August 18, 2003
هه‌ندێ جار به خۆم ده‌ڵێم: تۆی له خۆی دوور كردۆته‌وه، تۆش وره و ده‌ستی لێهه‌ڵگره! هه‌ندێ جار زۆرت لێ دڵگیر ده‌بم. بۆ هێشتت ئه‌وه‌نده‌ت لێ دوور ببمه‌وه؟ به خۆم ده‌ڵێم ئیتر بیری لێناكه‌مه‌وه، كه‌چێ زۆری پێناچێت، خه‌ریكم نان ده‌خۆم یان به تله‌فوون قسه ده‌كه‌م و ده‌بینم دیسان هاتوویه ناو بیر و خه‌یاڵم! هه‌ندێ جار به خۆم ده‌ڵێم: وه‌ره ئیتر قه‌ت نه‌گه‌رێینه‌وه لای! وره با ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌وانی ترمان لێبێت. خۆش بین، بیره بخۆینه‌وه و دوو قسه‌ی زل بكه‌ین و دوایی هه‌موو شتێك وه‌لا نێین تا بیره خواردنه‌وه‌یه‌كی‌تر. ده‌لێم وه‌ره بچین خۆش بین، بژین، له‌و ڕێز و ئازادییه‌ی لێره هه‌یه كه‌لك وه‌رگرین. ده‌لێم وه‌ره ده‌ست له هه‌رچی خه‌ون و خه‌یاڵه بشۆینه‌وه! ئاخر خۆ قه‌راره هه‌ر یه‌كجار بژین ... هه‌ندێ جار كه مه‌ودایی نێوانمان زۆرتر له هه‌میشه ده‌مترسێنێت، ئه‌و ڕۆژانه‌ی زۆر هه‌ست به ته‌نیایی ده‌كه‌م، كه زۆر ماندووم، كه هه‌ست ده‌كه‌م هیچ كارێكم له ده‌ست نایه‌ت، ئه‌و ڕۆژانه‌ی هه‌موو شتێك دووره، مه‌حاڵه، ڕۆژی وا سه‌یر سه‌ڕم لێده‌شێوێت. ده‌ڵێم: نا، هه‌ر لێره ماڵێكی بچووكی جوان ده‌كرم، ماڵێك كه باخچه‌یه‌کی خنجیلانه‌ی هه‌بێت، له گه‌ره‌كێكی خۆش، كه‌مێك دوور له شار و هه‌را وهوریاكه‌ی، بیر ده‌كه‌مه‌وه منداڵم بێت، دوو سێ منداڵی چاوڕه‌ش. بیر ده‌كه‌مه‌وه هه‌ر لێره ماڵێك بكڕم، كار بكه‌م و منداڵه‌كانم گه‌وره بكه‌م و تا ڕۆژه‌كانی ئاخری ته‌مه‌نیشم، پاره‌ی قه‌رزی بانك بده‌مه‌وه و ... هه‌ندێ رۆژ به خۆم ده‌ڵێم : نا، تازه قه‌ت ناگه‌رێمه‌وه لات... جار هه‌یه زۆر دووری ... ئه‌وه‌نده دوور، ئه‌وه‌نده نامۆ كه هه‌ستت پێناكه‌م. وه‌ك بڵێی قه‌تم نه‌دیوی، نه‌ناسیوی... به‌ڵام ... به‌ڵام ئه‌م هه‌سته قورسه زۆر ناخایێنێت، دێیه‌وه، دڵم بۆت لێده‌دات، ده‌كه‌ومه‌وه خه‌و بیبین. خۆم له ئامێزتدا ده‌بینم، پڕ ده‌بمه‌وه له‌و شتانه‌ی بایه‌خیان هه‌یه بۆم. پڕ ده‌بم له‌و شتانه‌ی خۆشمده‌وێن. دیسان كاتی نان خواردن، كاتی قسه كردن، كاتی پیاسه كردن و ... بیرم له لاته. بیر له خۆشییه‌كانت ده‌كه‌مه‌وه. بیر له ژان و له ته‌نیاییه‌كانت ده‌كه‌مه‌وه. بیر له بۆنی ئاشنات و گه‌رمای ئامێزت ده‌كه‌مه‌وه. ده‌بینم نا، به تۆوه ژیان مانایه‌كی تری هه‌یه. به تۆوه ئامانجێكی تم هه‌یه. به تۆوه هه‌ست به كامڵ بوون ده‌كه‌م... ڕاسته، ڕه‌نگه سنوور شتێكی باش نه‌بێت. ڕه‌نگه جیا كردنه‌وه‌ی مڕۆڤه‌كان باش یان ڕاست نه‌بێت. به‌لام ده‌چمه هه‌ر جێیه‌ك، به هه‌ر زمانێك ده‌دوێم، بۆن له هه‌ر گوڵێك ده‌كه‌م، جێی تۆ ناگرێته‌وه. بۆشایی دووری تۆ پڕ‌ناكاته‌وه! خاكه‌كه‌ت، باغ و گولستانه‌كان، دارستانه‌كان، چیاكان، باڵنده‌كان، ڕووبار و گۆم و چه‌مه‌كان ... كه بیریان لێده‌كه‌مه‌وه ، پڕ ده‌بم له هه‌ستێكی دایكانه. خۆزگه‌ی له ئامێز گرتنت وه‌ك منداڵه چاوڕه‌شه‌كه‌ی خۆم... هه‌ندێ جار لێت توڕه ده‌بم، ده‌لێم تۆ منت له خۆت دوور كرده‌وه. هه‌ندێ جار بریارده‌ده‌م تازه قه‌ت نه‌گه‌رێمه‌وه لات، هه‌ندێ جار ترس داگیرم ده‌كات كه نه‌كا ئه‌و برینانه‌ی گۆپاڵی فه‌رهه‌نگ و دین و داب ونه‌ریتی باب وباپیران خستوویانه‌ته سه‌ر له‌ش و گیانت، بۆم سارێژ نه‌بێته‌وه، ده‌لێم نه‌كا زامه‌كانی سه‌دان ساڵ شه‌ر و پارچه پارچه بوون ده‌رمانی نه‌بێت ... هه‌ندێ جار توڕه‌م و ده‌ترسێم و ... به‌ڵام هه‌ر خۆشمده‌وێیت! نـــــــــــــاوی ده‌نێیه چی؟ نۆستالژی یان هه‌ر وشه‌یه‌كی قه‌به و زلی تر... بۆم گرینگ نییه. بیرم كردووی. مه‌رج بێت ئه‌مجار كه هاتمه‌وه له قامیشلی له ئامێزت ده‌گرم، له هه‌ولێر سه‌ر ده‌كه‌مه سه‌ر سنگت، له مه‌هاباد بۆن به قژته‌وه ده‌كه‌م و له سنه و كرمانشان و بانه و سه‌قز و .... چیرۆكی دڵداری خۆمت بۆ ده‌گێرمه‌وه... |