November 30, 2003
دانیشتووم بیرده‌كه‌مه‌وه باڵنده مردنی پێ خۆشتره یان شكانی باڵیی، وا كه نه‌توانێت تازه قه‌ت له شه‌قه‌ی باڵی بدات و بفڕێت؟ بیر ده‌كه‌مه‌وه تاوانی كوشتنی باڵنده زۆرتره یان به‌ڕه‌ڵلا كردنیی له چاوه‌روانییه‌ك كه تازه قه‌ت كۆتایی نایه‌ت؟ *** بۆ دڵی خۆم: چیرۆكێكی كۆنه. چیرۆكێك كه ده‌یان جار، نا، سه‌دان جار، بگره زۆرتریش بیستووته و هه‌روا به ته‌نیشتیدا تێپه‌ریوی و قه‌ت تێنه‌گه‌یشتوویی بـــــــــــــۆ؟ بـــــــــۆ كۆتاییه‌كان ئاوان كه هه‌ن؟ ئـــــــــه‌وه چاره‌نووسه یان قه‌زا و قه‌ده‌ر؟ ویستی خودایه یان شه‌یتان؟ بۆت ده‌نووسێت :" تكایه له‌بیرم مه‌كه!" و پێت ده‌ڵێت: "ناتبینمه‌وه" و تــــۆ تێناگه‌یی. بۆت ده‌نووسێت:"خۆشمده‌وێی" و ده‌ڵێت: "هه‌موو شتێك ته‌واو بووه" و تــــــۆ باوه‌ر ناكه‌ی! بۆت ده‌نووسێت:" بێ تۆ زۆر سه‌خته" و ده‌ڵێت: " هه‌رچی بووین و كردمان وگوتمان له بیربكه" و تۆ ده‌نگی ڕووخانی شتێك له ناو خۆتا ده‌بیستی و هه‌ناسه‌ت هێنده قورسه ناگه‌نه به‌ر ... به‌رهه‌م: سه‌رسوڕمان ... هه‌ستێكی سه‌یره ئه‌و هه‌سته كه ئه‌وه‌ی به گه‌رمای خۆشه‌ویستی خۆیی، تۆی ده‌گه‌ڵ خۆت ئاشت كرده‌وه، ئێستا ناو دڵی سه‌هۆڵبه‌ندانێكه و تۆ سڕ ده‌كات! جۆره بۆشاییه‌ك! بۆشاییه‌كی بێ‌بڕانه‌وه. بۆشاییه‌ك كه هه‌رچی زۆرتر نوقمی ده‌بیت، قوڵتر ده‌بێته‌وه. هه‌ستێكی سه‌یره! په‌نجه‌ره‌یه‌كی تازه‌یه بۆ دیتن. دیتنی ڕووداوێك كه لێی بێزاری. ڕه‌نگه تا ئێستا خۆت ده‌یان جار به كه‌سێكی‌ترت گوتبێت "خۆشمناوێی" و قه‌ت نه‌تزانیوه ئه‌و كه‌سه چ هه‌ستێكی هه‌بووه كاتی بیستنی. قه‌ت نوقم بوونیت له بۆشاییه‌كاندا نه‌دیتوه و هه‌ستت پێنه‌كردووه. به خۆت ده‌لێی ده‌ی ئیتر، خۆشنه‌ویستن هۆی ناوێت، ده‌یه‌وێت؟! هه‌ندێ جار ڕوو نادات. هه‌ندێ جار نابێت، تاوانی كه‌س نییه! كه‌چی گومان ده‌كه‌یی له هه‌رچی خۆشه‌ویستی و خۆشویستنه! گومان ده‌كه‌ی له هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێت ده‌لێن، پێیان گوتووی "خۆشمده‌وێی". به خۆت ده‌ڵێی: "ورده‌و، ... چیرۆكی خۆشه‌ویستی خۆی بۆ نووسیوی، باوه‌ری بكه!" ، به خۆت ده‌لێی :"... چاوه‌رێته خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی قه‌بووڵ بكه‌ی، ڕێگه‌ی بده!" ، به خۆت ده‌لێی و ده‌ڵێی و ده‌لێی و ده‌ڵێی ... كه‌چی دێوی گومان یه‌خه‌ت ده‌گرێت و ژاری خۆی ده‌رژێته ناوی ده‌ماری هه‌رچی باوه‌ڕه! ئه‌نجام : ڕووخان *** ئه‌وه‌یان بۆ تۆیه: بیر بكه‌وه باڵنده مردنی پێ خۆشتره یان شكانی باڵیی، وا كه نه‌توانێت تازه قه‌ت له شه‌قه‌ی باڵی بدات و بفڕێت؟ بیر بكه‌وه تاوانی كوشتنه‌كه‌ی زۆرتره یان به‌ڕه‌ڵلا كردنیی له چاوه‌روانییه‌ك كه تازه قه‌ت كۆتایی نایه‌ت؟ ................................ ڕۆژه‌كان درێژ و درێژتر ده‌بنه‌وه ...! كات لێورێژه له هیچ! شه‌وه‌كان دره‌نگ دێن و زوو ده‌ڕۆن. كاكی پۆستچی هه‌موو ڕۆژێ دێت و بێ‌ئاوڕدانه‌وه له ده‌رگای من، ده‌روات. ئه‌و تله‌فوونه غه‌زه‌ب لێگیراوه‌ش ده‌نگی نایه‌ته ده‌ر! چاوه‌ڕوانی، ده‌چمه هه‌رشوێنێك به دواما دێت. خه‌یاڵێك له ناو پێخه‌ڤه‌كه‌ما چاوه‌رێم ده‌كات! بیرێكی تاڵ ده‌ست له یه‌خه‌م ناكاته‌وه: "چه‌ند جاری‌تر ده‌بێ درۆم ده‌گه‌ڵ بكه‌ن تا باوه‌ڕ بكه‌م مرۆڤ، مرۆڤی گوناح دانووی ده‌گه‌ڵ قسه‌ی ڕاست ناكووڵێت؟". ئاوێنه‌کان بشكێنم یان خۆم؟ باوه‌ڕم به هیچكامیان نه‌ماوه. ڕاستی ده‌زانی كێی‌تریش درۆی ده‌گه‌ڵ كردم؟ له‌عنه‌ت .... ئه‌م ڕۆژانه به قه‌د ساڵێك كتێبم خوێندۆته‌وه ... چاوه‌روانیم له قاره‌مانی چیرۆكه‌كان نییه، بۆیه ته‌نانه‌ت كاتێك به عاڵه‌م ئاشكرا درۆ ده‌كه‌ن، چاوم ته‌ڕ‌نابێت! ... یان له‌وانه‌یه، نازانم، له‌وانه‌یه ورده ورده وه‌ك شتێك درۆ كردنیش ئاسایی ده‌بێته‌وه! ... له كۆڵ خۆم بوومه‌ته‌وه! |