Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

February 21, 2004

ئاخر چله‌مه‌شكێنه‌ی من و شاشا له ته‌ورێز بوو. قه‌رار بوو ئه‌وه‌ی ده‌یدۆڕێنێت هه‌رچی پێی ده‌لێن بیكات! من دۆڕاندم. ئێواره كه چووینه ده‌ر، له پێش ده‌رگا وتی: چاو بقوچێنه! قوچاندم. وتی وه‌رێكه‌وه. چاوم كرده‌وه و وه‌رێكه‌وتم. وتی نا، چاو بقوچێنه و وه‌رێكه‌وه و تا ده‌گه‌ینه ناو شار چاوت مه‌که‌وه. زۆر ده‌ترسام خۆم به دارودیوار داده‌م، ده‌ترسام له جۆگه‌له‌ قوڵه‌كانی قه‌راخ شه‌قام بكه‌وم، خۆ به خه‌ڵك داده‌م و ...! شاشا ده‌ستی گرتم وتی: شێته مه‌تمانه‌ت به من نییه مه‌گه‌ر؟ ڕاستیت ده‌وێت له سه‌ره‌تاوه زۆر سه‌خت بوو، هه‌ر به‌دزی، به گۆشه‌ی چاو، چاوم له پێش پێم ده‌كرد، تا ورده ورده وێرام باوه‌ڕیی پێ بكه‌م. هه‌ستێكی خۆش بوو ئه‌و مه‌تمانه كردنه. هه‌ستی دڵنیا بوون له‌‌ئه‌وه‌ی كه له‌په‌ناته و ده‌زانیی ده‌ستت به‌رنادات.

نازانم، ڕه‌نگه ئه‌وه هه‌ستێك بێت كه‌متر كه‌س بیری لێبكاته‌وه، ئه‌و هه‌سته كه حه‌ز بكه‌یی چاو له سه‌ریه‌ك دانێی و بێ‌ترس و دڵه‌كوته هه‌‌نگاو هه‌ڵگریت و بزانی ئه‌وه‌ی ده‌ستی گرتوویی، بێ‌تۆ ناڕوات و بزانیت نه له جۆگه‌له‌ی ده‌كه‌ویت و نه خۆ به دارودیوار داده‌‌ده‌یی. نه بریندار ده‌بیت و نه ئێشت پێد‌گات. هه‌ستی حه‌سانه‌وه. ته‌نیا بۆ ساتێك، یان هه‌ر بۆ چركه‌یه‌ك بیر له هیچ نه‌كردنه‌وه. هه‌ستی دڵنیابوون له‌‌مه كه كاتێ چاوت كرده‌وه هێشتا هه‌یه، هێشتا له‌وێیه‌!

ئه‌و دڵنیا بوونه، ئه‌و مه‌تمانه كردنه‌یه كه من ده‌مێكه هه‌ست به نه‌بوونیان ده‌كه‌م!

***
كۆشكێك بۆ خۆت ساز ده‌كه‌یی، كۆشكێكی خه‌‌یاڵی. قه‌ڵایه‌ك، كه پێت وایه ده‌تپارێزێت له هه‌موو نه‌هاته‌كان، له هه‌موو چنگه تیژه‌ ژاراوییه‌كان ... گیرۆداویی خه‌‌یاڵێك ده‌بیت، لێت ده‌بێت به ژیان، ساته‌كانت پڕ ده‌كاته‌وه. ده‌بێت به گرنگترین به‌شی ژیانت ... له ناكاو، زۆر له ناكاو، پێلێك دێت و هه‌موو شتێك تێك ده‌ڕووخێت. ده‌بینت هه‌موو ئه‌و كۆشك و قه‌ڵایه‌ت له سه‌ر لم ساز كردبوو و نه‌رمه شه‌پۆلێك به‌س بوو بۆ تێكڕووخانیان. ته‌نیا شتێكی بۆت ده‌مێنێته‌وه سێبه‌ری بیرێكه كه لێت ده‌بێت به خۆره و له ده‌روونه‌وه ده‌تخوا!

***
نوقمی ساته‌كان ده‌بم، ئه‌و ساتانه‌ی خۆشمده‌وێن و ده‌گه‌ڵیان ده‌ژیم. "خۆم" جارنا جارێك به گوێما ده‌خوێنێت، كه هۆ كچه سه‌رشێته‌كه هۆشت بێت، ئه‌وانه، ئه‌و ساتانه هین تۆ نین، بــــــۆ تــــــــۆ نین، گیرۆداویان مه‌به‌! تۆ هه‌ر ده‌بێت چاو لێبكه‌یی و تێپه‌ریی. ڕێبوارێك بـــــــــــوو ڕۆیی، تۆش رێبوارێكی ده‌بێت بڕۆیی! له بیرت بێت پێت خۆش بێت یا نا، بووین به بووكه شووشه‌ی ده‌ستی چاره‌نووس!

***
ئه‌و شه‌و و ڕۆژانه‌ی تێپه‌ڕین زۆر بێقه‌رار بووم. خه‌وه‌كانم كورت و خه‌ونه‌كانم هه‌مووی خۆڵه‌مێشی بوون. بێقه‌رارم و ئه‌و بێقه‌رارییه ئازارم ده‌دات، ده‌مترسێنێت. جۆره بێقه‌رارییه‌ك كه نازانم له جنسی چییه، له كوێرا دێت و كه‌ی و چۆن ته‌واو ده‌بێت! جاران باشترێك بوو، خوێندنه‌وه‌یه‌ك، پیاسه‌كردنێك، چوونه‌ ده‌رێ ده‌گه‌ڵ ‌هاورێیان ئارامی‌ ده‌كردمه‌وه، جاران شه‌و كه داده‌هات وه‌ک بڵێی ترس و دڵه‌كوته‌كانی منیش له ناو تاریكیدا ڕێیان ون ده‌كرد، ئێستا به‌ڵام شه‌و كه دادێت بێقه‌رارتر ده‌بم، هه‌رچی هه‌وری ڕه‌شی ئاسمانی شاره دێنه ناو دڵی من و ده‌گرمێنن. شه‌وانه تا دره‌نگ، گوێ ده‌ده‌مه ده‌نگی جوان حاجو، هه‌ر گوێ ده‌ده‌مێ، گوێ ده‌ده‌مێ ... تا ورده ورده منیش ون ده‌بم ...

***
بریا ئه‌م ژانه سه‌رم له كۆڵ ده‌بووه ... بریا ئه‌و سێبه‌ره ڕه‌شانه ون ده‌بوون ... بریا خه‌ونه‌ قژ سه‌وزه‌كانم ده‌گه‌رانه‌وه. بریا ئیتر كه‌س پێم نه‌ڵێت "جێ پێی دوو دڵۆپ فرمێسكی قه‌تیس ماو، به سه‌ر برژانگه‌كانته‌وه دیاره"... بریا كه‌س ڕه‌نگی چاوه‌روانی له چاوه‌كانما به‌دی نه‌ده‌كرد ... بریا گرێی ئه‌و گریانه قورگمی به‌رده‌دا ئه‌مشه‌و ...




www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------