Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

December 21, 2003

ده‌زانم تا تله‌فوون بۆ كوبی نه‌كه‌م و پێی نه‌لێم گه‌ێشتوومه‌ته‌وه خه‌وی لێناكه‌وێت. ده‌زانم شه‌و دره‌نگه و من ده‌بێ به په‌له په‌ل خۆم بگه‌ینمه‌وه ماڵ و ده‌رگای له سه‌رخۆم داخه‌م، چونكه ژن نابێت به شه‌و، ئه‌ویش شه‌و دره‌نگان له ده‌رێ بێت. ده‌زانم به‌و سه‌رما سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یی له ناكاو خۆیی به سه‌ر شاردا سه‌پاندووه و من كه جلی زۆر گه‌رمم له به‌ردانییه، نه‌خۆش ده‌كه‌وم. ده‌زانم ده‌با ئێستا له ناو پێخه‌ڤه سارده‌كه‌ما ڕاكشابام، كتێبێكی قه‌به‌یی زلم به ده‌سته‌وه گرتبا با خه‌وم لێبكه‌وێت، ده‌زانم ...

به‌ڵام ناتوانم په‌له‌یی بكه‌م، هه‌نگاوه‌كانم ده‌گه‌ڵم نایه‌ن. شه‌و له نیوه لایی داوه و من هێشتا ورده ورده له ژێر نه‌رمه بارانێكی سارد، ئه‌و جاده چۆڵه ده‌پێوم و خه‌یاڵم نازانم له كوێ ده‌خولێته‌وه. ناتوانم په‌له‌یی بكه‌م، هه‌ر دوو ده‌ستم له ناو گیرفانه‌كانی پاڵتۆكه‌مدا ده‌شارمه‌وه و هێدی هێدی تێكه‌ڵی ڕه‌شایی شه‌و ده‌بم و له ژێر باران، له ژێر ئاسمانێكی ڕووت ڕووت، له ژێر هه‌ندێ هه‌وری ڕه‌شی چڵكندا ده‌ڕۆم و ده‌ڕۆم و ... هه‌ر ده‌ڕۆم و ناگه‌مێ. هه‌ر ده‌ڕۆم و وه‌ك بڵێی ئه‌و جاده‌یه قه‌ت كۆتایی نایه‌ت له ژێر پێمدا ده‌کێشرێته‌وه و درێژتر ده‌بێته‌وه. هه‌ر ده‌‌ڕۆم و ده‌نگی پێی هه‌‌نگاوه‌كانی خۆم ناناسمه‌وه. هه‌ر ده‌ڕۆم وبه خۆم ده‌لێم ده‌یی ئه‌گه‌ نه‌زانی به‌ڕه‌و كوێ به‌رێوه‌ی چۆن ده‌ته‌وێ بگه‌یه‌یی ...

ناتوانم په‌له‌یی بكه‌م. ده‌زانم كوبی چاوه‌رێیه تله‌فوون بكه‌م بڵێم "به سڵامه‌ت" گه‌یشتمه‌وه ماڵێ. ده‌زانم، هه‌زارجاریان به منی بێ گوێ گوتووه ژن نابێ به ته‌نیا بچێته‌ ده‌ر. ده‌زانم نه‌خۆش ده‌كه‌ووم ... له‌عنه‌ت له تۆ، به قه‌د بێ‌كۆتاییه‌كان بیرت ده‌كه‌م. له‌عنه‌ت له تۆ كه بێ‌خه‌به‌ر هاتی و بێ‌خه‌به‌ر ڕۆیشتی. له‌عنه‌ت له تۆ كه ڕۆیشتی ... له‌عنه‌ت له تۆ كه من ئه‌وه‌نده‌ت بیر ده‌كه‌م. له‌عنه‌ت له تۆ كه ئه‌وه‌نده‌م خۆشده‌وێی. بڕیا زانیبات كه چه‌نده‌م ڕق لێته كه ڕۆیشتیی ... ڕقم لێته كه لێره نیت ... ڕقم لێته كه بیرت ده‌که‌م ...

دایكم كراسه وه‌نه‌وشه‌یه‌‌‌كه‌ی له‌به‌ر دایه. قژی سپی و خاویی له ژێر لێچكه سپییه‌كه‌ییه‌وه ڕژاوه‌ته ده‌رێ. ئه‌گه‌ر بگه‌مێ سه‌ر له سه‌ر سنگی دانێم، ئه‌گه‌ بگه‌مێ بۆن به به‌ڕۆكییه‌وه بكه‌م، ئه‌گه بگه‌مێ مستێ بۆنی مێخه‌ك له ناو سینگی دایكم بدزم ...

ده‌زانی بیری كه‌یی ده‌كه‌م، ئه‌و ئێواره‌یی چراكان كوژابوونه‌وه، من به تاریكی له پێش په‌نجه‌ریی ژوورێ وه‌ستابووم چاوم له ده‌رێ ده‌كرد. تۆ هاتیی، له پشته‌وه‌ڕا له باوه‌شت كردم، بۆنت به قژمه‌وه كرد ... نا، ئه‌و ئێواره‌یی چاومان له فیلمی The Green Mile كرد ومن بۆ John Coffey گریام ... نا، ئه‌و شه‌وه‌یی سه‌رم له سه‌ر ڕانت دانا، تۆ كایه‌ت به قژم ده‌كرد ومن خه‌وم لێكه‌وت ... نا، ئه‌و شه‌وه‌یی تا به‌یانیی له ناو باوه‌شتدا ئه‌ستێره‌م ده‌ژمارد... نا ...

له‌عنه‌ت له تۆ ...

ئه‌و ده‌ڵێ ئه‌و‌ "خه‌ماوی‌ترین" زه‌رده‌ خه‌نه‌یی دونیایه‌ت له كوێرا هێناوه؟ من ده‌ڵێم مه‌دره‌سه‌كان كه‌یی ده‌كرێنه‌وه!؟ ئه‌و ده‌ڵێ:‌ بێده‌نگیی هه‌میشه نیشانه‌یی نه‌بوونی قسه نییه، شتێك بڵێ! من ده‌ڵێم :‌ زستانی ئه‌و ساڵ سه‌یر سه‌ریی لێشێواوه! ئه‌و ده‌ڵێ: ده‌گه‌ڵ هه‌ستی خۆشه‌ویستیت به شه‌ڕ‌ مه‌یه‌! من ده‌‌ڵێم : بڕیا توانیبامان هه‌والێكی مینا بزانین! ئه‌و ده‌لێ : بۆ ده‌بێ بێ‌تاوانێك ساز بدرێت؟ من ده‌لێم :‌ دێی هاوینێ بگه‌رێینه‌وه بۆ كوردستان؟

ده‌زانی گوڵه زه‌رده‌كانی گوڵدانه بچووكه‌یی داتمێ هێشتا وشك نه‌بوون؟

له‌عنه‌ت له تۆ، له گوڵه‌كانت، له گوڵدانه‌كه‌ت، له جێی خاڵیت ...
له‌عنه‌ت له من كه بیرت ده‌كه‌م. له‌عنه‌ت له من كه خۆشمده‌وێی ...




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------