Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

February 17, 2004

ئێـــــــــــــمه و ئـــــــــــــه‌وان:

چه‌ند ساڵ پێش كه شێعره‌كه‌ی مامۆستا په‌شێو به ناوی "ده‌فته‌ری سوور"م، خوێنده‌وه، جۆرێكی‌ترم ده‌روانیه سه‌رده‌می خۆمان و - نازانم بۆ- زۆر گه‌شبینتر بووم و پێموابوو زۆری نه‌ماوه شته‌كان بگۆڕدرێن. چه‌ند ساڵ تێپه‌ڕیوه. له گۆشه و كه‌ناری دونیا منداڵ و گه‌وره ده‌ستدرێژیان پێده‌كرێت، به‌ڵام له به‌شێكی ئه‌و دونیایه ئه‌م ده‌ستدرێژییانه له ژێر ناوی یاسادا ڕووده‌دا بۆیه كه‌س ناتوانێت یان ناوێرێت ده‌نگی ده‌ربێت. یان زۆركه‌سیش به ده‌ستدرێژی نازانێ بۆیه هه‌ر خه‌می لێ ناخوات. كه‌س باسی ئه‌م كچۆلانه‌ ناكات له ته‌مه‌نی 13 ساڵی به مێرد ده‌درێن و له پانزده ساڵی دوو منداڵیان هه‌یه. كه‌س به ده‌ستدرێژی پیاوێكی 48 ساڵه به كچێكی 12 ساڵه -چونكه پاره‌یی پێداوه- سه‌ری سوڕ نامێنێت. زۆرمان كه‌م تا زۆر ئه‌و كڵاوه شه‌رعیمان چۆته سه‌ر و بۆ لابردنیشی زۆرمان خۆ ماندوو نه‌كردووه. كه ئه‌مڕۆ له City دا، خوێندمه‌وه جه‌ماعه‌ت داوا له ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن یاسایه‌ك په‌سه‌ند بكات كه ئیتر كه‌س ئیزنی نه‌بێت ده‌ست درێژی به "ئاژه‌ڵ" بكات، چونكه ئازاری له‌شی و ده‌روونییان پێده‌گات، دیسان وه‌بیر شێعری ده‌فته‌ری سووری مامۆستا په‌شێو كه‌وتمه‌وه ...

*****
له ناو مێترۆدا زۆر شت ده‌بینی و ده‌بیستی كه به ده‌ست خۆت نییه، خه‌مبارت ده‌كات. ئه‌مڕۆش ماندوو ماندوو نوقمی دونیای خه‌یالاتی خۆم بووم كه دایك و ‌كوڕێكی حه‌وت، هه‌شت ساڵه‌ سه‌ر‌نجیان ڕاكێشام. كوڕكه داوای مۆبایله‌كه‌ی دایكی كرد، ته‌نیا یه‌كجار وتیی:"مۆبایله‌که‌تم ده‌یه، كایه‌ی Snack ده‌كه‌م"، دایكی گوتی:‌ بێده‌نگبه ‌حه‌یوان!!!

****
چه‌ند ڕۆژ پێش نامه‌یه‌كی ئیداریم بۆ هات. خوێندمه‌وه و دیم چه‌ند ڕۆژێكم كات هه‌یه جێ به جێی بكه‌م، ئه‌مڕۆ كه هاتمه‌وه دیم له هه‌مان شوێن نامه‌یه‌كی‌تر هاتووه و له چه‌ند دێردا داوای لێبـــــوردنیان كردووه چونكه نامه‌كه‌ی پێش چه‌ند هه‌ڵه‌ی چاپی تێدا بووه و به‌ڵێنی ده‌ده‌ن له داهاتوودا زۆرتر سه‌ر‌نج بده‌ن و دووپاتی نه‌كه‌نه‌وه. جارێكی‌تر چاوم له نامه‌ی یه‌كه‌م كردووه و ده‌گه‌ڵ ‌نامه‌ی دووهه‌م به‌رئاوردم كرد، ته‌‌نیا سێ وشه له یه‌ك دوو شوێن كاتی تایپ كردن به‌یه‌كه‌وه پلكابوون و هیچی‌تر!!! بیرم چوو بۆ ڕۆژنامه‌کان و گۆڤاره‌کان و نامه و نامیلكه‌ سیاسییه‌كانی لای خۆمان و ...

***
ئه‌مڕۆ چووم بۆ شوێنێك كه قه‌راره جگه له زمانی سۆئیدی به زۆربه‌ی زمانه‌کانی‌تر كتێب و سی‌دی و كاسێتیان هه‌بێت. له سه‌ره‌تایی سالۆنی یه‌كه‌م كه ده‌چییه ژوور، ده‌ستی چه‌پ تا كۆتایی ساڵۆنه‌كه هه‌مووی كتێب به زمانی فارسی بوو، وله كۆتایی ساڵۆنه‌که، به لاقه‌دی دیوارێكه‌وه كه‌مێك كتێبی كوردی - سۆرانی ، كورمانجی- هه‌بوو. له ناو ئه‌و كتێبانه‌ش زۆربه‌ی هه‌ره زۆری باسی نه‌ته‌وه و سیاسه‌ت و شێعر بوو، ڕۆمان و چیرۆك یه‌ك دوو دانه به چاپێكی نه زۆر باشی چه‌ند ساڵ پێشی باشووری كوردستان. ناوی نووسه‌ره‌كانیش، زۆربه‌یان هه‌ژار و زامدار و دڵ به‌خوێن و فرمێسك و ئاواره و ... یان مه‌ڵا ...! كتێبێكم دیت به ناوی "كه‌ڵه ئه‌دیبانی دونیا"، و ئه‌مڕۆ زانیم به قامكی forefinger, index finger، ده‌ڵێن قامكی "ئه‌شه‌د". ناوێكی زۆر خۆش نییه‌!

****
وه‌ك شتێك دڵته‌نـــــــــــگی تۆ نیم، له‌و هه‌سته كه تــــــۆ باوه‌ڕێكی درۆ بوویی دڵته‌نــــــــــگم!
تۆش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی تێده‌گه‌یی ... هه‌ر ئه‌وه‌نده تێگه‌یشتنه‌ی تۆش به‌هانه‌یه‌كی باشه بۆ من تا كه‌وانه‌كان داخه‌م!




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------