September 17, 2003
ده‌توانی چاو له سه‌ر یه‌ک دانێی و بچیه ژێر باران و تا حه‌ز ده‌كه‌ی تهڕبیت. ده‌توانی له ژێر باران بڕۆیی و گوێ بۆ جوان حاجو ڕاگری و بیر له‌و كچه نه‌كه‌یه‌وه بابی "دوو دڵۆپ تێزابی به قاچیا كرد با نه‌چێته ده‌رێ و نه‌سیحه‌ت وه‌ر گرێت". ده‌توانی هه‌روا كه ده‌ڕۆیی و ته‌ر ده‌بی بیر له مانای "دوو دڵۆپ" له زمانی شیرنی كوردیدا نه‌كه‌یه‌وه با سهڕت سووڕ نه‌مێنێت. ده‌توانی ده‌نگی جوان حاجو به‌رزتر بكه‌یه‌وه و بیر له‌و كچۆڵه بێنازه نه‌كه‌یه‌وه "دایكی چه‌قۆی له چاوی ڕۆكرد و كوێری كرد... چوونكه هێزی به مێرده‌كه‌ی كه هه‌موو ڕۆژێ لێیده‌دا و ئازاری ده‌دا نه‌ده‌گه‌یشت! " ده‌توانی له سه‌ر جۆلانه ڕه‌شه‌كه‌ی باخچه‌ی بێ گوڵی پێش مالی خۆت دانیشی و بیر له له‌شی سووتاوی چه‌ند كچی میرمنداڵ له باشوری كوردستان و له‌شی بێ‌گیانی كچێك له كوێره دێیه‌كی زاهیدان، نه‌که‌یه‌وه. ده‌توانی چاو له سه‌ر یه‌ك دانێی و خۆت بده‌یه ژێر بارانی پایز و بیر له‌و ته‌رمانه نه‌كه‌یه‌وه كه بایخیان به قه‌د هه‌والێكی بچووك له گۆشه‌ی چه‌پی لاپه‌ره‌ی ڕۆژناهیهك بووه! ده‌توانی ده‌نگی خۆشی جوان حاجو ئه‌وه‌نده به‌رز كه‌یه‌وه تا چیتر بیر نه‌كه‌یه‌وه له‌و كچۆڵه 13 ساڵه‌ی بابی كوشتی چونكه نه‌یویست له لای پێره پیاوێكی 80 ساڵه كه به یه‌ك میلۆن كریبوویهوه، دانیشه... تا سێبه‌ری بیری ئه‌و كچه 9 ساڵه‌ی مامۆی ده‌ست درێژی پێكرد قورسایی نه‌خاته سه‌ر زه‌ینت! به تۆ چی ئه‌و شتانه! ئه‌وانه ته‌نیا هه‌واڵی ناو ڕۆژنامه‌كانه! ئه‌وانه ته‌نیا له دنیایه‌كی دوور، زۆر دوور ڕوو ده‌ده‌ن! به تۆ چی ئاخر ... به تۆ چی "ڕوناك فه‌رج" به كچێكی له‌ش برینداری بێ ده‌ره‌تان ده‌لێ:" بۆ یاخی بووی". به تۆ چی ئاخر بچی هه‌نبانه بۆرینه ههڵدهیهوه و له مانای وشه‌ی یاخی بوون بگه‌رێی، ئه‌ی، نه‌كا تا ئێستا به هه‌ڵه‌ی تێگهیشتبێی! به تۆ چی كچێكی له‌ش سووتاوی بێ ده‌ره‌تان ده‌لێ :" له چاوی هه‌موو پیاوێكدا بابی خۆم ده‌بینم، بۆیه ڕقم له هه‌موو پیاوێك ده‌بێته‌وه و حه‌زم له ئازاردانیانه"، به تۆ چی كه‌س هاواری كچێكی له‌ش سووتاوی بێده‌ره‌تان نابیستێ كاتێك ده‌لێ :"من له شوێنێك ده‌گه‌ڕام تێدا بحه‌سێمه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی تێدا ته‌ریق بكرێمه‌وه و دایكم به چاوی پڕ له فرمێسك به‌رامبه‌رم دا‌نیشێت" ... ده‌نگی جوان حاجو تا ده‌توانی به‌رز بكه‌وه و له بیر خۆت به‌ره‌وه له سه‌رده‌می ئێمه مڕۆڤ هه‌رزانترین كاڵایه! له بیر خۆت به‌ره‌وه له سه‌رده‌مێكی بۆگه‌نیودا ده‌ژیت. له بیر خۆت به‌ره‌وه ئێره و ئه‌وه‌ی نییه، مڕۆڤ بۆ له ناو بردنی مڕۆڤ قۆڵی هه‌ڵمالیوه... له بیر خۆت به‌ره‌وه له به‌شێكی ئه‌م دونیایه منداڵ له ڕیزی مرۆڤ داناندرێت ... دانیشه به‌شكوو گه‌رمای سۆزی ده‌نگی جوان حاجو سه‌هۆڵبه‌ندانی گیانت بتوێنێته‌وه ... دانیشه به‌شكوو باران ته‌پ و تۆزی ئه‌م ته‌مه‌ت له ڕوو بشواته‌وه ... دانیشه به‌شكوو ئه‌م گریانه گرێی ئه‌م خه‌مه‌ت بكاته‌وه ... دانیشه، بیر مه‌كه‌وه ... بۆ خۆشت ده‌زانی باشتره چیتر ڕۆژنامه‌كان نهخوێنێوه! |