November 4, 2003
هه‌وایه‌كی سه‌یری هه‌یه ئه‌مڕۆ! زۆرتر له كۆتایی مانگی ڕه‌شه‌مه و سه‌ره‌تای خاكه‌لێوه ده‌چێت تا سه‌ره‌تای زستانی تاڵی ئێره! چ حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌و باره قورسه‌ی كتێب و كاغه‌زم له سه‌ر شان نه‌با، توانیبام پیاسه‌یه‌كی دوور و درێژ بكه‌م. ڕێگه‌م دووره، سواری مێترۆ ده‌بم. كابرایه‌كی كه‌مێك به‌خۆوه دێت له په‌نام داده‌نیشێت، له بۆنی عاره‌قه‌ی له‌شی حاڵم تێكده‌چێت، شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی ته‌نیشتم داده‌كێشم و لێده‌گه‌ڕێم بایه‌كه قژم ئاڵۆز كات. كابرا كه‌مێكی تریش دێته پێش!!! كتێبێك ده‌ردێنم و لاپه‌ڕه‌كانی هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه. وشه‌كان له پێش چاوم "هه‌ڵبه‌زدابه‌زیانه"، چه‌ند وشه‌ی دێری سه‌ره‌وه خۆیان تێكه‌ڵ به وشه‌كانی دێڕی ژێره‌وه ده‌که‌ن : "هه‌ندێ جار به خۆم ده‌ڵێم هه‌ر ئه‌وه‌نده مڕۆڤ جارێك هۆشی نه‌بێت ... نه‌هێنییه‌كی زۆر گه‌وره لێره‌دا هه‌یه... گوڵه سووره‌كه‌ی لێكردۆته‌وه یا نا ... باوه‌ر ناكه‌م گه‌وره‌كان ڕۆحیشیان ئاگادار بێت ئه‌و شته چه‌نده گرینگه... " . نا، ئه‌و كابرایه وه‌ك شتێك زیادی"خۆمانه" دانیشتووه. كه‌مێكیتر ده‌كشێمه‌وه و نووكی په‌نجه‌كانم له په‌نجه‌ره‌که‌وه ده‌به‌مه ده‌رێ و هه‌ستێكی خۆش پڕم ده‌كات! ده‌كه‌ومه‌وه بیری چیرۆكی خالۆ عه‌زیز. کتێبه‌كه‌یم دۆینێ شه‌و خوێنده‌وه."درویشیان" به یادی "عزیز یوسفی" نووسیوێتی. هه‌ستێكی سه‌یره تۆش شتێكی ئاوات له بیر بێت. هه‌ستێكی سه‌یره كه‌سێكی له كتێبه‌كاندا له سه‌ری ده‌نووسرێت، تۆ دیبێت، قسه‌ت ده‌گه‌ڵ كردبێت. ئه‌و ڕۆژه‌ی "عزیز یوسفی" هاته‌وه شاره‌كه‌ی، شه‌قامه‌كان پڕ پڕ‌بوون له كچ و كوڕ و پیاو ژنی هاوشاری و شاره‌كانی ده‌ورووبه‌ر. جه‌ماعه‌تێك هه‌ڵده‌پڕین، جه‌ماعه‌تێك دروژمیان ده‌دا، جه‌ماعه‌تێك وێنه‌كانیان به ده‌سته‌وه گرتبوو و سرودیان ده‌خوێنده‌وه. من و منداڵه ورتكه‌کانی گه‌ره‌ك خۆمان تێكه‌ڵی شه‌پۆلی خه‌ڵك كردبوو. ده‌هاتین و ده‌چووین. چه‌ندجاران له سه‌ر قه‌ڵاندۆشان به‌رز كراینه‌وه ... خه‌ڵكه‌كه هاواریان ده‌كرد: بیست وپێنج ساڵ زیندانی كاك عه‌زیز قاره‌مانی ... دایكه‌كان ده‌گریان ... به‌رده‌رگای ماڵه‌كه‌یان پڕ بوو له گوڵ ... وێنه‌كانی لێره و له‌وێ، ڕوانینێكی ئاشنا، سیمایه‌كی ئارام ... دایكه‌كان ده‌گریان ، خه‌ڵكه‌كه هاواری ده‌كرد ... دواتر كه بۆ یاری كردن ده‌گه‌ڵ خوشكه‌زاكه‌یی ده‌چووم بۆ ماڵه‌که‌یان ده‌مدیت، هیچ له وێنه‌كانی نه‌ده‌چوو. قژی سپی بوو، كه‌مێك كۆم ده‌بووه كاتی ڕۆیشتن، به‌ڵام نیگای ئاشنا بوو، سیمای ئارام بوو. هه‌میشه‌ش بزه‌یه‌كی له سه‌ر لێو بوو... باوه‌رێك ده‌بێ چه‌نده پیرۆز بێت كه مڕۆڤێك ئاوا ژیانی خۆی بۆ به‌خت بكات!؟ په‌نجه‌كانم شل بوونه‌ته‌وه، كتێبه‌که له ناو ده‌ستم ده‌خزێت ... پیاوه‌كه وا دیاره به ته‌ما نییه بكشێته‌وه، " هه‌ر بگه‌مه‌وه ماڵێ ده‌چم بۆ پیاسه كردن" خۆم به خۆم ده‌ڵێم.... گه‌ڕما و بۆنی له‌شی ئه‌و كابرایه حاڵم تێكده‌دات، بۆ ناكشێته‌وه!!! ... بریا توانیبام بڵێم قه‌تاره‌كه ڕاگرن من دابه‌زم ... بریا هێنده ماندوو نه‌بام ... |