November 6, 2003
خه‌ون بوو. له خه‌وه‌كه‌مدا وه‌خه‌به‌ر بووم. له خه‌وه‌كه‌مدا خۆم بوو و ئارامی دڵان و مێلۆدی به ده‌وری یه‌ك دانیشتبوون، ده‌نگی قاقا و پێكه‌نینیان ڕێگه ڕۆژێك ده‌ڕۆیشت. له خه‌وه‌كه‌مدا خۆم بوو و ئارامی دڵان و مێلۆدی دانیشتبوون و تفتی خه‌مه كۆن و نوێیه‌كانیان به تاڵی تێكیلا ده‌شۆرده‌وه. مێلۆدی كتێبی فروغی به ده‌سته‌وه بوو، ئارامی دڵان ده‌یگوت با شێعره‌كانی ژیلا بخوێنینه‌وه و خۆم وه‌ك هه‌میشه "ناڵه‌ی جوادیی" به ده‌سته‌وه بوو. مێلۆدی قژی ڕه‌نگ كردبوو. سوور، وه‌ك ڕه‌نگی شه‌راب، له ژێر چرای ژووره‌كه بریقه‌ی ده‌هات قژی. ئارامی دڵان كراسێكی شینی له به‌ردابوو. خۆم قژی پلكه كردبوو كراسێكی سه‌وزی له به‌ر دابوو. مێلۆدی گوتی : وه‌رن فاڵی فروغ بگرینه‌وه. ئارامی دڵان په‌ریه ناو قسه‌كه‌ی گوتی: "سێ تارێك و سێ گۆرانی و سێ په‌ڕه شێعری دڵداری"، خۆم گوتی :" یادی یاران و وڵاتم ڕۆژ و شه‌و"، مێلۆدی گوتی :" و قلب زودباور او را ... با ضربه‌های موذی حسرت ... در كنج سینه‌اش متورم می‌سازند" ئارامی دڵان بزه‌ی ده‌هات: " دیسانه‌وه په‌پوله‌ی حه‌ز ...شه‌می تاسه‌م ئه‌دوێنێت و" خۆم وه‌بیری هاته‌وه ئه‌و كتێبه‌ی ده‌ستی ئارامی دڵان هین كتێبخانه‌یه و هێشتا نه‌یبردۆته‌وه، وه‌بیری هاته‌وه ئه‌و كتێبه‌ی ده‌ست مێلۆدی به‌ڕۆژ له تاران را بۆی نارد بوو. له بیری بوو شتێكیشی له سه‌ر نووسیبوو ... با كایه‌یه‌ك بكه‌ین ... خۆم گوتی. مێلۆدی ده‌ڵێی: ب وه‌کوو،"بێده‌نگی". ئارامی دڵان سه‌ر ڕاده‌وه‌شێنێت. ده‌ڵێ: ب وه‌كوو"برین"، خۆم بیر له "بوون" ده‌كاته‌وه! مێلۆدی ده‌ڵێ : ب وه‌ك "بێگانه"! ئارامی دڵان دیسان سه‌ر ڕاده‌وه‌شێنێت: ب وه‌کوو "به‌رزایی"، خۆم بیر له "باوه‌ڕ" ده‌كاته‌وه . مێلۆدی پێده‌كه‌نێ : ب وه‌کوو "بادانه‌وه"، ئارامی دڵان چاوی لێده‌كات : ب وه‌کوو "بووژانه‌وه" . خۆم بیر له "بێكۆتایی" ده‌كاته‌وه! مێلۆدی ده‌ڵێ: خ وه‌كوو "خه‌م"! ئارامی دڵان كتێبه‌كه‌ی له باوه‌شدا ده‌ڵێ: خ وه‌كوو "خه‌ون". خۆم بیر له "خۆشه‌ویستی" ده‌كاته‌وه. مێلۆدی ده‌ڵێ: س وه‌کوو سه‌ما! ئارامی دڵان ده‌ڵێ : ته‌ح! س وه‌کوو سوتان. خۆم بیر له سه‌فه‌ر ده‌كاته‌وه! ... له‌پڕ هه‌ر دوو چاویان له خۆم كرد :" تۆ بۆ هیچ ناڵێی؟" خۆم خه‌ریك بوو ڕه‌سته‌یه‌ك به خۆشه‌ویستی و بێكۆتایی و بوون و باوه‌ڕ و سه‌فه‌ر ساز بكات بۆ تۆی بنووسێت ... |