Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

December 9, 2003

به‌ڕێز ویكتۆر هۆگۆ ،

ئه‌م كاته‌ت باش! شه‌و دره‌نگایه‌كی پایز وه‌ك ئێستا، تۆ لێره بایی چیت ده‌كرد؟ تۆش دڵت ده‌گیرا؟ تۆش لاپه‌ره زه‌رد هه‌ڵگه‌راوی بیره‌‌وه‌رییه‌كانت هه‌ڵده‌داوه؟ یان داده‌نیشتی چاره‌نووسێكی‌ترت بۆ دایكی Couzet داده‌رشت؟ لێره بایی درێژه‌ی چیرۆكی "بێنه‌وایان"ت ده‌نووسی؟ یان باوه‌رت ده‌كرد "Couzet" هینده زۆرن ئێستا، كه ئیتر كه‌س بۆ سه‌ر په‌نجه سوڕهه‌ڵگه‌راوه‌که‌ی و كوڵمه ته‌زیوه‌كه‌ی دڵی ناسووتێت؟

دانیشتم ده‌گه‌ڵ سانا چاوم له The Hunchback of Notre Dame كرد، نازانیی، هێشتا دوو ڕۆژ تێنه‌په‌ڕیوه، بیریی"كواسیمۆدۆ"م كردووه. یا نا، ڕاستیت ده‌وێت"كواسیمۆدۆ"كانی كوردستان بوون به قاره‌مانه‌كانی چیرۆكی من ... منیش هه‌وڵم دا كۆتایی چیرۆكه‌كه‌م جۆرێك فێنكایی هیوایه‌ك له دڵا زیندوو كاته‌وه. گه‌وره‌م شه‌ره‌مه‌زاری تۆش بووم ، بۆم نه‌كرا! دیم سه‌یریش نییه. من له وڵاتێك هاتووم قاره‌مانه‌كانی ده‌‌بن (‌یان ده‌یان كه‌ن) به "كواسیمۆدۆ" و كواسیمۆدۆی تۆ بوو (یان كردیان) به قاره‌مان!

په‌توو شینه‌كه‌مان به خۆمان دادابوو. سه‌ری خستبوو سه‌ر سینگم و ده‌ستی توند له باوه‌ش گرتبووم. بڕیا خۆشت ده‌گه‌ڵ ‌بایی، بریا ده‌گه‌ڵ بایی و دیبات چۆن سانا له شه‌قامه‌كانی پاریس ده‌گه‌ڵ ئێسمێرالدا، كچه جوانه قه‌ره‌جه‌كه سه‌مایی ده‌كرد، چۆن بۆ دڵته‌نگییه‌كانی كواسیمۆدۆ دڵته‌نگ ده‌بوو و چۆن به شیرن كارییه‌كانی بزن و هاوڕێ خه‌یاڵییه‌كان پێده‌كه‌نیی. سانا به درێژایی فیلمه‌که له شه‌قامه‌كانی پاریس ده‌خوولاوه و قورسایی خه‌می و شادی دونیایه‌كی بۆت ساز كردبووین له سه‌ر شانه‌كانی ئه‌وه بوو.

ده‌زانی له چی ده‌ترسم؟ ده‌ترسم سانا و ساناكان به دیتن و بیستنی چیرۆكه‌كانی تۆ باوه‌ر بكه‌ن هه‌موو چیرۆكێك به خۆشی ته‌واو ده‌بێت و هه‌موو ده‌گه‌ن به‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت! ده‌ترسم باوه‌ر بكه‌ن ته‌نیا دڵێكی پاك و هه‌ستێكی قوڵ به‌سه بۆ ئه‌وه‌یی نه‌یه‌ڵیت جوانییه‌كان بمرن. ده‌ترسم باوه‌ر بكه‌ن دنیایی گه‌وره‌كانیش وه‌ك دونیایی ئه‌فسووناوی خۆیان بێ‌گه‌رده. ده‌ترسم ....

نازانم بۆ ده‌بێت جیاوازییه‌كان ئه‌وه‌نده گه‌وره بن. نازانم بۆ كوڕه پشت چه‌ماوه‌كه‌ی تۆ له چنگ تاریكی ڕزگاری دێت و ده‌بێت به خۆشه‌ویستی میلله‌ته‌كه‌ی و كوڕه پشت چه‌ماوه‌كه‌ی ئێمه ده‌بێته گه‌پجاری عاڵم و هه‌تا هه‌تایه له تاریكی ته‌نیایی خۆیدا ده‌توێته‌وه. نازانم بۆ كۆزێتی تۆ توشی به ژان واڵژان ده‌بێت و دواتر گیرۆداویی ئه‌وینی كوڕێكی جوانی دڵپاك ده‌بێت و كۆزێته‌كانی ئێمه ده‌ست درێژیان پێده‌كرێت و سه‌ریان ده‌بردرێت و ... نا، ئیره‌یی به قاره‌مانه‌کانی تۆ نابه‌م، ته‌نیا ... بڕیا... چۆن بڵێم ... بڕیا چیرۆكه‌كانی سه‌رده‌میی ئێمه‌ش ئاوا كۆتایی هاتبا!

ڕه‌نگه خۆت باشتر بزانی، ئێستا " فرۆلۆس"ه‌كان قۆڵیان بۆ بڕینی سه‌ری باوه‌ڕمان هه‌ڵماڵیوه و له سه‌ر ژیانی پشتكوڕه‌كانی سه‌رده‌می ئێمه، كه‌س فیلم ساز ناكات. ئیتر بۆ دینتی "كۆزێت" ه‌كان، كه‌س لاپه‌ره‌كانی كتێبه كۆنه‌كان هه‌ڵناداته‌وه. شه‌قامه‌كانی شار پڕن له دایكی كۆزێت، "ژان واڵژان"ه‌كان لێره و له‌وێ خۆیان مات كردووه بۆ دزینی له‌تێك نان یان فرۆشتنی ئه‌ندامێكی له‌شیان ... "ژوار" تا بڵێی زۆره ... ئه‌وه‌نده زۆر كه ئیتر كه‌س له بوونیان سه‌ری سوڕ نامێنێت.

كورتی كه‌مه‌وه، ده‌مویست داوات لێبكه‌م بێی سه‌ردانێكمان بكه‌یی. به‌ڵام ... نا، ئه‌و شوێنه‌یی خۆت شتێكی هه‌یه له لای ئێمه وه‌چنگ ناكه‌وێت!

قه‌رار نه‌‌بوو ئاوا زۆر بنووسم ... باقی قسه‌کانم ڕاده‌گرم بۆ كاتێ یه‌كمان دیت!




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------