! شتێك كه له حاڵ و هه‌وای ئه‌مشه‌وم بێته‌وه ... نا، هیچ نادۆزمه‌وه! ............ هیچ نادۆزمه‌وه! |