December 23, 2003
مڕۆڤ مافی خۆیه‌تی ده‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رییه‌كانی ده‌سته‌ملان بێت. هه‌ركه‌س بۆ هه‌لاتن له چنگ تاڵییه‌كان یان بۆ نه‌شكانیی له ژێر قورسایی باڕیی ژیان هانا ده‌باته شتێك. یه‌ك خۆ نوقمی كار ده‌كات، یه‌ك به خواردنه‌وه و یه‌ك به خه‌و، یه‌ك به بێده‌نگی و هه‌ندێ خۆ له گێلی ده‌ده‌ن، هه‌ن ئه‌وانه‌ی حاشا له هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن و ئی‌واش هه‌ن "خواپێداون" و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دڵ ناده‌ن به كه‌س و به هیچ. یه‌كێكی وه‌ك منیش هه‌ندێ بیره‌وه‌ری خۆیی گوڵبژێر ده‌كات و وه‌ك تۆویی چاویی ئاگایی لێیان ده‌بێت! ژیان به‌ڵام چاوه‌رێی كه‌س نامێنێته‌وه. كێ هه‌یه ئه‌مه نه‌زانێت؟ ژیان ده‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رییه‌كان هه‌ندێ جار یانی ڕۆچوون. ژیان ده‌گه‌ڵ یاده‌كان هه‌ندێ جار یانی وه‌ستان، زۆر ڕاسته، به‌ڵام ئاخر هه‌ندێ بیره‌وه‌ریی یانی مڕۆڤ خۆیی، یانی به‌شێك له "من"ی مڕۆڤ. هه‌ندێ بیره‌وه‌ریی ئاوێنه‌ن، خۆتی تێدا به‌دیی ده‌كه‌یی. هه‌ندێ بیره‌وه‌ریی هه‌ن پردن تۆ به خۆت ده‌گه‌یه‌ننه‌وه. پردن بۆ گه‌رانه‌وه‌ت بۆ ناخ، بۆ دۆزینه‌وه‌ی له‌ته ونه‌كان، بۆ پڕكردنه‌وه‌یی بۆشایی، هه‌ندێ بیره‌وه‌ریی دیوارن بۆ پاڵدانه‌وه، حه‌سانه‌وه، پشوودان. بۆم ده‌نووسیی:" تۆ كچی وڵاتی سوور و سه‌وز و زه‌ردی. خاكی ڕه‌نگ و گه‌رما. سه‌رما و تاریكی به به‌ژنی تۆوه نه‌براوه. ئێمه گه‌ڵی سه‌ما و شێعرین، له جنسی فرمێسك نین. گه‌ڵی ئێمه له‌و په‌ڕیی ناخۆشییه‌كان و ئه‌شكه‌نجه‌كان ئه‌ژنۆیی نه‌شكاوه و پشتی نه‌چه‌ماوه و پێكه‌نینی له بیر نه‌كردوه و تاڵ نه‌بووه. هه‌سته‌وه سه‌ر پێ. ئه‌گه‌ر ڕۆیی، نه‌وه‌ستا و له ناخۆشترین ڕۆژه‌كانی ژیانتدا نه‌ما و تێپه‌ر بوو، تۆش ئاوڕ مه‌ده‌وه و چاوه‌روانیی مه‌به ..." نازانم چۆن له من تێگه‌یشتوویی، به‌ڵام ده‌زانی هه‌ندێ جار ده‌بێت گرێی ئه‌و بوغزه‌یی ڕێ به هه‌ناسه‌ت ده‌گرێت، بكه‌یه‌وه تا نه‌تخنكێنێت. هه‌ندێ جار ده‌بێت چاو له چاویی تاڵترین بیره‌كانت ببڕیی تا ترست بشكێت. هه‌ندێ جار ده‌توانی فرمێسكه قه‌تیس ماوه‌كان بنووسیی ... بۆ نا؟ منیش سه‌رده‌مێ بوو عاشقانه‌م ده‌نووسی، عاشقانه بیرم ده‌كرده‌وه و عاشقانه ده‌ژیام، منیش سه‌رده‌مێك عاشق بووم ... بـــــــووم؟ نـــازانم! هه‌ندێ جار ده‌كه‌ومه گومان. ئێستا تاڵم، ده‌زانم. هه‌ندێ جار هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌وه‌نده ئه‌وینداری "ئه‌وینداربوونم"، ئه‌وه‌نده عاشقی "عاشق بوونم" كه كه‌م تا زۆر له ڕاستییه‌كان دوور بوومه‌ته‌وه. پێموایه منیش له شێت بوونه‌كانی خۆمدا دڵداریم كردووه، عاشق بووم و عاشقانه گریاوم. ده‌زانی وا هه‌ست ده‌كه‌م كۆتایی هه‌موو چیرۆكه‌كان وه‌ك یه‌كه. هه‌موو قاره‌مانه‌كانیی چیرۆكه‌كان "ڕێبوارن"، هه‌موو دێن تا بڕۆن، وه‌ك بڵێی ئه‌وه ویست و ئه‌وین نییه كه مه‌رجی مانه‌وه‌یه... ده‌بێ له جنسێكی‌تر بیت، ساكاریی دڵ و هه‌ست، شێتانه خۆشویستن و ... ئه‌وانه هین دنیایی ئه‌فسووناوی خه‌یاڵن. مانه‌وه وه‌ك شتێك ئیتر مانایه‌كی نییه. ماوه‌یه‌كه وه‌ك شتێك توڕه‌م. وشه‌كان تێكه‌ڵی تاڵییه‌كی نامۆ ده‌بن. من حه‌ز ناكه‌م ڕه‌نگیان كه‌م، با چۆنن هه‌روا له دایك بن. زۆرجار حه‌ز ده‌كه‌م بڕووخێم و بڕووخێنم، حه‌ز ده‌كه‌م هیچ له پشت سه‌رم نه‌هێڵم. حه‌ز ده‌كه‌م وشه‌كان تاڵترین بن، وه‌ک نووكی چه‌قۆ تیژبن، بریندار بكه‌ن. ئیتر با شه‌رم مانایه‌کی نه‌مێنێت، عه‌یبه نه‌بێت. زۆرجار حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌و كاره‌یی "زوربا" ده‌گه‌ڵ گێلاسه‌كانی كرد، من ده‌گه‌ڵ توڕه‌یی خۆمی بكه‌م! ماندووم. به‌ڵام ماندوویی به مانایی ناهومێدیی نییه. ئه‌وه‌یی له‌بیر مه‌که! ماندووم، وه‌ك بڵێی هه‌موو چیا به‌رداوییه‌كانی كوردستان به‌سه‌ر منا ڕووخاون و من هه‌ناسه‌م نایه‌ته ده‌ر، به‌ڵام... به‌ڵام ورده‌و، ئـــــــــازادم. ئـــازاد له هه‌ر په‌تێكی له ده‌وری ده‌ستو پێم گرێ درابێت. ئازادم، بێ‌ئه‌وه‌یی هه‌ست بكه‌م به شتێك، یان به كه‌سێك یان به هه‌ستێك كه نامه‌وێت گرێ درابێم. ئێستا ئه‌گه‌ر دڵته‌نگی ئه‌وم، دڵته‌نگییه‌كه‌م له جنسی نیاز و ناچاریی نییه، هه‌موو ویسته. ویستی بوونیی. هه‌ر ئه‌وه! |