Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

January 14, 2004

یانزده‌ ساڵ ‌پێش له ڕۆژێكی ئاوا، فرۆكه‌‌یه‌ك له شارێكی ساردیی باكوری ئوروپا نیشته عه‌رز و من لێی دابه‌زیم. به‌فر ده‌باریی و زۆر سه‌یر سارد بوو. من پاڵتۆیه‌كی درێژی قاوه‌یم له به‌ردابوو و چاوه‌كانم له‌به‌ر بێ‌خه‌ویی و گریان سوور سوور بوون. كه هاتمه‌ده‌ر دوو كه‌س چاوه‌رێم بوون. یه‌كیان به‌‌ره‌و پیلم هات، له ئامێزی گرتم و به‌خێر هاتنی كردم. مچوركم پێدا هات، ئه‌له‌و مچوركه ناخۆشانه‌یی ئێشێك له خۆیان به‌جێ ده‌هێڵن، له‌و مچوركانه‌یی جێ پێیان ده‌مێنێته‌وه و ڕێ به هه‌ناسه‌ت ده‌گرن.

نێوه‌شه‌و بوو پێموایه، چاوم كه كرده‌وه و كه‌مێكی خایاند تا وه‌بیرم هاته‌وه له كوێم. هه‌ستام به ئاسپایی چوومه پێش په‌نجه‌ریی ژووره‌كه‌ و چاوم له ده‌رێ كرد، هێشتاش به‌فر ده‌باریی. نیوه‌شه‌ویی هه‌ینی بوو و له له‌وبه‌ریی شه‌قامه‌كه كچ و كوڕێك له ئامێزیی یه‌کدا ون ببوون و من دڵه‌خورپه‌یی وه‌م هه‌بوو كه‌سێك بیانبێنێت، پۆلیسێك، پاسدارێك بگاتێ و بیانگرێت... دیسان كه‌مێكی خایاند تا وه‌بیرم هاته‌وه لێره كه‌س به تاوانی ماچ و باوه‌ش و خۆشه‌ویستی وه‌به‌ر شه‌پان نادان. دیاره ئه‌وه ئه‌‌وكات بوو كه‌ پێموابوو لێره مڕۆڤه‌كان مافی یه‌كسانیان هه‌یه و ئازادن. ماوه‌یه‌كی گرت تا تێگه‌یشتم لێره‌ش هه‌ندێ له هه‌‌ندێكی‌تر یه‌كسانترن، ئازادترن!

یانزده ساڵ پێش، له ڕۆژێكی ئاوا، هێشتا ئاسه‌واریی تازه‌ بوونه‌وه‌یی ساڵ به دار و دیواریی شاره‌وه دیار بوو و هه‌موو شتێك بۆ من ئه‌وه‌نده تازه و نامۆ بوون كه گێژیان ده‌كردم. ئێستاش دوایی یانزده ساڵ نه‌متوانیوه ده‌گه‌ڵ بیری تازه بوونه‌وه‌یی ساڵ له جه‌‌نگه‌یی به‌فر و باران و سه‌رمایی كه‌لله ته‌زێن ڕابێم. ئه‌و كات وا بووم، كه‌چی ئێستا به‌هاریش كه دێت، بۆنی خاكه‌ڵێوه‌ش كه بێته خه‌ونم به خۆم ده‌لێم نا، هێشتا ماوێتی! ئه‌و به‌هاره‌ش هه‌و نه‌بوو ... ساڵ ‌تازه نابێته‌وه تا ... ساڵ تازه نابێته‌وه تا ئه‌و ڕۆژه‌یی خاكه سووتاوه‌‌كه‌یی من دوایی باران، به جێی بۆ كڕووز، بۆنی گڵی لێ بێت.

یانزده ساڵ‌ تێپه‌ڕیی و هه‌ندێ له نامۆییه‌كان كاڵ‌ بوونه‌ته‌وه، ڕۆژه‌كانی سه‌ره‌تا به عاده‌ته‌ سه‌یره‌کانی ئه‌و میلله‌ته پێده‌كه‌نیم و پێم سه‌یر بوو بۆ وه‌ک ئێمه ناكه‌ن، ئێستا عاده‌ته كۆنه‌كانی خۆمانم بۆ چۆته ژێر پرسیار و پێم سه‌یره بۆ وه‌ك ئه‌وان ناكه‌ین! زۆر شت لێره فێر بووم، كه‌م‌كه‌م بوون به عاده‌تی منیش. ورده ورده گۆڕدرام، هه‌ندێ شتی كۆنم - بێ‌ئه‌وه‌یی خۆم بزانم- له بیر كرد. هه‌ندێ له ترس و دڵه‌خورپه‌كان ون بوون. زۆر شتیش هه‌ن قه‌ت عاده‌تیان پێ ناكه‌م. نابن به من. یانزده ساڵ ‌تێپه‌ری و من، ئێستا نه "منی" جارانم و نه بووم به یه‌كێك له‌وان!

به‌ڵام یه‌ك شت هه‌ر وه‌ك خۆیه‌تی. ئێستا ده‌زانم فه‌رق ناكات چه‌ند ساڵه لێره‌ی، تۆ هه‌رغه‌ریبی! ‌فه‌رق ناكات زمانه‌كه‌یان چه‌نده فێر بوویی، چه‌نده وه‌ك ئه‌وان ده‌ژیت، وه‌ك ئه‌وان ده‌خۆیی، ده‌نوویی، تۆ هه‌ر غه‌ریبی لێره! زۆربه‌یی كات یه‌كه‌م پرسیار كه لێت ده‌كه‌ن وه‌بیرت دێننه‌وه كه تۆ له جێیه‌ك هه‌ڵقه‌‌ندراویی و هێشتا لێره ڕیشه‌ت دانه‌داوه‌ته‌وه و له‌وانه‌شه قه‌ت ڕیشه دانه‌كووتێوه!

یانزده ساڵ ‌تێپه‌ڕیوه. نازانم بۆ لێم ده‌پرسن خه‌ڵكی كوێم و نازانم بۆ تا ده‌ڵێم كوردم به سه‌یره‌وه چاوم لێده‌كه‌ن، برۆیان هه‌ڵداوێن، هه‌ندێك دوو سێ هه‌نگاو ده‌كشێنه‌وه و هه‌ندێ ده‌لێن كوردستان؟ ژیان له‌وێ ده‌بێ زۆر ناخۆش بێت! ژن كوشتن ... و من نازانم بڵێم چی؟ بڵێم وایه؟ بڵێم وانییه؟ بڵێم كوردستان به‌هه‌شتێكه تا لێی دووری؟ بڵێم جه‌هه‌ننه‌مێكی سارد وسڕه؟ بڵێم دڵم بۆیی لێده‌دات و دڵیی وه‌م نییه بگه‌رێمه‌وه؟ بڵێم ژن ناكوژن؟ زۆری پێناچێ خۆم ده‌بیستمه‌وه باسی باشییه‌كانی كوردستان ده‌كه‌م، ئه‌و كوردستانه‌یی له‌مێژ ساڵه له خه‌یاڵی خۆمدا سازم كردووه، ئه‌و كوردستانه‌یی " ئاویی كه‌وسه‌ره و خاكیی گه‌ورهه‌ره ..."

ڕاستییه‌كه‌یی ئه‌وه‌یه‌: یانزده ساڵ‌ كه هیچ، دوایی سه‌د و یانزده ساڵیش " ڕوو له هه‌ر لایه‌ك بكه‌یی نامۆیه بۆت"، دڵته‌نگی كه‌س وكارتی، دڵته‌نگی هاورێكانت، دڵته‌نگی كۆڵان و شه‌قامه‌كانی شار كه پڕن له بۆنی بیره‌وه‌رییه‌كانت، دڵته‌نگی كۆڵانی سه‌رده‌میی منداڵیت، یه‌كه‌م جێ ژوان، یه‌كه‌م ‌دڵداریی، یه‌كه‌م دڵشكان ... پڕی له تاسه‌یی گه‌رانه‌وه تا ...

... تا وه‌بیرت دێته‌وه خۆ له‌وێ بۆت نه‌بوو خۆت بیت! وه‌بیرت دێته‌وه له‌وێ مرۆڤ، ژیان، خۆشه‌ویستی هیچ بایه‌خێكی نه‌بوو. وه‌بیرت دێته‌وه له‌وێ مرۆڤ هه‌رزانترین كاڵایه، وه‌بیرت دێته‌وه كۆتایی گۆشه‌یی چه‌پی لاپه‌ره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌كان - ئه‌گه‌رچی به كورتی- هه‌موو ڕۆژێ هه‌واڵی خۆكوشتن و ئاگر له خۆبه‌ردانی ژنان ده‌نووسن، وه‌بیرت دێته‌وه سه‌رپۆشێكیان به زۆر به سه‌ر دادابوویی و فێریان ده‌كردیی درۆ بكه‌یی، وه‌بیرت دێته‌وه ده‌بوویی به هه‌موو شتێ جگه له‌و شته‌یی ئاره‌زووی دڵی خۆت بوو! ئه‌وانه و زۆر شتی‌ترت وه‌بیر دێته‌وه و سه‌رت لێده‌شێوێت، هه‌ستی سه‌رلێشێواویی، ئاواره‌یی، ڕێ ون كردن، خۆ ون‌كردن پڕت ده‌كات، حه‌ز ده‌كه‌یی هه‌موو ئه‌و نامۆیی و سه‌رلێشێواوییه‌ بڕشێیه‌وه و هانا به‌رێوه بۆ هه‌ر هه‌مان شه‌قام و كۆلانانه‌یی هیچ بیره‌وه‌رییه‌كت لێیان نییه، هانا به‌رییه‌وه بۆ ته‌نیاییه‌كانت، خۆت ون كه‌یی له شارێكی قه‌ره‌باڵغ كه شاریی تۆ نییه!

یانزده ساڵ‌ تێپه‌ریی ...




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------