November 9, 2003
وایه، تۆ ده‌ڵێی هیچ كارێكت له ده‌ست نایه‌ت. ڕاستیش ده‌كه‌ی! نه زانیاری سیاسیی ئه‌وتۆم هه‌یه تا وتاری دوور و درێژی پڕ‌له قسه‌ی زل زل بنووسم ، نه ڕۆژنامه‌وانم بتوانم هه‌ستم نه‌هێنییه‌كانی پشت په‌رده‌ی سه‌رۆكه‌كان و سه‌ركرده‌كانی حیزب‌كانمان ئاشكرا كه‌م ، نه شاعیرم بتوانم هه‌ستی خه‌لك بزوێنم و هانیان بده‌م شۆرش بكه‌ن . به من ده‌ڵێی ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌كه‌ی هه‌سته هه‌ر ئه‌مڕۆ بگه‌رێوه كوردستان و هه‌وڵ بده هه‌موو شتێك بگۆڕیی. به من ده‌ڵێی ئه‌وانه هه‌مووی هه‌ر قسه‌یه و خۆشت باوه‌ڕت به‌م شته نییه كه باسی ده‌كه‌ی! به من ده‌لێی قسه كه ده‌گه‌ڵ كرده‌وه ڕێك نه‌كه‌وێت هیچ مانایه‌ك و بایه‌خێكی نییه. به من ده‌ڵێی ئه‌گه‌ر ئه‌و ئازادییه‌ی لێره له هه‌نده‌ران هه‌مه لێمی بستێنن، هه‌موو ئه‌و قسه زلانه‌م له بیر ده‌چێته‌وه و ته‌نیا مه‌گه‌ر كاتی سه‌رخۆشی ده‌گه‌ل یه‌ك دوویه‌كی وه‌ك خۆم قسه زل دانیشین و تا به‌یانی چه‌نه لێبده‌ین. به من ده‌لێی :"چاوه‌كه‌م" تۆ له بیرت چۆته‌وه كه خۆت له كوردستان بووی ئێمه‌مانه به دزیی ده‌ژیاین، به دزی پێده‌كه‌نین، به دزی دڵداریمان ده‌كرد، ته‌نانه‌ت به دزی بیرمان ده‌كرده‌وه! من ده‌ڵێم ڕاسته، من بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به به‌خته‌وه‌ری بكه‌م پێویستم به‌م ئازادییه هه‌یه، به‌لام ئاخر شتێك، من كه ئێستا ئازادیشم و هێشتا هه‌ست به به‌خته‌وه‌ری ناكه‌م، كه وابوو گرفته‌كه ده‌بێت له جێیه‌كی تره‌وه سه‌رچاوه بگرێت. ده‌زانم قسه‌كانی منت به لاوه قسه‌ی زلی ناو كتێبانه. به‌ڵام مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وده‌ه‌ـیش باسی ئه‌وه‌ـان نه‌ده‌كرد كه "ژیان له هه‌نگاو هه‌ڵگرتن به‌ره‌و ئامانج مانا ده‌گرێت نه‌ك ته‌نیا هه‌ر له گه‌یشتن به ئامانجدا"، ده‌یی منیش ئێستا هه‌ست به سڕ بوون ده‌كه‌م، هیچ هه‌نگاوێك هه‌ڵناگیرێت، جوڵانه‌وه‌یه‌ك به‌ڕه‌و پێشه‌وه. ڕوو له هه‌ر لایه‌ك ده‌كه‌م قسه‌كان سه‌د پاته‌ی قسه سه‌د پاته بووه‌کانی پێشوون. ده‌بێت له جێیه‌ك دڵ به شتێك خۆش كه‌م! به من ده‌ڵێی ده‌یی ئه‌وه هاتییه‌وه كوردستان، ئاماده‌یی له به‌ر ده‌ربڕینی بیر و باوه‌ڕت بگیرێیت، ئه‌شكه‌نجه بدرێیت؟ ئاماده‌یی كه‌س وكار و دۆست و ئاشنات بخه‌یه مه‌ترسییه‌وه؟ به من ده‌ڵێی ئێستا ئیتر چوونه سینه‌ما و له ده‌رێ نان خواردن و بیره خواردنه‌وه و ده‌گه‌ل هاورێ كوڕ و كچه‌كانت له ده‌رێ بوون و ده‌ست له ده‌ستی دڵداره‌كه‌ت پیاسه‌كردن جێی خۆیان له ژیانی تۆدا كردۆته‌وه، یانی ئاماده‌ی ده‌ست له هه‌موو شتێك هه‌ڵگری و ته‌نیا له به‌ر گوتنی چوار وشه، ته‌نیا له‌به‌ر به ده‌نگی به‌رز بیر كردنه‌وه‌ت ژیانت بخه‌یه مه‌ترسییه‌وه؟ به من ده‌ڵێی لێره دوژمن زۆره. ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، یاسا، داب و نه‌ریت و فه‌رهه‌نگ هه‌مووی هه‌ر دژ به منه! من ده‌لێم ده‌یی ڕاست ده‌كه‌یی، ڕه‌نگه قه‌ت نه‌وێرم زۆر توند بڕۆم، به‌ڵام ده‌زانی، من ئاوا ده‌لێم له جێیه‌ك كه پێكه‌نین تاوانه، بزه لێدان ده‌بێت به دژایه‌تی كردن ده‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات. له جێیه‌ك كه به‌خته‌وه‌ر بوون تاوانه، كاتێكی كورت خۆش ڕابواردن ده‌بێت به دژایه‌تی كردن ده‌گه‌ڵ ڕه‌ش بیران. ئه‌گه‌ر نه ڕووخانی چوار چێوه ته‌نگ و تار وته‌سكه‌كان، كه كردنه‌وه‌ی په‌نجه‌ره داخراوه‌كان، خۆی ده‌بێت به شل كردنه‌وه‌ی كوتی ده‌ست و پێكان. من ئاوا ده‌لێم ئه‌و بیر و ئاواتانه‌ی من نه‌مامێكه شلك و بێ سێبه‌ر. تۆ ناتوانی پاڵی پێوه‌ده‌ی و له ژێر سێبه‌ری بحه‌سێیه‌وه، به‌لام ئایا ئه‌و نه‌مامه له بیابانێكی ڕووت و به‌ره‌هوت مانایه‌كیتر بۆ تۆ په‌یدا ناكات!؟ ئه‌و نه‌مامه ئه‌گه‌ر ئاگامان لێی بێت و په‌روه‌رده‌ی بكه‌ین، ڕۆژێك نابێت به دارێك و به‌ر نادات؟! ده‌زانی ده‌یان ساڵه هه‌ر من ده‌ڵێم و تۆ ده‌ڵێی و ژیان تێده‌په‌ڕێت. یه‌ك ده‌كه‌وێته به‌ندیخانه، یه‌ك ده‌بێت به پێشمه‌رگه، جا یان شه‌هید ده‌بێت یان دوایی چه‌ندین و چه‌ند ساڵ ده‌گات به پووچی و تینوویایه‌تی ناشكێت و ده‌ست هه‌ڵده‌گرێت. یان بۆ هه‌میشه و یان له شوێنێكی تر و له ڕێگه‌یه‌کی‌تر به دوایی وڵامه‌کاندا ده‌گه‌رێت. یه‌كێك بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرێت، یه‌كێ له دووره‌وه دروژم ده‌دات. درۆت ده‌گه‌ڵ ناكه‌م، له ناو دێڕی ئه‌و كتێبانه‌ی ده‌یانخوێنمه‌وه، ئه‌و قسانه‌ی ده‌یان بیستم، ژیانی خۆم ده‌بینم كه گرێ دراوی ده‌یان و سه‌دان ڕێگه و كوێره ڕێگه‌یه. تۆ ده‌ڵێی تازه دره‌نگه بۆ هه‌موو شتێك. به من ده‌ڵێی تا وه‌خۆ بێیته‌وه ، ڕیشه‌ت له‌وێ داكووتاوه و گه‌ڕانه‌وه ته‌نانه‌ت به خه‌یالتا نایه‌ت. من ده‌لێم ده‌بێت بێمه‌وه بیبینم تا بزانم. ئێره‌م دیوه و لێره ژیاوم. هێشتا خۆم به هین ئێره نازانم. به من ده‌ڵێی تۆ ته‌نیا جارێك ده‌ژیت و باشتره قه‌دری ژیانی خۆت بزانی. من ده‌ڵێم من هه‌ر جارێك ده‌ژیم و حه‌ز ده‌كه‌م نێوان بوون و نه‌بوونم جیاوازییه‌ك هه‌بێت، حه‌ز ده‌كه‌م گۆشه‌یه‌ك هه‌بێت، بستێك زه‌وی، گه‌زێك ئاسمان، خانۆچكه‌یه‌كی بچووك، سێبه‌ری دارێك له‌وێ كه پێی ده‌ڵێن وڵاتی خۆم! |