Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

October 23, 2003

"منداڵ ‌كه بووم، هیچ میچێكم له بان سه‌ر نه‌بوو. چ له‌و میچانه‌ی سپی سپین و هه‌موو جێیه‌كی له یه‌ك ده‌چێت و كاتێ ڕوانینی سه‌رلێشێواوت ئۆقره‌ت لێده‌بری، به ئاواته‌وه‌ی په‌ڵه‌یه‌ك، شتێكی به سه‌ره‌وه بێت تا نیگات له دوا خات، چ له‌و میچانه‌ی گێچكاری كراون و پڕن له نه‌قش و نیگارێ كه مڕۆڤ زۆر زوو له پێچ و په‌نای نه‌قشه‌كانیدا ڕێگه‌ی ڕوانینی ده‌دۆزێته‌وه و ون نابێت! ته‌نیا ئاسمان بوو، ئاسمانێكی پڕ‌له ئه‌ستێره كه هه‌ر شه‌وه‌ێ به شكڵێك خۆی ده‌نواند، شه‌وێك مانگه شه‌و بوو، شه‌وێك هه‌وراوی، شه‌وێك بێ مانگ و بێ هه‌ور، پڕ پڕ له ئه‌ستێره. جێی ئه‌ستێره‌كانیش هه‌ر وه‌رزێك، ڕۆژ به ڕۆژ، كات به كات ده‌گۆڕدرا. تازه ئه‌گه‌ریش جێیان نه‌گۆردرابا، له ئاست بچووكی من، ئاسمان هێند گه‌وره بوو كه قه‌ت نه‌ده‌گه‌یشتمه كۆتاییه‌كه‌ی و نه‌مده‌توانی هه‌مووی پڕ به دڵ چاو لێبكه‌م. جا ئه‌وانه هه‌موو له لایه‌ك، ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی ده‌خوشیان و ون ده‌بوون به‌ڵام یادیان تا ماوه‌یه‌ك ده‌ماوه، له لایه‌ك. باسی ئه‌و ئه‌ستێرانه ده‌كه‌م كه ئه‌گه‌ر دیبات دره‌نگت پێزانیون، دڵت ده‌گیرا، هه‌ر ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی بروسكه‌یان چاو، گیرۆده‌ی خۆیان ده‌كه‌ن...

هه‌موو شه‌وێك به دوای ئه‌ستێره‌ی خۆم ده‌گه‌ڕام. بیرم نایه كێ پێی گوتبووم هه‌ر مڕۆڤێك ئه‌ستێره‌یه‌كی هه‌یه. نازانم، هه‌ر كه‌س بێت،ڕه‌نگه خۆشی له ناو چیرۆكاندا به‌مه‌ی زانیوه، چیرۆكێ كه ڕه‌نگه ته‌مه‌نی له ته‌مه‌نی مرۆڤ زیاتر بێت. ئاخر ده‌زانی، ته‌نیا من نه‌‌بووم، هه‌ر كه‌سم ده‌دیت ده‌یگوت: منیش به دوای ئه‌ستێره‌ی خۆما گه‌ڕاوم. كه لێم ده‌پرسین دیتوویانه‌ته‌وه یا نا، ده‌یانگوت نا، دوای ماوه‌یه‌ك ماندوو بووین له گه‌ڕان! یان ده‌یانگوت: "تۆش دڵت خۆشه ها، من له حه‌وت ئاسمانیش تاقه ئه‌ستێره‌یه‌كم نییه". ئه‌و كات بوو من دڵم ده‌گیرا. له ئاسمانێكی ئاوا گه‌وره ده‌‌بێت ئه‌ستێره‌یه‌ك بۆ هه‌ر دڵێك هه‌بێت. چۆن ده‌بێ كه‌سێك له حه‌وت ئاسمانا ئه‌ستێره‌یه‌كی وه‌ده‌ست نه‌كه‌وێت؟

به‌ڵام ئه‌وانی ئه‌ستێره‌ی خۆیان دۆزیبۆوه، قه‌ت هیچیان نه‌ده‌گوت. دیار بوو ئه‌وه‌ی لێی گه‌راون دیتوویانه‌ته‌وه. ئاخر ڕوانینیان سه‌رلێشێواو نه‌بوو. جۆرێك ده‌تتوانی كۆتری ڕوانینیان ببینی كه له شوێنێك هه‌ڵكوڕماوه و گیرساوه‌ته‌وه. وه‌ك بڵێی هه‌میشه شتێك، شوێنێك هه‌یه له سه‌رلێشێواوی نیگا، ڕزگاریان بكات. هه‌رچه‌نده زۆر جاریش پێموانه‌بوو هیچ ده‌بینن. ده‌تگوت نوقمن، ونن، له جێیه‌كی ترن، به‌ڵام وه‌ك بڵێی هیچ نابینن وا بوو. له ڕووم هه‌ڵنه‌ده‌هات باسی ئه‌ستێره‌كه‌یان لێ بپرسم، ده‌مـگوت پرسیاریش بكه‌م، ڕه‌نگه حه‌ز نه‌که‌ن وڵامم بده‌نه‌وه و ئه‌ستێره‌كه‌یان ده‌گه‌ڵ ‌من به‌ش بكه‌ن!

ئاوا بوو، هه‌موو شه‌وێك له سه‌ر پشت ڕاده‌کشام و چاوم ده‌برییه ئاسمان و به دوای ئه‌ستێره‌ی خۆما ده‌گه‌ڕام. ده‌مویست بزانم كامیان ئه‌ستێره‌ی منه. هه‌ندێ جار یه‌كیانم هه‌ڵده‌بژارد، به‌ڵام دواتر نه‌مده‌توانی بیبینمه‌وه. یان یه‌ك دوو شه‌و دواتر به دڵم نه‌‌بوو ئیتر، لێی ماندوو ده‌بووم. یان هه‌ندێ جار دوو سێ شه‌و هه‌ور بوو و ئه‌ستێره ون، كه هه‌وره‌كان ده‌رۆیشتن ئیتر له بیرم كردبوو. هه‌ندێ جاریش له تریفه‌ی مانگه شه‌وا لێم ون ده‌بوون و دڵم پڕ ده‌بوو و گوڵی گریانم هه‌لده‌ستا. جۆرێك كه ئیتر ئه‌و ئه‌ستێره‌م نه‌ده‌ویست. نه‌مده‌ویست تا ئیتر دڵم ئاوا پڕ نه‌بێت. نه ئه‌وه‌ی كه من ئیره‌یی به مانگ به‌رم و بڵێم بریا مانگ هین من بایه، نا، به‌ڵام كه ئه‌ستێره‌ی مرۆڤ له تریفه‌ی مانگه‌ شه‌ودا ون ده‌بێت، بیر ده‌که‌یه‌وه چه‌نده خۆت و ئه‌ستێره‌كه‌ت بچووكن. كه مانگ هه‌یه، ئیتر من هیچ نیم، مڕۆڤێكی سه‌رلێشێواوی بێ ئه‌ستێره نه‌بێت!

ئیتر ڕۆژێك به دوای ئه‌ستێره‌دا نه‌گه‌ڕام. ئه‌وه‌نده كه خه‌ڵك گوتیان ده‌ی ئه‌وه‌ ئه‌ستێره‌یه‌كیشت دیته‌‌وه، خۆ هه‌ر نابێت به هین تۆ. ئاخر ڕه‌سمه‌که‌ی وایه، هه‌ر شتێك كه بێته‌ هین تۆ ده‌بێ به‌ڵگه و سه‌نه‌دت بۆی هه‌بێت، ده‌بێ له شوێنێك تۆماری كه‌ی. خۆ ناتوانی هه‌ر وا له گۆتره، له دووره‌وه بڵێی ئه‌وه ئه‌ستێره‌ی منه. ده‌بێ بتوانی ده‌گه‌ڵی ‌به ڕێگه‌دا بڕۆی، ده‌بێ بتوانی ده‌ستی لێده‌ی، هه‌ستی پێبكه‌ی. ئه‌گه‌ریش تۆ هه‌ستی بچی بۆ لایی، چوزانی ده‌توانی له‌وێ بژیت؟ له برسان نامریت؟ ئه‌گه نه‌خۆش بووی چی ده‌كه‌ی؟ زستان كه هات به چی خۆت گه‌رم ده‌كه‌یه‌وه؟ بێ كاره‌با چی ده‌که‌ی؟ گوتیان به جێی ئه‌و ده‌بێ و نابێیه، بڕۆ "بژی" باشتره. ماڵ ‌بكڕه. زه‌وی بكره. ئوتومبیل بكڕه. ئه‌و كات ئیتر هیچت كه‌م نابێت. ئه‌وه‌نده‌یان ئه‌و قسانه له گوێما گوت كه من ئیتر نه‌مویست به دوای ئه‌ستێره‌كه‌مدا بگه‌ڕێم.

چه‌ند ساڵ ‌ئاوا تێپه‌ڕێ. دیم هه‌موو ئه‌وانه‌ی ماڵ و زه‌وی و ئوتومبیلیان هه‌یه، دیسان هه‌ر ده‌ڵێی شتێكیان كه‌مه‌. ده‌لێی به دوای شتێكدا وێڵن. ده‌ڵێی شتێكیان ون كردووه. بێ ئه‌وه‌ش، هه‌موو مڕۆڤه‌ بێ ئه‌ستێره‌كان و ئه‌ستێره‌داره‌كان ده‌مرن. ئه‌وانی بێ ئه‌ستێره كه ده‌مرن، ماڵ و زه‌وی و ئوتومبیله‌که‌یان ده‌بێت به هین كه‌سێكی تر. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌دار كه ده‌مرێت، ئه‌ستێره‌كه‌ی هه‌ر ده‌مێنێت، به‌ڵگه‌شی به ناوی كه‌س ناكرێت.

ئه‌و كات بوو به خۆم گوت كه دیسان به دوای ئه‌ستێره‌كه‌مدا ده‌گه‌رێم. به‌ڵام ئه‌و جار به چاوی به‌ستراو. ته‌نانه‌ت له ژێر میچیش. ئاخر ده‌زانی، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ئه‌ستێره‌ ببینی ده‌بێ له تاریكیدا لێی بگه‌رێت. ئه‌وه‌نده گه‌ڕام تا ڕوژێك ئه‌ستێره‌یه‌كی بچووكی دوورم بۆ خۆم دیته‌وه. سه‌ره‌تا خۆشحال بووم. گوتم چیتر نیگام سه‌گه‌ردان نابێت... به‌ڵام دوای چه‌‌ند ڕۆژێك دیم هه‌ردڵته‌نگم. بیرم كرده‌وه ... ئه‌هااااا، ئه‌ستێره‌ی من گوڵی نه‌بوو. گوڵێك كه من هه‌موو به‌یانییه‌ك ئاوی بده‌م. گوڵپه‌ره‌كان بسڕمه‌وه و ئاگام لێی بێت. ڕۆژێ جارێك بۆنی بكه‌م و تا ڕۆژی دواتر له بۆنیی مه‌ست بم. ده‌زانی، ئێستا چاوه‌ڕێم. چاوه‌ڕێم بایه‌ك بێت تۆی گوڵێكم بۆ بێنێت. چاوه‌ڕێم، هه‌موو ڕۆژێك هه‌ر وا چاوه‌رێم...."



*باوه‌ر بكه هیچ هۆیه‌كی تایبه‌‌تی نه‌بوو كه ئه‌و نووسراوه‌یه زوو ون بوو لێره!
و

*تــــــــۆش ده‌زانی كه هه‌ر خۆشمده‌وێی!




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------