December 26, 2003
ده‌زانی پێموایه هه‌موو شته‌كان له دابڕان را ده‌ست پێده‌كه‌ن. له دابڕان، دوور كه‌وتنه‌وه، جیا بوونه‌وه، ته‌نیا مانه‌وه. ڕێك وه‌ك ئه‌و كاته‌یی بێ‌ویستی خۆت له دایك ده‌بیت و ژنێكی پیر كه ناتناسێت و نایناسیی، دێت و ناوكت ده‌برێت و تۆش له هه‌موو شتێك بێ‌خه‌به‌ر دوایی نۆ مانگ و كه‌مێك چاوه‌روانی، له دایكت و له شوێنه گه‌رم و ته‌ڕ و له‌وانه‌یه خۆشه‌كه‌یی خۆت دادبڕێت و ده‌بیت به خۆت، ته‌نیا خۆت! ئه‌وه‌ش وات ده‌ترسێنێت كه ده‌ست ده‌که‌یی به گریان و ئێستا هیچ نه‌بووه به‌هانه‌یی باوه‌شیی ده‌گریت. باوه‌شیی تا ئه‌و ترسه‌ت تێدا بمرێنێت ... یان، له‌وانه‌یه ترس نه‌بێت ئێش بێت، پێت وانییه؟ ئه‌رێ باوه‌ڕ ده‌كه‌م ئه‌م جیا بوونه‌وه ده‌بێت ئێشی زۆر بێت ده‌نا گریان بۆ؟ له ده‌رێ باران ده‌بارێت. منیش هه‌ستی كه‌سێكم هه‌یه به ڕووتی له ژێر باران له سه‌ر به‌رزاییه‌ك وه‌ستاوه و هه‌ر دوو ده‌ستی وه‌ك دوو باڵ كردۆته‌وه و ئاماده‌یی فڕینه. له‌و به‌رزاییه را هه‌موو شتێك زۆر ورد دیاره، ئه‌وه‌نده ورد و دوور كه ئیتر لێیان ناترسیت. باران ده‌تخووسێنێت و ته‌زێك داگیرت ده‌كات. لێده‌گه‌رێی باران ده‌ست به ته‌واوی له‌شت دابێنێت و بتلاوێنێته‌وه. لێده‌گه‌رێی باران ته‌پ و تۆزی ڕوحت بشواته‌وه و سووكت كات. چاو له سه‌ریه‌ك داده‌نێیت و بیر له بوون ده‌كه‌یه‌وه تا هه‌موو به‌تاڵاییه‌كان، بۆشاییه‌كانی دوایی ئه‌م دابڕانه پڕ كه‌یه‌وه. بیر له بوون ده‌كه‌یه‌وه تا نه‌بوون و نه‌مانه‌كان له بیر خۆت به‌ڕییه‌وه... له سه‌ر ئه‌و به‌رزاییه وه‌ستاوم، ترسی دابڕان دیسان پڕی كردووم. بازده‌مه خوارێ؟ بفڕ‌م؟ یان له سه‌ر ئه‌م لێواره تیژ و باریكه بمێنمه‌وه؟ ڕووتم و باران ده‌مخووسێنێت، داده‌نیشم، خۆم گرمۆڵه ده‌كه‌م، چكووله ده‌بمه‌وه، زۆر بچووك، ده‌ڵێی تازه له دایك بووم، ده‌ڵێی دیسان ناوكم ده‌بڕن و دیسان من ده‌گریم و دیسان بیانووی باوشیی ده‌گرم تا ئێشی ئه‌م دابڕانه‌م له بیر به‌ڕێته‌وه. تا له باوه‌شیدا خه‌و بمباته‌وه و دوایی كه هه‌ستام ئه‌م ژانه نه‌مابێت ... |