November 18, 2003
ده‌زانی هه‌موو تاوانی ئه‌وان بوو. ئه‌گه‌ر ده‌نگیان له گوێما نه‌ده‌زرینگاوه. ئه‌گه‌ر ده‌نگیان ئه‌وه‌نده به‌رز نه‌بایه، ئه‌گه‌ر به جێی هاوار و قیژه قسه‌یان كردبا، ئه‌گه‌ر نامۆیی هێرشی نه‌هێنابایه، من قه‌ت له بیری هه‌ڵاتندا نه‌ده‌بووم. قه‌ت هه‌ڵنه‌ده‌ستام بچمه شوێنێك گوێم له هیچ نه‌بێت و هیچ نه‌بینم! هه‌مووی به تاوانی تۆ ده‌زانم، ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌وه تاسه‌ی خۆشه‌ویستیت له دڵما زیندوو نه‌كردباوه، ئه‌گه‌ر نه‌تگوتبا ناوی منت پێخۆشه، ئه‌گه‌ر دوو باڵت نه‌دابامێ بۆ گه‌رانه‌وه‌م بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه بۆگه‌نیوه، ئه‌گه‌ر به‌ڵێنی حه‌سانه‌وه‌ت له ئامێزتدا پێنه‌دابام، ئه‌گه‌ر به بارانی وشه‌كانت ته‌ڕت نه‌كردبام ... هه‌مووی به تاوانی خۆم ده‌زانم، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌م بیر نه‌كردباوه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده به دواییدا نه‌گه‌رابام. ئه‌گه‌ر منیش وه‌ك ئه‌وانم لێده‌هات، ئه‌گه‌ر توانیبام تۆم خۆشنه‌وێت، ئه‌گه‌ر قه‌ت گه‌وره نه‌ده‌بووم ... .... ژنێك هه‌یه 35 ساڵێتی. قسه‌ی دڵی به كه‌س ناڵێت. تا ئێستا به كه‌سی نه‌گوتووه. به پێچه‌وانه‌ی من كه شانێكم ده‌وێت سه‌ری له سه‌ردانێم. سینگێك سه‌ر بكه‌مه سه‌ری و قسه‌ی بۆ بكه‌م . ئه‌و هیچ ناڵێت. جێ پێی ڕۆژه‌كان له سه‌ر ڕ‌ه‌شایی ژێری چاوی دیاره. ئه‌گه‌ر وه‌کوو منیش بایه، ئه‌گه‌ر قسه‌شی كردبا، خۆ هیچ نه‌ده‌گۆڕدرا، ده‌گۆڕدرا؟ ژنێك هه‌یه 45 ساڵێتی. قژی سپییه. نه‌رم نه‌رم. هه‌میشه وه‌ك ئه‌وه‌ی لێره نه‌بێت، دێت و ده‌روا. هه‌ست به هیچ ناكات. زۆر جار له پێش چاوته و نایبینیت. ڕوانینی به‌تاڵه له ژیان. له گه‌رما. چی ده‌بێت كه ژنێك له هه‌ستی ژیان دوور ده‌بێته‌وه؟ ماچ كردنی له‌بیر ده‌چێته‌وه؟ ده‌سته‌كانی خۆی له‌بیر ده‌كات؟ چیتر به گوڵدانه‌كانی لێواری په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌ی ڕاناگات؟ چی ده‌بێت ژنێك له‌بیری ده‌چێته‌وه بژیت؟ هه‌مووی تاوانی ئه‌وان بوو. خه‌ونه‌كانیان دزی. خه‌یاڵه‌كانیان دزی. ئاواته‌كانیان دزی. هه‌مووی تاوانی تۆ بوو. ئه‌گه‌ر نه‌ڕۆیشتبای. ئه‌گه‌ر لێره بایی و له باوه‌شت كردبام. ئه‌گه‌ر لێره بایی و گۆرانی قژ كاڵی لێو ئاڵت بۆ گوتبام ... ئه‌گه‌ر ده‌گه‌ڵ من شێت ببای، ئه‌گه‌ر گریانت ده‌گه‌ڵ به‌ش كردبام ... لێره بایی و قژی سه‌وزی خه‌وه‌كانمت داهێنابا ... هه‌مووی تاوانی خۆم بوو. ئه‌گه‌ر چاوم نه‌كردباوه. ئه‌گه‌ر فێری خه‌و بینین نه‌ده‌بووم، ئه‌گه‌ر چكۆله‌تر ده‌بوومه‌وه تا له دونیای ئه‌وانه جێم بێته‌وه ... ئه‌گه‌ر باوه‌ڕم به هه‌سته‌كان نه‌ده‌كرد، ئه‌گه‌ر به"هه‌رچی هه‌یه" ڕازی ده‌بووم و "بڕیا و خۆزگه"كانم ده‌ناشت... ئه‌گه‌ر فێری بینین و بیستن نه‌ده‌بووم ... ئه‌گه‌ر هیوای گه‌یشتن به ده‌ریام له‌بیر كردبا، ئه‌گه‌ر له قه‌راغ گۆمه مه‌نده‌كه ده‌گیرسامه‌وه ... ژنێك هه‌یه 35 ساڵێتی. ڕۆژێك ئه‌ویش ده‌بێت به 45 ساڵ. ڕۆژێك منیش ده‌بم به 35 ساڵ. ڕۆژێك منیش ده‌بم به 45 ساڵ. ڕۆژێك منیش ڕوانینم پڕ ده‌بێت له هیچ. ڕۆژێك له‌بیرم ده‌چێته‌وه هه‌بم، ماچ بكه‌م، خۆشه‌ویستی بكه‌م. ده‌زانم، ڕۆژێك ده‌سته‌كانم له شوێنێك له‌بیر ده‌كه‌م، خه‌ونه‌كانم و بزه‌ش! باش ده‌زانم، منیش ڕۆژێك له‌بیرم ده‌چێته‌وه بژیم ... هه‌مووی تاوانی خۆم بوو ... |