January 31, 2004
.: ده‌زانی، حه‌زم ده‌كرد ئێستا له لایی ده‌ریاچه‌یه‌ك بام، له‌وانه‌ی ئاوه‌كه‌یی سه‌وز ده‌نوێنێت. سه‌وز سه‌وز. ده‌مه‌و كازێوه بێت، سه‌مای تیشكی خۆری به‌یانی له سه‌ر ئاو، له داوم خات. شنه‌یه‌كی فێنك په‌نجه بخاته ناو قژمه‌وه و كایه‌یی پێ‌بكات. منیش داوێنی كراسه‌كه‌م هه‌ڵكێشم و په‌نجه‌ی پێم بخه‌مه ناو ئاو و فێنكایی بڕژێته ناو ده‌ماره‌كانمه‌وه. مچوركێك به له‌شما بێت و تۆ له‌وێ بیت تا له پشته‌وه‌را له ئامێزم بگری و بۆن به قژمه‌وه بكه‌یی و نه‌رمه‌ی گوێم ماچ كه‌یی و بڵێی: من لێره‌م. هاتووم تا بمێنمه‌وه! حه‌زم ده‌كرد ئێستا دووشه‌ممه با. لای ساعه‌ت یه‌كی پاش نیمه‌ڕۆ. من بێمه‌وه و تۆ ئاخر هه‌واڵه‌كانی شه‌ڕیی عێراقم بۆ بگێرییه‌وه ... هه‌روا كه قسه ده‌كه‌یی، من ترس وه‌لانێم، له ئامێزت بگرم، نه‌رمه‌ی گوێت ماچ كه‌م و هه‌روا كه له بۆنی سنگتدا ده‌توێمه پێت بڵێم : مه‌ڕۆ، بمێنه‌وه! و ئیتر نه من بترسێم و نه تۆ ماندوو بیت و نه ژیان وه‌ك خۆیی بمێنێته‌وه .... *** ده‌ڵێت: خه‌ته‌كانت زۆر تێكه‌ڵن! ئه‌وه خه‌تی ته‌مه‌ن، ئه‌وه‌یان پاره، ئه‌و خه‌ته یانی جاروبار شێتی. بێسه، لێره، ئه‌و خه‌ته یانی كه‌مێك عه‌قل له لات په‌یدا ده‌بێت! هه‌ر ئه‌وه‌یه لێت ناگه‌رێت ... ئاخ ، له‌عه‌نه‌ت له عه‌قڵ. بۆچیمه! بزانه هیچ خه‌تێك پێت نالێت چۆن له چنگ ئه‌و تۆزه عه‌قڵه ڕزگار ده‌بم ...؟! ڕه‌سم وایه بۆ خوێندنه‌وه‌ی چاره‌نووس چاو له به‌ری ده‌ست ده‌كه‌ن. كه‌س كاری به پشتی ده‌ست نه‌داوه. نه‌مبیستووه كه‌سێك بڵێت باچاوێك له پشت ده‌ستت بكه‌م بزانم ... چاره‌نووس له به‌ری ده‌ست ده‌نووسرێت. بـــــــۆ؟ نازانم! كه‌س ده‌زانێت؟ كه‌س كاری به پشتی ده‌ست نییه، مه‌گه‌ر ئه‌و كاتانه‌یی ده‌یانه‌وێت داغت كه‌ن! كه‌م كه‌س هه‌یه پێیان نه‌گوت بێت: با بگه‌ینه‌وه ماڵێ، پشتی ده‌ستت دا‌غ ده‌كه‌م بۆ حه‌وت پشتت عاقڵ بیت!!! به قسه‌یی من ئه‌گه‌ر بێت، پشتی ده‌ست بۆ ماچ كردن داندراوه. بێ هیچ خه‌ت و نیشانێك بۆ خوێندنه‌وه‌ی چاره‌نووس. پشتی ده‌ست داندراوه بۆ ماچ كردن. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بۆنی مێخه‌كی لێ بێت! ئاخ ... له‌عه‌نه‌ت له مردن، كه منی له بۆنی ده‌ستت، له ماچی پشت ده‌ستت بێ‌به‌ش كرد! ده‌ڵێت: ئه‌وه خه‌تی ژیانته. ورده‌و، ئا لێره‌دا كۆتایی دێت... لێی ده‌پرسم: ژیانی من له كوێرا ده‌ستی پێ‌كرد؟ ده‌یبینی؟ به سه‌یره‌وه چاوم لێده‌كات، وه‌ك بڵێی بێ‌ماناترین پرسیاری لێ كرابێت، شان هه‌ڵده‌خاته‌وه، گرێیه‌ک داوێته ناوچاوانی، "ئه‌و ڕۆژه‌ی له دایك بوویی"، زۆر نابه‌دڵی وڵام ده‌داته‌وه. به ته‌وسه‌وه پێده‌كه‌نم. ها، نه‌تزانی. ئه‌و خه‌تانه هه‌موو درۆن. ژیانی من ... *** ئه‌رێ به‌ڕاست كه خه‌ونه ناخۆشه ئاڵۆزه‌كان وه‌راست ده‌گه‌رێن، مرۆڤه‌كان چی ده‌كه‌ن؟ من ئێستا چی بكه‌م؟ |