Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

December 7, 2003

ژیان له سه‌حرای ال- تاش

من ناوم ئه‌میره و خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانم. من له سه‌حرا وشكه‌كه‌یی ال- تاش، كه چل میل دوورتر له رۆژئاوای شاری به‌غدا هه‌ڵكه‌وتووه، گه‌وره بووم. ئێمه دوایی ڕاكردن له ئێران له كاتی شه‌ڕیی ئێران و عێراق له 80 -كان، كه‌وتینه ال- تاشه‌وه. له سه‌ره‌تاوه له باشووری كوردستان گیرساینه‌وه. به‌ڵام دواتر به زۆری ناچاریان كردین شوێنی خۆمان به جێ بێڵین و به‌ره‌و ال- تاش ڕایان داین، هۆیه‌كه‌شی ته‌‌نیا كورد بوونمان بوو.

له سه‌ره‌تاوه ال-تاش سه‌حرایه‌كی وشك و گه‌رم بوو. هه‌ر وه‌ك هه‌موو سه‌حراكانی‌تر. تۆفانی لم و خۆل و زیخ و وشكایی و وشكایی تا چاو بڕ‌ده‌كات. ئێمه سه‌رجه‌م 25000 بنه‌ماڵه‌ بووین له‌وێ جێیانكردبووینه‌وه. زۆری پێنه‌چوو ال- تاش بوو به ئوردووگایه‌ك بۆ كورده‌كان، ده‌ورتا ده‌وریان به قه‌ڵایه‌ك به‌ستبوو و چه‌كداره‌كه‌كانی به‌عس چاوه‌دێریان ده‌كرد، هه‌ر ئه‌و شته‌یی نازییه‌كان ده‌گه‌ڵ ‌جوویه‌كانیان كرد. ئه‌وه‌یی هه‌وڵیی دابا بێ ئیزنی چه‌كداره به‌عسیه‌کان، له قه‌ڵا‌که وه‌سه‌ر كه‌وێت و خۆیی بگه‌‌یه‌نێته ئه‌و به‌ڕیی، ئه‌شكه‌‌‌نجه‌یان ده‌كرد و له پێش چاویی هه‌موومان سووكایه‌تیان پێده‌كرد.

نزیكترین شار لێمان ڕۆمادییه بوو. له‌و جێیه‌وه كه ال - تاش هیچ دوكان و بازارێكی لێنه‌بوو، ناچار بۆ كڕینی خوارده‌مه‌‌نی و كه‌‌ل و په‌لی پێویستی ژیان ڕێی ڕۆمادییه‌مان ده‌گرته به‌ر. بۆ ئه‌وه‌ش ده‌با ئیزنی "پۆلیس"مان پێبایه، به‌ڵام وانه‌‌بوو كه هه‌موو جارێ ئیزنی ڕۆمادییه چوونمان پێبده‌ن. هه‌ر ئه‌وه‌ش به نۆره‌یی خۆی وایی كرد كه هه‌ندێ ورده ورده ده‌گه‌ڵ ‌رێژیمی به‌عس ڕێككه‌وتن، چوونكه پۆلیس ئیزنی هات و چوویی به لایانگرانی ڕژیم ده‌دا. ئیتر مرۆڤه‌كان ده‌ستیان كرد به دژایه‌تی و دوژمنایه‌تی كردن ده‌گه‌ڵ یه‌کترین و بێتاوانه‌كانیان له ژێر ناویی سێخوڕ و چالاكیی سیاسی به دژ رێژیمی به‌عس، به پۆلیس ده‌ناساند، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یی جێیه‌ك له لای پۆلیس بۆ خۆیان بكه‌نه‌وه و به‌م جۆره ژیانیی ڕۆژانه‌یان ئاسانتر بێته‌وه. ئه‌وه بوو به هۆیی ئه‌وه‌یی كه زۆر كه‌س هه‌وڵیی دا خۆیی بگه‌یه‌نێته ئه‌و به‌ری قه‌ڵاكه، ئه‌گه‌ر چی هه‌موو ئاگاداریی ئاكامی ئه‌و كار بوون.

ورده ورده خه‌ڵك، به گڵ‌ و قوڕ و دار، ده‌ستیان به سازكردنی خانوچكه‌كانیان كرد، به‌م ناهومێدیه كه ئیتر له‌م شوێنه ڕزگارییان نایه‌ت. وه‌ك شتێك ئه‌ركی پۆلیس دابین كردنی ئارامی و دڵنیایی بۆ خه‌ڵكه، ‌كه‌چی وا وێده‌چوو پۆلیسه‌کانی ال- تاش ئه‌ركێكی‌تریان پێ ئه‌سپاردرا بوو، وه‌ك چۆن كوڕێكی میر منداڵ كه بۆ پاروویه‌ك نان پێڵاو ده‌سرێته‌وه، بده‌نه به‌ر شه‌پ و پێلاقه، یان چۆن سووكایه‌تیی به پیره پیاوێكی گۆچان به‌ده‌ست بكه‌ن! به‌رتیلدان، به‌شێك له ژیانی ڕۆژانه‌ی دانیشتووانی ال- تاش بوو. ته‌نانه‌‌ت بۆ پیاسه‌كردنێكی ئاسایی ده‌با به‌رتیلمان دابا ده‌نا مافی پیاسه‌كردنمان نه‌بوو!

تاساڵی 1990 ئه‌وه ژیانی ئێمه بوو. به‌دوایی شه‌ریی عێراق و كوه‌یه‌ت، هه‌ڵ ومه‌رجی ژیانمان كه تا ئه‌و كات باوه‌ڕمان نه‌ده‌كرد له‌و شته‌ی كه بوو خراپتر بێت، گه‌یشته ئه‌وپه‌ڕیی ناله‌باریی خۆیی و زۆر خراپتر بوو. ژیانمان كه تا ئه‌و كات وه‌ك خه‌وێكی ناخۆش بوو، لێمان بوو به جه‌هه‌ننه‌مێكی ته‌واو. ده‌ست ڕاگرتنی وڵاتانی دونیا له مامله كردن ده‌گه‌ڵ‌ عێراق، داوێنیی ئێمه‌ی زۆر به سه‌ختیی گرته‌وه. وای لێهاتبوو كه ئێمه ته‌نانه‌ت نه‌مانده‌توانیی كیلۆیه‌ك ته‌ماه بكڕین به‌و پاره‌یی مانگانه پێیان ده‌داین. كا‌ره‌بامان نه‌بوو و كه‌م بوونی خوارده‌مه‌نی و ئاوی خواردنه‌وه، ئازارێكی زۆری به‌دواوه بوو. زۆر جار ناچار بووین بۆ هێنانی ئاوی خواردنه‌وه به كه‌ر بچین بۆ ڕۆمادییه.

زۆر كه‌س هه‌وڵی ده‌دا ئیشێك په‌یدا بكات، به‌لام كورده‌كان زۆر به‌‌ده‌گمه‌ن كاریان پێده‌درا، ڕاست به هۆیی كورد بوونیان. زۆر كه‌س رێگه‌یی دێ و دێهاتی گرته به‌ر و به كاری قاچاغ هه‌وڵی په‌یدا كردنی پاروویه‌ك نانی ده‌دا. دیاره هه‌ر ئێمه دانیشتووانی ال - تاش نه‌بووین كه وا تووشی قاتی و قوڕیی هاتبووین، هه‌موو فه‌قیر و هه‌ژاره‌كانی شار ودێیه‌كانی‌تری وڵاتیش تووش ببوون. ئه‌و هه‌ڵ و مه‌رجه ته‌نیا فه‌قیری و ده‌سته‌نگی به‌دواوه نه‌بوو به‌ڵكوو ڕێگه‌یی بۆ زه‌خت و زۆریی و دزی و كوشتن و بڕین خۆش كردبوو. ئیتر په‌یدا كردنیی پاروویه‌ك نان ته‌نیا خه‌می ئێمه نه‌بوو، ئێستا قسه له سه‌ر پاراستنی گیانمان بوو، به هۆیی ئه‌وه‌یی چه‌ته‌یی و لێدان و كوشتن و بڕین ببوون به به‌شێك له ژیانی ڕۆژانه‌مان.

بێ‌ڕێزیی كردنی پۆلیس به كورده‌كان وای كردبوو ته‌‌نانه‌ت عه‌ره‌به‌كانی ده‌ور و به‌ریی ال - تاش ده‌ستیان به ئازاردان و بێ‌ڕێزی كردن به كورده‌كان كردبوو. وای لێهاتبوو كه ئێمه نه‌ خه‌ڵكمان له پشت بوو و نه یاسا و هێزی پۆلیس. بێ‌ڕێزیمان پێده‌كرا، سووكایه‌تیمان پێده‌كرا، لێمان ده‌درا. ژیانێكی پڕ له ترس، خه‌وێكی تابڵێیی تاڵ و پڕ‌ترس، جه‌هه‌ننه‌مێك به ته‌واو مانا. ژیانێك كه ئێمه ته‌نیا دوو رێگه‌مان له پێش بوو : مردن یان زه‌جركوژ بوون .

بنه‌ماڵه‌یی من به یارمه‌تیی UN ، توانیی ساڵی 1997 ال- تاش‌ به جێ بێڵێت. دیاره ئێمه زۆر به‌خته‌وه‌ر بووین كه ده‌رفه‌تێكی ئاوامان بۆهاته پێش و شانسی ژیانێكی به بایه‌خمان بۆ ڕخسا. به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی هێشتا له‌وێ ماونه‌ته‌وه، ئه‌و ژیانه تاڵ و پڕ ترسه درێژه‌یی هه‌یه. زۆریان باوه‌ریان كردبوو كه ڕووخانی ڕژیمی سه‌دام ده‌توانێت بار و دۆخی ژیانی ئه‌وانیش باشتر بكات. به‌ڵام ئێستا به‌دوایی تێپه‌ڕ بوونی هه‌شت مانگ له ڕووخانی ڕژیمی سه‌دام، بار ودۆخی ژیانیی كورده‌كان له‌وێ خراپتر بووه. له جه‌هه‌نه‌مێك ڕه‌نگه ڕزگاریان بووبێت و تووشیی یه‌كی خراپتر بوون. من خۆم ته‌واوی گیانم دێته ئێش كاتێ ناوی ڕۆمادییه ده‌بیستم. ڕۆمادییه ئێستا بووه به بنكه‌ی لایانگرانیی سه‌دام و هێرشه تێرۆریستییه‌كانی خۆیان له‌وێرا رێك ده‌خه‌ن. كورده‌كانی ال-تاش ئێستا زۆر ته‌نیا ماونه‌ته‌وه و ترسی هێرشی به‌عسییه‌كانیان بۆ سه‌ر كورده‌كان زۆر و زۆرتر ده‌بێت، چوونكه كورده‌کان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پشتگرییان له هێرشی ئامریكا بۆ سه‌ر سه‌دام كرد.

كورده‌كانی ال- تاش له به‌ندیخایه‌ك ده‌ژین و چاره‌نووسیان ئێستا له ده‌ستی مه‌جلیسی حوكمی عێراق دایه. تكایی من ئه‌وه‌یه ئه‌م كوردانه له‌م به‌‌ندیخانه‌یه ڕزگار بكه‌ن!


ئه‌میر مه‌حموودی




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------