November 20, 2003
له بیرمه چه‌ند ساڵ پێش دڵنیا بووم كه هیچ كه‌س نابێت خۆی بۆ ڕازی كردنی دڵی كه‌سێكی‌تر بگۆڕێت. به خۆم و به تۆ و به هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناسیومن و ده‌یانناسم ئه‌و دڵنیاییه‌م داوه كه هه‌رپه‌یوه‌ندییه‌ك كه مه‌رجه‌كه‌ی گۆڕانی لایانێك بێت، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌مه‌ن درێژ نابێت و زۆر زووتر له‌وه‌ی پێمانوایه ده‌مێرت. دڵنیا بووم ته‌نیا خۆشه‌ویستییه‌ك ده‌مێنێت و ده‌ژیت و له هه‌موو هه‌وراز و نشیوه‌كانی ژیان گیان به‌ده‌ر ده‌بات، كه تێیدا كه‌س ناچار نییه خۆی له به‌ر دڵی ئه‌وه‌ی‌تر بگۆڕێت. دیسان له بیرمه كه ماوه‌یه‌كی خایاند تا گه‌یشتم به‌م قه‌ناعه‌ته كه په‌یوه‌ندییه‌كیش كه تێیدا كه‌س هیچ ئاڵوگۆڕێكی به سه‌ردا نایه‌ت چاره‌نووسێكی باشتری نابێت. دواتر گه‌یشتمه ئه‌و باوه‌ڕه كه گرینگ‌ترین شت ئه‌وه‌یه هه‌موو "من" و هه‌موو "تۆ"یه‌ك پێش ده‌ستپێكردنی په‌یوه‌ندییه‌كه خۆی دیبێته‌وه و بزانێت كێیه، ئه‌و كات به یه‌که‌وه سنوورێك بدۆزنه‌وه كه منی من و تۆی تۆ ڕاگرێت و " ئێمه"ێك ساز بێت كه نه "من" تێیدا بتوێمه‌وه و نه "تۆ" تێیدا ون بیت! له بیرمه من له‌و گێره و كێشه‌یه دابووم بۆ دۆزینه‌وه‌ی سنوورێك بۆ " ئێمه"، كه دیم تۆ ئیتر نه‌ماویت! من نازانم تۆ كه‌ی و چۆن و ته‌نانه‌ت بۆ ڕۆیشتیت. له بیرمه دوایی ڕۆیشتنت تازه دیم به‌شێكی "من"ت ده‌گه‌ڵ خۆت بردووه و ته‌نیا شتێكیی به‌جێت هێشتووه كۆشێك سه‌رسووڕماوی بۆ من و چه‌ند كوته جل و به‌رگی نیوه ته‌ڕه! له بیرمه پێش ڕۆیشتنه‌كه‌ت به توڕه‌یی ده‌تووت هه‌ست به نامۆیی ده‌که‌ی و ده‌لێی ئێره شوێنی تۆ نییه. له بیرمه تۆ له خه‌می خۆت، منت نه‌بیست. له بیرمه من له خه‌می خۆم تۆم نه‌دیت. له بیرمه چاوه‌روانییه‌كانی تۆ و پێداویستییه‌كانی من هه‌ر نه‌ده‌گه‌یشتنه یه‌ك. له بیرمه ویسته‌كانی تۆ له بۆشایی بێ‌بڕانه‌وه‌ی ده‌روونی مندا ون ده‌بوون. له بیرمه سنووره‌كان نه‌مان. نه "من" ئیتر من بووم و نه " تۆ" تۆ مایی. له بیرمه به‌یانی دووشه‌مه‌یه‌كی خۆڵاوی بوو له بیرمان كرد كه " ئێمه" دوو كه‌سین و من منم و تۆ تۆیت و پێویست ناكات ته‌نیا "یه‌ك" بین و له‌و یه‌که‌دا ون بین وبتوێینه‌وه. له بیرمه هیچمان ئه‌وه‌مان له بیر نه‌مابوو ... هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو ئێمه‌ی ترساند! له‌و ڕۆژه‌وه كه ڕۆیشتووی ماوه‌یه‌ك تێپه‌ڕیوه، مانگێك، ساڵێك ... ژیانێك! ئێستا منیش وتۆش گه‌یشتووین به‌م باوه‌ره كه ناتوانین یه‌كترین له كه‌سی‌تر دا بدۆزینه‌وه. پێم ده‌ڵێی "چاو له ئه‌و ده‌که‌م و له تۆ ده‌گه‌رێم"، پێت ده‌ڵێم " كه‌س ئه‌و سه‌رپه‌نجه سڕانه‌ی منی بۆ گه‌رم نابێته‌وه". ئێستا ئیتر له بیرم نییه دوا نامه‌تم چه‌ند جار خوێندۆته‌وه، له‌بیرمه به‌ڵام ئیتر به دوایی هه‌ر جار خوێندنه‌وه هه‌رته‌نیا تۆم ده‌دیت و له نه‌بوونی "ئه‌وه‌ی‌تر" دڵنیاتر ده‌بووم ( یان پێم‌خۆش بوو دڵنیا بم؟) . نامه‌که‌تم ده‌خوێنده‌وه و تۆم ده‌هاته به‌رچاو كه قسه ده‌كه‌ی و قسه ده‌که‌ی و قسه ده‌که‌ی و ... ڕه‌نگه، ڕه‌نگه هه‌موو شتێك له‌وێرا ده‌ستی پێكرد كه تۆ هه‌ر قسه‌ت كرد و دواتر قسه‌كانی خۆت له بیر كرد و ڕۆیشتیی و ده‌رگاكانت له پشت سه‌رداخست؟ ڕه‌نگه هه‌موو شتێك له‌وێرا ده‌ستی پێكرد كه تۆ هه‌ر قسه‌ت كرد و من ئیتر ورده ورده ئیمانم نه‌ما ... شتێك زیاتر له قسه پێویست بوو! دیسان ده‌لێم له وانه‌یه ڕۆیشتنی تۆ له ئێواره دڵته‌نگه‌كه‌ی ئه‌و دووشه‌مه‌یه باشترین كار بوو كه ده‌توانیی بیكه‌ی! له‌وانه‌شه ، له‌وانه‌شه باشترین كار ئه‌وه بوو به جێی هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی كردبووت و ده‌تكرد مابایه‌وه، ده‌زانی ... هه‌ر ئه‌وه، مابایه‌وه! له بیرمه هه‌ندێ جار به خۆم ده‌گوت: ئه‌وه هه‌مووی خه‌وێكی ناخۆشه! تۆ نه‌ڕۆیشتووی. به خۆم ده‌گووت ئه‌وه هه‌مووی تاوانی ناوچاوان گرژی ئه‌و دووشه‌مه دڵته‌نگه‌یه كه نازانم بۆ له پشت په‌نجه‌ری ژووره‌كه‌م گیرساوه‌ته‌وه و ته‌واوی نایه! له بیرمه ڕۆژێك به خۆم گوت: هێی‌ی‌ی‌ی، خه‌یاڵ نییه، گرینگ‌ترین شت دۆزینه‌وه‌ی سنوورێك بوو كه نه منی "من" تێیدا بتوێته‌وه و نه تۆی "تۆ" تێدا ون بێت. خه‌یاڵ نه‌بوو، ئه‌و سنووره‌مان نه‌دیته‌وه. ئێستا ماوه‌ته‌وه سنووری خه‌یاڵ و دونیایی ڕاستی بدۆزمه‌وه. دیتنه‌وه‌ی ئه‌و سنووره‌ش ته‌نیا ڕێگه‌یه‌كه مـــــــــن به خــــــــــــــــۆم ده‌گه‌یێنێته‌وه ... كاتمان هه‌یه؟ |