January 20, 2004
هیچ سه‌رنجت داوه كه بۆشایی دونیای ده‌ڕوون گه‌وره و گه‌ورتر ده‌بێته‌وه، هه‌رچی هێزی هه‌ته لێت ده‌دزێت؟! ده‌زانی، جارنا ده‌توانی هانا به‌رییه ئه‌م بۆشایه ده‌روونییه و تێدا ونبیت و خۆ له ئازاره‌كانی دونیایی ده‌ره‌وه حه‌شار بده‌یی! ماوه‌یه‌كه سه‌یر زۆر، هه‌ست به ژاكاویی ده‌كه‌م و له هه‌موو شتێك و هه‌موو كه‌سێك زۆر زوو ماندوو ده‌بم و په‌نا ده‌به‌مه‌وه غاری بێده‌نگییه‌كان و كه‌ڕ ده‌بمه‌وه! ئه‌و بۆشاییه، جارنا كه هه‌وره ڕه‌شه‌كان ده‌گه‌رێنه‌وه و ده‌گرمێنن، جارنا كه ته‌نیایی هێرش ده‌كات و گه‌مارۆت ده‌دات، جارنا كه تاسه‌ی بریای بوون تارمایی ده‌خاته سه‌ر ساته‌كان، ده‌بێت به باوه‌شێك تێیدا ون ده‌بیت و ترس و تاسه‌ت ده‌نێژیی. جارنا، تووشی خۆت ده‌بییه‌وه و خۆت وه‌بیر دێته‌وه! ئه‌و بۆشاییه، جاری وایه به‌ڵام، پڕه له به‌تاڵایی! پڕه له پووچی، پڕه له هیچ. زایه‌له‌یی ئه‌م به‌تاڵاییه ترسێنه‌ره! گێژت ده‌كات، لێت ده‌بێت به كۆڵانی سه‌رلێ‌شێواویی، له خۆت دوورت ده‌كاته‌وه. هێله‌نجت دێت له ژیانی "هه‌روا" پڕ له هیچ، له تێپه‌ر بوونی "هه‌روای" كات، ته‌مه‌ن، ژین. بێزاریت كه ناحه‌زییه‌كان ده‌بینیت و ناتوانی هیچ بكه‌یی، كه خۆشت ورده ورده ده‌بیت به ناحه‌زییه‌كان. ئیتر چی‌تر قوڵ نابییه‌وه، له خۆت، له ماناكان، له هه‌سته‌كان، له ویسته‌كان. وه‌ك بڵێی تۆ به سه‌ر داوێك ده‌زووی ناسك ناسكدا ده‌ڕۆیی و ژێر پێت دۆڵێكی قوڵ قوڵه ... ئه‌وه‌یی ئێشی زۆره، ئه‌و دوور بوونه‌وه له خۆت نییه، نا! نه‌بــــــــوونی عه‌رزێكی قورس و قایمه تا پێی له سه‌ردانێی! بۆشاییه‌كانی ژێر پێته! بڕوا بكه، ویسته كه مرۆڤ ڕاده‌گرێت، ویسته كه ده‌بێت به په‌تێك تا په‌نجه‌تی لێ قایم كه‌یی و نه‌كه‌وییه ناو ئه‌و دۆڵه قوڵ قوڵه‌یی ژێر پێت! ویسته كه ده‌بێت به بیانوویه‌ك بۆ بوون، بۆ مانه‌وه. كه ویست نه‌ما، له‌م بۆشاییه‌دا به‌ره‌ڵلا ده‌كرێیت و له ناو ئه‌و هه‌موو هیچ و به‌تاڵاییه‌دا له‌ت له‌ت ده‌بیت، نا... ده‌توێیه‌وه! **** جارنا بیر له‌و سه‌رده‌مه ده‌كه‌مه‌وه كه سه‌رده‌می تاقیكردنه‌وه بوو. ڕێگه‌كان ده‌رۆیشتی، به هیچ ده‌گه‌یشتی به‌ڵام بۆت نه‌بوو بگه‌ڕێیه‌وه، ده‌رفه‌تی هه‌ڵه كردنیان پێنه‌ده‌دایی! ته‌جره‌به، ئه‌زمون بۆ ئه‌وه‌یه ده‌رسێك بێت، شتێكی لێ فێر بین، كه‌چی له‌لای ئێمه ده‌با ده‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌کان ژیاباین. له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا گه‌وره ببووم كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ده‌روونیم ده‌گه‌ڵ، هه‌ست پێنه‌ده‌كرد. لێی دوور بووم، بێگانه بوو بۆم. ڕوانینی كۆمه‌ڵگه‌كه‌م له سه‌ر مرۆڤ، ژیان، خۆشه‌ویستی، به‌خته‌وه‌ریی، ئازادی تاك، كلیشه‌یی بوو، ئه‌و ڕوانینه كلیشه‌یه ئازاری ده‌دام. هیچ بزه‌یه‌ك، هیچ زه‌رده‌یه‌ك، هیچ ڕوانینێكی دۆستانه بێ‌مه‌به‌ست نه‌بوو. مامه‌له له سه‌رهه‌موو شتێك و به هه‌موو شتێك ده‌كرا، مرۆڤ هه‌رزان بوو، ویست مانایه‌كی نه‌بوو، به پاره هه‌موو شتێك ده‌كڕدرا. دڵم به په‌یوه‌ندییه‌كی بێ‌ڕه‌نگه‌وه بوو. په‌یوه‌ندییه‌كی ساكار، په‌یوه‌ندییه‌ك كه مامه‌له‌یی له سه‌ر نه‌كرێت... دڵم به دیتن و ناسینی مرۆڤێكی شێت و شور و ساكاره‌وه بوو كه بزه‌كه‌ی بێ‌مه‌به‌ست پێشكه‌ش بكات. دڵم به بوونی ڕه‌فێقێك، هاورێیه‌كه‌وه بوو كه له پشت په‌رده‌ی ڕوانینی سێبه‌ری قازانج و زه‌ره‌ر خۆ نه‌نوێنێت. هاورێیه‌ك كه منی به دوور له "حیسابات و كیتابات"، به دوور له هه‌ڵسه‌نگاندن، بێ‌فیلتێر كردن، به باشی و خراپیه‌كانمه‌وه، به جوانی و ناحه‌زییه‌كانمه‌وه، به تاڵییه‌كانمه‌وه، ببینێت، بیه‌وێت و لێم حاڵی بێت. مرۆڤێك له لایی، بوێرم خۆم بم. ڕێك ئه‌وكات كه من ئیتر دڵنیا بووم قه‌ت تووشی كه‌سی وا نابم، كـــــــوبـــــی هاته سه‌ر ڕێم. ژنێك كه بزه‌یی نا، خۆشه‌ویستی پێ‌بوو، ده‌متوانی له لایی، دڵته‌نگی بۆنی مێخك بم. هاورێیه‌ك كه توڕه ده‌بوو به‌ڵام پشتی تێ‌نه‌ده‌كردیی! تازه ئه‌و كات بوو وێرام بڕووخێم، به قه‌د تاسه و خه‌می دڵم بگریم و به قه‌د دڵته‌نگییه‌كانم بێ‌قه‌رار بم. ئه‌و كات بوو وێرام خۆم بم بێ‌ئه‌وه‌یی بترسم كه بروات و ون بێت. ساته خۆڵه‌مێشییه‌كان بوون به شین، بوون به سه‌وز، بوون به سوور، بوون به ناره‌نجی... و بیره‌وه‌ریی كۆڵێك ساتی كورت و ساكاریی خۆش و شیرن ورده ورده سێبه‌ری كه‌وه ڕۆژه‌كانی كاڵ كرده‌وه . كه‌م كه‌م به‌شێكی ئه‌و ته‌له دڕكاوییه وا له ده‌وری خۆم كێشا بوو، لام دا. بڕیام دا مه‌تمانه بكه‌م، بڕیام دا ده‌رگا گاڵه دراوه‌كان یه‌كه یه‌كه بكه‌مه‌وه، بڕیارم دا ده‌نگم به‌ش كه‌م. بڕیارم دا له غاری ته‌نیاییه‌كانم بێمه ده‌ر و منیش ده‌گه‌ڵ كات تێپه‌ر بم. بریارم دا ترسی دۆینێ بنێژم ... **** بڕیــــــــــــارم‌دا به‌قه‌د بیــــــــــــــــــــــری خۆم بژیم! **** بــــــۆ هاتنی تـــــــــــــۆ به‌ڵام یان زوو بـوو یان تـــــــۆ بۆ ڕۆیشتن په‌له‌ت كرد، نازانم! من هێشتا ماندوو بووم. من هێشتا جارنا ده‌با دانیشتبام، پشوویه‌كم دابا، من هێشتا ده‌با وه‌بیر خۆم هێناباوه خه‌ونه ناخۆشه‌كان ناگه‌رێنه‌وه و من بێ‌ترس ده‌توانم چاوله سه‌ر یه‌ك دابنێم. برینه‌كان كۆن بوون، به‌ڵام هێشتا سارێژ نه‌ببوونه‌وه! من هێشتا ده‌با وه‌بیر خۆم هێناباوه تۆ خه‌ون نیت و ون نابیت. پێشتریش بۆم باس كردوویی، تــــــــــــۆ بۆ من له‌وانه‌یی كه دیتن یان نه‌دیتنت، هیچ له باری خۆشه‌ویستیت له دڵما كه‌م ناكاته‌وه. تۆ هه‌یی، تۆ ده‌بیت و من قه‌ت، هیچ هه‌ولێك ناده‌م ئه‌م هه‌سته له‌ناو به‌رم. به‌ڵام بۆ دڵنیا كردنی تۆ، بۆ دڵنیا مانه‌وه‌یی تۆ له‌وه‌ی كه من ئیتر هه‌وڵ ناده‌م ئه‌و دیواره شووشه‌یی سازت كردووه بشكێنم، ناچار هه‌ندێ له گرێكانم كرده‌وه تا تـــــۆ هه‌ست به ئازادی بكه‌یی. ناخۆش ئه‌وه‌یه كه تۆ پێت وایه ئه‌و شتانه بوون كه منیان به تۆ گرێ داوه، ناخۆش ئه‌وه‌یه كه تۆ پێت وایه به نه‌مانی ئه‌و شتانه جێ پێی په‌نجه‌كانت له سه‌ر ڕۆح و گیان و دڵم ده‌سڕدرێته‌وه. ناخۆش ئه‌وه‌یه كه تۆ پێت وایه ده‌ستی من گه‌رمایی په‌نجه‌كانی تۆ له بیر ده‌كات. ناخۆش ئه‌وه‌یه كه تۆ پێت وایه "یــــــادی تـــۆ" كه ئیتر بووه به به‌شێك له من، له خۆم، من به جێ دێڵێت. ناخۆش ئه‌وه‌یه كه تۆ چاوت قووچاند، كه تۆ نه‌تبیست. نــــــــــاخۆشترین شت ئه‌وه‌یه كه تۆ پێت وایه من ده‌توانم بـــــــــــــــــــێ‌تـــــــــۆ بم ... **** شته‌كان وه‌ك بڵێی سه‌رله نوێ دووپات ببنه‌وه، دیسان پڕم له هه‌ستێك كه پێشتریش داگیری كردووم. هه‌ستی نامۆیی! هه‌ستی به‌ڕه‌ڵلا بوون له بۆشاییه‌كی ڕ‌ه‌ش. له ڕه‌شاییه‌كی به‌تاڵ! هه‌ستی بێ‌ڕیشه بوون، نه‌بوونی ویست، تا بۆت ببێت به په‌تێك چنگی لێ قایم كه‌یی، تا نه‌كه‌ویه ناو دۆڵه به‌سامه‌كه‌ی ژێر پێت. له‌و بۆشاییه ڕه‌شه‌دا ده‌ستت به هیچ كوێ گیر نابێت، به‌ره‌و هیچ كوێ ڕێ ده‌ر ناكه‌یی. ورده ورده دڵه‌كوته ده‌تگرێت، دواتر بێ‌قه‌راری، په‌شۆكاوی. هه‌موو مرۆڤێك دره‌نگ یا زوو، لانی كه‌م جارێك ئه‌وه ته‌جره‌به ده‌كات. باش یان خراپ، چاره‌كه‌یی ته‌نیا به‌ده‌ست خۆمه، باش ده‌زانم. كه‌س ناتوانێ هیچ بكات تا ئه‌و تاوله‌رزه كه‌م بێته‌وه. هیچ عیلاجێكی نییه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه بۆ ماوه‌یه‌ك خۆم له بۆشاییه‌كه‌ی ده‌روونم ڕزگار بكه‌م، كه‌مێك له خۆم دوور ببمه‌وه و هێدی هێدی بگه‌رێمه‌وه ناو خۆم، قوڵ ببمه‌وه له ماناكان، خۆم له شه‌پۆله بچووكه‌كان بپارێزم و تا ماوه‌یه‌ك خۆم بسپێرمه شه‌پۆله گه‌وره به‌هێزه‌كان تا ده‌گه‌ل خۆیان بمبه‌ن. عیلاجێكی نییه ئه‌وه نه‌بێت بۆشاییه‌كه‌ی ده‌روونم ئه‌وه‌نده بچووك بێته‌وه كه ئیتر دنیای ده‌ره‌وه‌م هه‌ڵنه‌لووشێت! **** له بیرته جارێك بۆم نووسیی: "چاوه‌ڕوان بوونم پێخۆش نییه، قه‌تم پێخۆش نه‌بووه. ئه‌وه‌ی كه هه‌ر چاوه‌ڕوان بیت و نه‌زانی كه‌ی ده‌ست پێده‌كات، یا نا، هه‌ر نه‌زانی كه‌ی ته‌واو ده‌بێت. ئه‌وه‌ی كه چاوه‌ڕوانی بیستنی شتێك بیت و نه‌یبیستی. ئه‌وه‌ی كه ده‌رفه‌ته‌كان یه‌كه یه‌كه به به‌ر چاوتا تێده‌په‌ڕن و دیسان باره دڵێك قسه‌ی نه‌گوتراوت پێ بمێنێت. چاوه‌ڕوانی خۆش نییه، قه‌تم پێخۆش نه‌بووه . جۆرێك وه‌ك بڵێی كات وه‌ستابێت ، هه‌ڕ وه‌ك، ڕۆژه‌كان سێبه‌ری یه‌كترین بن و دووپات ببنه‌وه، ئه‌مڕۆ و دۆینێ ، ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕۆژانه‌ی هێشتا نه‌هاتوون، ده‌بن به یه‌ك. ڕه‌نگه‌كانیش له شێوه‌ی خۆیان دوور ده‌بنه‌وه. خه‌یاڵێكت ده‌گه‌ڵ داهه‌یه و كه‌چی هه‌ر ته‌نیایی. چاوه‌ڕوان بوونم پێخۆش نییه، قه‌تم پێخۆش نه‌بووه، به‌ڵام چاه‌ڕوان نه‌بوون ناخۆشتره، زۆر ناخۆشتر !!" حـــــه‌ز ده‌كه‌م ئه‌و قسه‌یه‌م ئـــــــاوا ڕاست كه‌مه‌وه: چاوه‌ڕێ بوون سه‌خته! به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر دڵنیایی به‌دواوه نه‌بێت! ئه‌گه‌ر دڵنیات نه‌كات كه: " ناگه‌رێمه‌وه"، هه‌میشه پێت واده‌بێت كه به‌رێوه‌یه. خۆی ده‌زانێت كه ڕۆیشتووه و ناگه‌رێته‌وه، كه‌چی لێده‌گه‌ڕێت وڵامی ئه‌و پرسیاره كه "ده‌گه‌رێیه‌وه؟" هه‌ر به بۆشایی بمێنێته‌وه و لێ ده‌گه‌رێت هه‌روا چاوه‌ڕێی بیت. كه ئه‌و دڵنیایه‌ی نه‌دا، كه له نه‌هاتنه‌وه‌ی خۆی دڵنیات نه‌كات، چیرۆكی چاوه‌رێ بوونی تۆش قه‌ت كۆتایی نایه‌ت و ئه‌و له بێ‌كۆتاییدا چاوه‌رێ بوونه، یانی ورده ورده توانه‌وه، یانی رێ ون كردن له ناو به‌رزه‌خدا. ده‌زانی ... بریا هیچ مرۆڤێك ئه‌وه ته‌نانه‌ت بۆ دوژمنیشی به ئاوات نه‌خوازێت!. **** ئه‌وه‌ش ته‌نیا و ته‌نیا بۆ دڵنیاكردنی تـــــــــــــــــــۆیــه : " ئه‌گه‌ر ڕۆژێك لێت توڕه بووم، ئه‌گه‌ر ڕۆژێك بڕیارم‌دا جێت بهێڵم، دڵته‌نگ مه‌بـــــــــه، خه‌مت نه‌بێ، ڕێگام له باوه‌شی تۆڕا ده‌ست پێده‌كاو له‌به‌ر ده‌رگا كۆتایی دێ! " په‌شێو-1977 |