December 24, 2003
قالۆنچه‌كان و فێمینیسته‌كان و ... له بیرم نایه قه‌ت به خۆم گوتبێت فێمینیست. هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه هێشتا پێموایه ده‌بێت زۆر زۆرتری له سه‌ر بزانم دوایی وه‌ك باوه‌رێك هه‌ڵیبژێرم. به‌ڵام له‌وه‌تی له بیرمه باوه‌ڕم به‌وه بووه كه چوارچێوه په‌سه‌ندكراوه‌كان چ به به‌رژه‌وه‌ندیی من نییه و له‌و كۆمه‌ڵگه به‌و كۆمه‌ڵگه ته‌نیا كورتی و درێژی په‌تی ده‌ست و پێ جیاوازه، ده‌نا نایه‌كسانی هه‌ر هه‌یه. هه‌ربۆیه‌ش باوه‌رێكی توند وتیژم به بوونی ڕوانگه‌یه‌كی "فێمینیستی" له كۆمه‌ڵگه و بۆ ژن و پیاو هه‌یه! به‌زمێكی ناخۆش، هه‌ره ناخۆش ئه‌وه‌یه كه ئێستا ناوێری هیچ بكه‌یی و هیچ بڵێیی دۆست و بێگانه وه‌ده‌نگ دێن كه: فێمینیستی؟! ده‌لێی حه‌زم له چێشت سازكردن نییه! ده‌لێن ئاها تۆش لێمان بوویی به فێمینیست! ده‌لێی گووتنی فڵانه وشه بێ‌ڕێزی كردن به ژنه. ده‌لێن ده‌ست هه‌ڵگره له‌و فێمینیست و مێمینیستییه! ده‌ڵێی ژن ...، ده‌لێن ئه‌یی هاوار له ده‌ستی ئێوه فێمینیست جه‌ماعه‌ت. یا نا ده‌لێی: گوڵم (پیاوه‌که) لیوانێكم ئاو بۆ دێنیی؟ ده‌لێ: "تۆ كه باسی یه‌كسانی ژن و پیاو ده‌كه‌یی خۆت هه‌سته لیوانێك ئاو بێنه .... ئێستا خۆ هه‌ر به پێوه‌یی لیوانێكیش بۆ من بێنه! " دۆینێ ده‌گه‌ڵ دوو سێ چواردانه له هاورێیان دانیشتبووین و قسه‌یی خۆش و ناخۆشمان ده‌كرد و له دنیا بێ‌خه‌به‌ڕ، خه‌می ته‌واویی دونیامان چاره ده‌كرد كه له ناكاو نازانم له كوێرا یه‌ك قالۆنچه‌یی زۆر خوێنتاڵی ئێسك گرانی عاجباتی له سه‌ر مێزه‌كه‌مان په‌یدایی بوو و منیش و یه‌كێ‌تر له هاورێیان هاوارمان لێ به‌رز بووه و هه‌ر یه‌كه به لایه‌كیدا هه‌ڵاتین. له‌و ناوه‌دا "پیاوێكی زۆر پیاو" ده‌نگی به‌رز كرده‌وه كه ته‌ح له‌و فێمینیستانه‌یی! ئه‌وه به‌و حاڵه داوایی مافی خۆتان ده‌كه‌ن؟!!! له جه‌نگه‌یی ئه‌و به‌زم و ره‌زمه‌دا كه‌سێك زۆر به ئارامی پته‌یه‌كی له قالۆنچه‌كه دا و به سینگی كابراكه‌یی دادا، جێتان خاڵیی له ژیانما قیژه‌یی ئاوا "پیاوانه"مان نه‌بیستبوو كه بیستمان ... ئێستا حه‌ز ده‌كه‌م له فێمینیسته ڕاستییه‌كان بپرسم ئایا ئه‌وان له قالۆنچه ده‌ترسن یان هه‌ر ئێمه "جووجه فێمینیست"ین كه قالۆنچه هه‌ڵمانده‌به‌زێنێته‌وه؟ ئایا ئه‌و ژنه‌یی له قالۆنچه بترسێت قه‌ت به مافی خۆیی ناگات؟ ئایا بۆ گه‌یشتن به یه‌كسانی ژن و پیاو ده‌بێ هه‌موو ئه‌و قالۆنچه سه‌گ و سه‌گبابابه له‌ناو به‌رین؟ گه‌لۆ، له سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان فێمینیست و قالۆنچه چ وتار نووسراوه یا نا، بمده‌نێ بیخوێنمه‌وه با به نه‌زانیی نه‌مرم! |