October 7, 2003
ده‌ڵێی بارانی هه‌زار ساڵ له پشت ده‌رگا به‌ستراوه‌كانی ئاسمان، ئه‌مڕۆ ڕێگه‌ی بارینیان پێدراوه. ده‌بارێت، ده‌بارێت و ده‌ڵێی قه‌ت ته‌واوی نایه‌ت. له ماوه‌یه‌كی كه‌متر له چاره‌گێك ته‌ڕ ته‌ڕ بووم. ده‌نگی باران شێتم ده‌كات. ئه‌و گه‌ڵا ته‌ره زه‌رد و سوورانه شێتم ده‌كه‌ن. ئه‌مڕۆ زۆرتر له هه‌ر كاتێك پێویستم به بوونت بوو. ئاخ ئه‌گه‌ر بزانی چه‌نده به تاسه‌ی ئامێزت بووم، چه‌ند هه‌ستم به دووری و ته‌نیایی و له بیرچوونه‌وه ده‌كرد. ئاخ ئه‌گه‌ر بزانی هه‌ندێ ڕۆژ چه‌ند سه‌خته چاو كردنه‌وه و نه‌دیتنی تۆ له په‌نام. كه هه‌ندێ ڕۆژ چه‌ند سه‌خته هاتنه‌وه و نه‌بوونی تۆ، نه‌بیستنی تۆ ... ده‌لێی بارانی هه‌زار ساڵ، ئه‌مڕۆ ده‌بارێت. ده‌لێی ئه‌و بارانه قه‌ت لێنابێته‌وه. ماندوو بووم هه‌نده‌ی قسه‌م ده‌گه‌ڵ خۆم كرد. ماندوو بووم هه‌نده هه‌ر ده‌نگی خۆم بیست و ده‌گه‌ڵ تۆم بوو ... چۆنت پێ بڵێم ئه‌و بێده‌نگییه خه‌ریكه كه‌ڕم ده‌كات ... |