Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

December 16, 2003

سایتی كــــــــــوردئای‌تی گروپ ده‌كه‌مه‌وه، خۆی ده‌چێته سه‌ر لاپه‌ڕه‌یی هه‌واڵه‌كان. به‌رده‌قــــــــــــانی نووسیوێتی مژده و له بیر چووه بنووسێت مژده‌یی چی ... دواتر هه‌واڵی گیرانی سه‌دام و وێنه‌كانی. دڵی منیش وه‌ك بڵێی باری ته‌واوی دونیایی له سه‌ره خه‌ریكه گیان ده‌دا. تی‌ڤی‌، ئینتێرنێت، رادیۆ، چه‌ند تله‌فوون. دیسان هانا دێنمه‌وه بۆ ساتی كورد ئای‌تی. چه‌ند وێنه‌یی تر... منیش ته‌نیا به ناو هه‌واڵنه‌ره جۆر به‌جۆره‌كانا ده‌گه‌رێم. باوه‌ر ناكه‌یی ئه‌گه‌ر بڵێم چه‌ند گریام. ئێستاش نازانم بـــــــــــۆ من له پڕ دڵم ئه‌وه‌‌نده پڕ بوو. بۆ من له پڕ به سه‌ر هه‌موو ساڵانی ژیانما چوومه‌وه ... ده‌زانی ناویی به درێژایی ته‌مه‌نم ده‌گه‌ڵما بووه؟ ده‌زانی سێبه‌ری وه‌ك خه‌ونه ناخۆشه‌كه‌ی شه‌وانی ژان و تا ده‌گه‌ڵما بووه؟

وێنه‌كه‌یی، هاواریی عه‌ره‌به‌كان و چه‌پڵه رێزانیان، شایی و هه‌ڵپه‌ركه‌یی كورده‌كان و ئاڵای كوردستان و ...

ده‌ڵێ خۆ تۆ خه‌ڵكی باشووری كوردستان نیت، تۆ بـــــــــۆ؟ ده‌ڵێم قسه له سه‌ر ئێمه و ئه‌وان نییه. قسه له سه‌ر باشور و ڕۆژهه‌لات نییه. قسه له سه‌ر به‌شێك له میلله‌تی منه كه بێ‌سه‌ڕ وشوێن چووه. قسه له سه‌ر ژنان وكچانی ئه‌‌‌نفاله، قسه له سه‌ر زارۆكێكی بێ‌گیانه له ئامێزی باوكی له سه‌ر شه‌قامێكی خۆڵاویی حه‌له‌بجه. قسه له سه‌ر منه، منی كورد...

لێم دڵگیر ده‌بیت ئه‌گه‌ر بڵێم من ناتوانم وه‌ك ئێوه شاد بم؟ لێم دڵگیر ده‌بیت ئه‌گه‌ر بڵێم من هه‌ڵنه‌په‌ڕیم، من پیرۆزباییم له كه‌س نه‌كرد؟ سه‌دام گیرا، So what ؟ چاره‌نووسی سه‌د و هه‌شتا هه‌زار ئه‌نفال كراو ده‌گۆڕدرێت؟ برینه‌كان سارێژ ده‌بن؟ ئه‌و كچ و ژنانه‌یی فرۆشتراون، ئاواره بوون، بێ‌سه‌ر و شوێن چوون ده‌حه‌سێنه‌وه؟ سه‌دام نه‌مێنێت، سه‌دام نه‌ما، كورد به ئاواته‌كانی ده‌گات؟ كوردستان ئازاد ده‌بێت؟ یان له چوارچێوه‌یی عێراقی سه‌ربه‌خۆدا ده‌توێنه‌وه؟ ده‌توێینه‌وه؟!

تۆڕه مه‌به، گیرانی سه‌دام خۆشترین هه‌واڵی ساڵ ‌بوو. به‌لام برینه‌كانی میلله‌تی من قوڵتره له‌م شتانه!

***
ئاخرێكه‌یی نه‌تكرده نامردیی مستر بووش. گرتت. ده‌ست خۆش! سوپاس، تۆ نه‌بایی ئێمه‌مانه چیمان كردبا؟ یان ... ئێمه نه‌باین تۆ به‌راست چیت ده‌كرد؟ نانت چۆن له ڕۆن ده‌كه‌وت؟ چۆن ده‌بوویی به قاره‌مان؟ سوپاسمان ناكه‌یی؟

ده‌ڵێم نه‌ده‌كرا پێش ئه‌وه‌یی ژن و پیاو منداڵ و گوڵ ‌و دار و باڵنده‌كانی هه‌له‌بجه ده‌بوون به خه‌ڵۆز، پێش ئه‌وه‌یی سه‌دام به‌یانییه‌ك له خه‌و هه‌ستێت و بڕیاری ئه‌نفال بدات، پێش ئه‌وه‌یی ... پێش ئه‌وه‌یی ... كارێكت كردبا؟

ده‌ڵێم خۆ ئه‌وكات من منداڵ ‌بووم و شاره‌كه‌میان بۆمباردمان كرد، ئه‌و كات كه بۆمبه‌كانی سه‌دام... ببووره بۆمبه‌كانی تۆ به ده‌ست سه‌دام هات و شه‌پۆل و شه‌رمین-یان كوشت، تۆ دیار نه‌بوویی كارێك بكه‌یی! ئه‌وكات كه مه‌لاكان به نه‌ورۆزی خوێناوی په‌نجاو هه‌شتی سنــــــــــه لاپه‌ڕه‌كانی مێژوویی منیان سوور كرد، ئه‌و كات كه سه‌قز و سابلاغ‌ و بۆكان ببوونه مه‌یـــــــــــدانی له سێداره‌دانی لاوه‌كان، تۆ كاربه‌ده‌ست نه‌بوویی تا پێشیان پێبگریی! ناكرێ ئێستا ...

ده‌ڵێم ناكرێت ئێستا پێش ئه‌وه‌یی زۆر دره‌نگبێت، پێش ئه‌وه‌یی پێنج هه‌زار مرۆڤی‌تر ببن به خه‌ڵۆز، پێش ئه‌وه‌یی سه‌وزایی نه‌ورۆزه‌كان سوور هه‌ڵگه‌رێت، پێش ئه‌وه‌یی .... یان ده‌بێت چاوه‌رێ بین یانزده‌ی سێپتامبرێكی‌تر ... ؟

یان جارێ مه‌لاكان خێری خۆیانت پێده‌گه‌یێنن ؟

نازانم پیرۆزبایی له كێ بكه‌م؟ بووش موسته‌حقتره! ده‌زانیی ده‌سكه‌وتی بووش له‌م كه‌ینه و به‌ینه‌دا له هین هه‌موومان زۆرتره؟ ده‌زانی ته‌نیا ئه‌وه قازانجی كردووه؟

لێم توڕه‌ ده‌بیت ئه‌گه‌ر بڵێم بڕیا یانزده‌یی سێپتامبر قه‌ت نه‌با یان زۆر زۆر زۆر زووتر ببا ... ؟

ئاخر له دڵم ده‌رناچێت، ئه‌و هه‌موو كوشتن و بڕینه، ئه‌و هه‌موو ده‌ستدرێژی پێكردنه، ئه‌و هه‌موو زینده به‌چاڵ ‌كردنه، ئه‌و هه‌موو ئاواره كردنه، ئه‌و هه‌موو سووكایه‌تی پێكردنه، ئه‌و هه‌موو ... بووش بووه به قاره‌مان، سه‌دام و مه‌حكه‌مه‌یه‌كی عادلانه، كورد و چوونه‌وه‌یی ژێر ئاڵایه‌ك غه‌یری ئاڵای كوردستان ...

....
دڵگیر ده‌بیت ئه‌گه‌ر بڵێم ڕشانه‌وه‌م دێت چۆن یه‌كیتر به نرخی خوێنی میلله‌تی من ده‌بێت به قاره‌مان؟
......

یه‌كێك به من بڵێت هێشتا هیوایه‌ك هه‌ر هه‌یه ... ‌!




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------